riklam

هەولێر.. کۆرۆنا خواستی لەسەر جلی کوردی کەمکردۆتەوە

هەمەرەنگ 04:38 PM - 2021-03-18
.

.

وەك نەریتێك ساڵانە لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی بەهار و هاتنی جەژنی نەورۆزی كوردان، بەشێكی زۆر لەخەڵكی كوردستان بۆ ئامادەكردنی پۆشاكی كوردی روو لە بازاڕەكانی و  بەرگدروان دەكەن، هەندێكجاریش لە بۆنەكانی  هاوسەرگیری و  فستیڤاڵە كەلتورییەكان ئاستی داواكاری لەسەر ئەو پۆشاكە زیاتردەبێت، كەچی وەك بەشێك لە  خاوەن دوكان و بەرگدوورانی پیاوان لە شاری هەولێر ئاماژەی بۆ دەكەن بۆ نەورۆزی  ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی خراپی ئابووری و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا خواست لەسەر پۆشاكی كوردی زۆركەمبۆتەوە.

حاجی  عوسمان  ئەحمەد ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵە خەریكی پیشەی بەرگدووری جلوبەرگی كوردی پیاوانەو تاكو ئێستا بەردەوامە، ئەو دەڵێت: ئەمساڵ  بەهۆی قەیران و ڤایرۆرسی كۆڕانا بازاڕی جلوبەرگی كوردی زۆر كزبووە، ئەمە لەكاتێكدا لەساڵانی پێشوو  فریای دوورین نەدەكەوتین.

وتیشی: بەهۆی كرانەوەی سنورەكان لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق، لە كاتی ئێستا رێژەیەكی زۆر لە قوماش لە وڵاتان هاوردە دەكرێت، بەتایبەتی جۆرەكانی  توركی و  ئیرانی و ئیتاڵی و چینی، بەڵام هیچ بەرهەمێكی قوماشی ناوخۆمان نیە، ئەویش بەهۆی نەبوونی كارگەی رستنوچنین، دوای ئەوەی كارگەكەی هەولێر داخرا.

ئەو بەرگدورە راشیگەیاند: لەكاتی ئێستا نرخی دوورینی رانكوجۆغەی ئاسایی پیاوان لە نێوان پەنجا هەزار تا سەدوپەنجا هەزار دینارە، ئەویش بەجۆری قوماش و  شێوازی دوورینەكە دەگۆڕێت، ئەو نرخانەش زۆر جیاوازە لەگەڵ ساڵانی حەفتاوهەشتاكان كە تەنیا بەچەند دینارێك پیاوان دەبوونە خاوەن جلوبەرگێكی كوردی.

thumbnail (1).jpg

وەستا خالید دزەیی ئەویش وەك خاوەن دوكانێكی كڕین و فرۆشتنی جلوبەرگی كوردی  بۆ PUKmedia وتی: ئەوەی زیاتر بازاڕی ئێمەی كزكردوە هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەوەیە بەتایبەتی لەوڵاتی ئیران كە بەنرخێكی زۆر كەم دەگاتە بازاڕەكانی هەولێر، پێشتریش  بازارگانان جلوبەرگی كوردیان لەوڵاتی چین هاوردە دەكرد، ئەمەش زیانێكی زۆری گەیاندۆتە ئەو پیشەیە، كە پێویستە ئاستێكی بۆ دابندرێ.

 لەبارەی داخوازی گەنجان و لاوان لەسەر بەرهەمی هاوردە وتی: گەنجان تەنانەت بەتەمەنەكانیش زیاتر داوای بەرهەمی ناوخۆ دەكەن، چونكە شێوازی دوورین و باشی قوماشەكەی وایكردوە  زیاتر بمێنێتەوە و جوانتر دەربكەوێت، لەگەڵ ئەوەش بەهۆی دۆخی ئابوری و خراپی گوزەرانی هەندێك لە چین و  توێژەكان  و هەرزانی نرخەكەی، بەناچاری بەرهەمی  جلوبەرگی كوردی دەكڕن كە لە ئیرانی و چینی بە ئامادەكراوی  هاوردە دەكرێن. 

ئەو پێشیوابوو: بازاڕی جلوبەرگی كوردی زیاتر لەوەرزی بەهار و جەژنی نەورۆز و  فیستیڤاڵە كەلتورییەكان و ئاهەنگی  هاوسەرگیری زیاتر دەبێت،  بەڵام كاتەكانی دیكە بەتایبەتی بۆ دانیشتوانی ناوشار  گەنجان زیاتر بە جلوبەرگی مەدەنی دەردەكەون، ئەویش بەهۆی هەرزانی نرخەكەی و دەوامی فەرمانگاكان كە زیاتر بەجلوبەرگی مەدەنیە و كەمتر جلی كوردی دەپۆشن.

ئەسكەندەر بەكر  خاوەنی دوكانی فرۆشتنی قوماشە لە هەولێر بۆ PUKmedia وتی: بازاڕی قوماش و جلوبەرگ بەگشتی  هاوشێوەی كاڵاكانی دیكەی  كەمبۆتنەوە و خەڵكی بەهۆی بێ موچەیی و نەمانی كاروكاسبی  كەمتر داوای دەكەن، هەربۆیە  بەرگدوران و  فرۆشیارانی جلوبەرگی كوردی بەهەمان شێوە كەمتر داوای قوماش لە ئێمە دەكەن، ئەمەش لەكاتێكدا لەساڵانی پێش قەیرانەكان خواست لەسەر پۆشاكی كوردی زۆر  بوو.

 ئەو وتیشی: لەبەر ئەوەی هیچ كارگەیەكی رستنوچنین  لەهەولێر نیە، ئێستا  قوماشەكانی جلوبەرگ لە وڵاتا هاوردە دەكرێن، نرخەكانیشی بەگوێرەی جۆرەكەی دەگۆڕێت،  هەندێك لە قوماشەكان  بەناوی كۆمپانیا بەناوبانگەكان دەفرۆشرێت بەتایبەتی جۆری رۆمانی كە ناوبانگی باشی هەیە، بەڵام دواتر دەردەكەوێت تەقلیدە و ئەو شێوەیە نیە كە پێشتر خەڵكی بۆ جلوبەرگ بەركاری دەهێنا.

PUKmedia تەها عەبدوڵڵا/هەولێر 

thumbnail (2).jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket