riklam

ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆیی دەنگی گەلی کوردستان

بیروڕا 02:54 PM - 2021-03-22
.

.

رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان کە چل و دووساڵ پێش ئێستا لەسەردەمێکی دژوارو سەختداو  لەبەرواری 21-3-1979 دامەزراوە سەرەتا بەناوی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و دواتر مانگێکی تەواوی نەخایاند ناوەکەی گۆڕا بۆ دەنگی شۆڕشی عیراق و پاشان ساڵەکانی 1984-1985 گۆڕدرا بۆ دەنگی گەلی كوردستان ، بەرنامەكانی ئەوکاتی ئێزگە بەزمانی كوردی و بە هەردوو دیالێكتی كرمانجی ژوور و خواروو پەخش دەکرا جگە لەوەش بە بەردەوامی بەشێك لە بەرنامەکانی بەعەرەبی پەخش دەکرا ، هاوکات لە گەڵ ئەوەشدا هەندێک لەکاتەکانی  تەرخان کرابوو بۆ زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی و توركمانی و هەفتانەش بۆماوەی کاتژمێرێک بە زاراوەی هەورامی بەرنامەكانی پەخش دەکرا ، لەگرنگی و ئامانجەکانی ئەم ئێزگەیە بۆ ئەوکات و ئەوسەردەمە  تایبەتمەندی و ڕۆڵی گەورەی هەبوو هەروەک چۆن لەئێستاشدا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە بەڵام ئەوسەردەمە جیاوازتربوو

چوونکە ئەوکات گەلی کورد لەژێر هەڕەشەو زەبرو زەنگی ڕژێمی دیکتاتۆردابوو تەنانەت گوندو شاخ و دەرو دەشت و زەوی و خاکی کورد بەجۆرەها پلان و بەرنامەی دژە سروشت و دژەمرۆڤایەتی بە بەسوتاندنی خاکو زەوییەکەی و  ڕوخاندن و تەختکردنی گوندەکان و  قڕکردنی مرۆڤی بێتاوانی کورد تەنها بەمەبەستی توانەوەو سڕینەوەی ئاسەواری میللەتی کوردبوو کە بێگومان ئەوکات ئاسەواری بێهوای و شکست و توانەوەی شۆڕشی ئەیلول هێشتا لە زەهینی تاکی کوردا مابوویەوە ئەمە سەرەڕای ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هیوایەکی لەدڵی خەڵکی کوردستاندا دروستکردبوو بەڵام ئەم هیواو ئومێدەش دیسان پێویستی بە ناساندن و گەیاندن هەبوو ، هەربۆیە بەدامەزراندنی ئەم ئێزگەیە کەخۆی بەشێک بوو لەسیاسەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دواجارتوانی ببێتە پردی پەیوەندی نێوان ڕێخستنەکانی شار و پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکان و هێزێکی پۆڵاینی ورەبەخش بوو هەم بۆ پێشمەرگەو هەم بۆ ڕێکخستنەکانی شار کە ناسراوبوون بە سوپای ڕزگاری کوردستان (سرک) و هیوایەکیش بوو بۆتەواوی میللەتی کوردو بەتایبەت کوردانی باشور ، مێژوو ئەوەی سەلماندووە هیچ هێزێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەبێ بوونی ڕاگەیاندنێکی بەهێز و چالاک ناتوانێت تەواوی بەرنامەو پلانەکانی بگەیەنێتە دورترین جێگە و هەروەها ناتوانێت ئامانجەکانی  وەک ئەوەی کەهەیە دەست بخات یاخود فەراهەم بکات ، ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە کە ڕۆڵ و خزمەتی ئەم ئێزگەیە بەنادیدە نەگیرێت چوونکە  ئێزگە لەو سەردەمەدا گرنگیەکی مێژووی قۆناغەکەبوو کە ئەویش خۆی لەچەند ڕەهەندێکدا دەبینێتەوە هەریەک لەو ڕەهەندانەش یاخود ڕەهەندە سەرەکیەکانی بەکورتی ئاماژە پێدەدەین و گرنگیەکانی دەخەینەڕوو سەرەتا لە ڕەهەندەشۆڕشگێڕییەکەوە باس دەکەین کە بێگومان ئەم ئێزگەیە پشتیوان و هاوکاربوو بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆئەوەی بەردەوام ئاگاداری چالاکی و جموجوڵەکانی یەکتربن و لەکاتی ئەنجامدانی هەرچالاکیەک یاخود سەرکەوتنێک کەتۆمار دەکرا لەڕێگەی ئێزگەوە دەگوازرایەوەو هەموو  ئاگاداری ئەوسەرکەوتنە دەبوون و سەرئەنجام وزەو ورەی

 بەپێشمەرگە دەداو لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشییەک بوو بۆ ڕێخستن و شانە نهێنیەکان و تەواوی کوردپەروەران ، ڕەهەندێکی دیکەی گرنگی ئەم ئێزگەیە ئەوەبوو کە بۆچاوشکاندنی ڕژێمی دیکتاتۆر و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بوو لە دڵی سوپای ڕژێمی لەناوچوو ، دیسان ڕەهەندێکی تری ئەم ئێزگەیە ئەوەبوو بۆزیندووکردنەوەو پاراستنی زمان و کەلتوری کوردەواری بوو چوونکە مێژوو شاهیدە ڕژێمی ئەوکات هەوڵی سڕینەوەی ئاسەوارو زمان و لەناوبردنی کەلتوری کوردەواری دەدا ، خاڵێکی تر ڕۆڵی ئێزگە ئەوەبوو کە کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر هونەرو هوشیاری تاک و پەروەردەی خێزان و کۆمەڵگە ، دواین ڕۆڵی هەرەگرنگ و گەورەی ئەم ئێزگەیە ئەوەبوو کە لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ هاوشانی پێشمەرگە تێدەکۆشاو بە گەیاندنی کارو چالاکیەکانی پێشمەرگەو وتنەوەی سرودی نیشتیمانی جۆش و خرۆشی بە جەماوەربەخشی بوو هەربۆیە پێشمەرگەو جەماوەر هاوشانی یەک ڕاپەڕین بۆ ڕاماڵینی ڕژێمی داپڵۆسێنەری دیکتاتۆر، خاڵێکی تر کە گرنگە ئاماژەی بۆبکرێت ئەوەیە کە ڕژێمی بەعس هەمیشە لە هەوڵی لاوازکردن و نەهێشتنی ئەم ئێزگەیە بوو بەردەوام لەڕێگەی تەکنەلۆجیای پێشکەتووەوە جۆرەها ئامێری دژە کارپێکردنی ئێزگەی بەکاردەهێنا بەمەبەستی کپ کردنی ئەو دەنگە دلێر و ئازایە سەدان پلانی داڕشتبوو بەڵام هێشتا نەیتووانی بوو ئەو دەنگە کپ بکات ڕاستە هەندێکجار بۆماوەیەکی کاتی کێشەو گرفتی هونەری ودەنگی دروست دەبوو بەڵام ئەم ئێزگەیە هەربەردەوام بوو نەسرەوت تاکو دواجار سەرکەوت وئێستاشی لەگەڵدابێت بەردەوامە لە خزمەتکردن بە پلان و بەرنامەی نوێ و سەردەم و بەئامێری پێشکەتوو خزمەت دەکات ، ئەوەی ماوەتەوە لەکۆتایداو لەساڵیادی دامەزراندنی ئەو ئێزگەیەدا ئەوەیە کەبەردەوام بن لەخزمەت و پلان و بەرنامەکانتان لەگەڵ سیاسەتی ڕۆژ و دنیای پێشکەوتندا تەریب بێت و دواجار لەخزمەتی زمان و کەلتور و خاک و خەڵک و نیشتیماندابێت .

   عەتا تەها

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket