riklam

دەستپێشخەرییەك

بیروڕا 12:29 PM - 2021-03-24
.

.

دەستپێشخەرییەك بۆ هەڵبژاردنی  رۆژی نیشتمانیی كوردستان

ووڵاتان وگەلانی جیهان لە ساڵێكدا بەرۆژێكی تایبەتمەندەوە ئاهەنگ سازدەكەن و بە رۆژی نیشتمانیی ناوزەندی دەكەن. سەبارەت بە كورد بەهۆی زۆر هۆكارەوە نەیانتوانیوە رۆژێك هەڵبژێرن و بە رۆژی نیشتمانیی كوردستان ناوزەندی بكەن لەوانە؛ نەبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، رێكنەكەوتنی سەركردە سیاسییەكان لە هەڵبژاردنی رۆژێكدا، یان دركنەكردنیان بە گرنگێتییەكەی؛ بۆیە لەسەر بنەمای نیشتمانێتی پێشنیاری هەڵبژاردنی رۆژێك دەكەم بۆ ئەوەی ببێتە رۆژێكی نیشتمانیی كە خۆمان و نەوەكانی داهاتووی پاش خۆمان بێ گۆڕانكاری ئاهەنگی تێدا بگێڕین.  

بەگشتی رۆژی نیشتمانیی بەوە پێناسە دەكرێت؛ كە رۆژێكە ووڵاتان، سەربەخۆ یان ئازاد دەبن یاخود ئەو كاتەی گەلێك بە بۆنەیەكی تایبەتەوە ئاهەنگ دەگێڕێت  و هەستی شانازبوونی پێ دەبەخشێت. بۆ نموونە لە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا  ٤ ی تموز رۆژی نیشتمانییە 

، لەبەر ئەوەی رۆژی رزگاربونێتی؛ لە فەرەنسا  ١٤ تموزە، كە رۆژی هێرشكردنێتی بەسەر بەندیخانەی باستیل؛ لە ئیسپانیا ١٢ی ئۆكتۆبەرە، رۆژی گەیشتنی كریستوفر كولومبس بۆ ئەمریكا. هەروەها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهەمان شێوەیە بەشێوەیەك؛ ووڵاتان بە راگەیاندنی رۆژی نیشتمانییان ئاهەنگ دەگێڕن: بۆ نموونە لە توركیا ٢٩ ی ئۆكتۆبەر بە رۆژی نیشتمانیی راگەیەندرا و ئەوەش پاش راگەیاندنی سستمی كۆماری تیایدا. بەڵام لە عێراقدا رۆژی نیشتمانیی، رۆژی راگەیاندنی عێراق بوو  وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە ٣ ی ئۆكتۆبەری  ١٩٣٢؛ لە كاتێكدا ئەوە گۆڕا بە ١٤ی تموز پاش راگەیاندنی كۆماری لە ١٩٥٨دا ، و دواتر بۆ ١٧ ی تموز پاش زاڵبوونی حزبی بەعس بەسەر دەسەڵاتدا  لە ١٩٦٨. لە ساڵی ٢٠٢٠ حكومەتی عێراقی پێشنیارێكی بۆ پەرلەمان پێشكەش كرد بەوەی بەشێوەیەكی فەرمیی رۆژی ٣ ی ئۆكتۆبەر بكرێت بە رۆژێكی نیشتمانیی بۆ عێراق ، و ئەوەش لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا راگەیەنرا. 

لە ووتاری پێشوومدا كە لە  پەیجی خۆمدا بڵاومكردەوە لە رۆژی ٢٢ی مارس  بە ناوی (رمزیە الاحتفال بنوروز) باسم لەوە كرد كە نەورۆز جەژنێكی كوردیی نەتەوەیی نییە  بەهۆی ئاهەنگگێڕانی زۆرێك لە نەتەوەكانی دیكەی ئاسیا. ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت كە ئاهەنگی پێوە نەگێڕین، چونكە تا ئێستا بە یەكەم رۆژی بەهارو یەكەم رۆژی ساڵنامەی هەتاویی دادەنرێت و بۆتە كەلتورێكی جیهانی . بەڵام دەبێت جیاكەرەوە بكرێت لە نێوان ئەوەو ورۆژێكی نیشتمانیی بۆ كوردستان. وە لە رووی سیاسییەوە كوردستان خاوەن هەرێمێكی ڤیدڕاڵییە لە عێراق و هیچ هۆكارێكی یاسایی بەدیناكرێت بۆ بەرگرتن لە هەڵبژاردنی رۆژێكی نیشتمانیی بۆی. بەڵام دەبێت چ رۆژێكی بۆ هەڵبژێردرێت؟ چەندین پێوەر هەن بۆ هەڵبژاردنی ئەو رۆژە، لەوانە:

- روداوێكی گشتی بێت كە هەموو خەڵكی كوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین تیایدا بەشداربووبێت،

- روداوێكی مێژوویی بێت كە بەدرێژایی زەمەن كوڕان و كچانی كوردستان هەست بە شانازی بكەن،

- الهامبەخش بێت بە سەقامگیری ناوخۆیی و ئاشتی دەرەكیی.

لە ئازاری ١٩٩١ راپەڕینی گەلی كوردستان لە گشت شارەكانی كوردستان- عێراق رویداو بەهۆیەوە لە دەسەڵاتی سەدام حسێن رزگاری بوو. و بەروبوومەكەیشی هەڵبژاردنەكانی رۆژی ٢٢ ی مایس و پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەت بوو لە ٤ ی حوزیرانی ١٩٩٢ دا. لەو دوو بەروارەدا هەرسێ پێوەرە ناوبراوەكە لەپێشتردا باسی لێوە كراوە. بۆیە پێشنیار دەكەم كە گەلی كوردستان لە راپرسییەكی گشتیدا یەكێك لەو دوو رۆژە هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی ببێتە رۆژی نیشتمانیی كوردستان.

نووسینی.. د. سەڵاح عزیز

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە.. كنێر عەبدوڵڵا

PUKmedia تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket