riklam

چیمان ئەكرد ئەگەر لە شوێنی كورد بوینایە؟

بیروڕا 01:13 PM - 2021-03-18
.

.

نوسینی: د.محەمەد ساڵح ئەلموسەوی

سەرچاوە: تویتەر : فەیسبوك

و: مەریوان عەلی محەمەد

ئێمەی عەرەب لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەو خەڵكانەین كە لە واقیعەوە دوورین، بۆنمونە:تەماشای ئێمەی عەرەب بكەن، شەست ساڵ لەمەوبەر، بەگرەنتیی كۆمەڵی نێودەڵەتی نیوەی فەلەستینیان داینێ، ڕازی نەبوین و  وتمان هەموومان ئەوێ، دواتر هەمویان لێبردین  و وا نیو سەدەیە خەریكی ئەنجامدانی كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبین و  لە نەتەوەیەكگرتوەكان ئەپارێینەوە بۆ ئەوەی نیوەكەی یەكەمان بۆ بگێرنەوە،سەرنج بدەن دواتر چی رویدا،كۆمەڵكوژییەكەی ئەیلول لە ئوردن،جەنگە وێرانكارییەكەی لوبنان،شكستەكەی حوزەیران، قودس لە رێی عەبادانەوە، ملیۆنان كوژراو و ملیۆنان بێدایك و باوك.

شكستمان هێنا لە دروستكردنی دەوڵەتێكی ئارام و سەقامگیر، هەتا ئێستاش لەبری ئەوەی ڕوو لەنێوماڵی خۆمان بكەین بۆ دۆزینەوەی هۆكاری شكستەكان، ڕوولە ئاسمان و دەرو دراوسێ و گەردوون دەكەین، هەتا كەی ئێمە وابین؟ هەتاكەی خۆمان لە راستییەكان نادیدەبگرین؟هەتا كەی خۆمان سەرقاڵبكەین بەدروستكردنی دوژمن؟.

پرسیارێك ئەكەم كە دووربێ لە سیاسیەت و نزیك بێ لە ویژدان، هەروەك داوا لە هەموو خاوەن ویژدانێك دەكەم بەر لەوڵامدانەوە، بەووردی بیربكاتەوە كە وەكو عەرەبێك پێچەوانەی ئەوانەی باسی ئەكەم وەربگرێت، وا هەست و نیگا بكا كە عەرەب لە عیراقدا نەتەوەی دووەمەو كورد نەتەوەی یەكەمە، وەها هەست و نیگا بكا كە كورد (180) سەدو هەشتا هەزار عەرەبی  بێتاوانی  لە حیلەو سەماوەو ڕومادی لەیەك رۆژدا زیندەبەچاڵ كردووە! وا هەست و نیگا بكا كە كورد قەزای شرگاتی كیمیاباران كردووە! ئایا كاردانەوەكانی عەرەب بەرامبەر ئەو كردەوانە چی و چۆن دەبن؟

با وەڵامەكەی بۆ كەسانی ویژدان زیندوو جێبهێلێن و ڕوولەو واقیعە بكەین كە لەئێستادا دەگوزەرێ، عیراق وەكو دەوڵەت هەرەسی هێناوەو بەهەزاران درندەی عەرەب و موسڵمان لە شیشانیی، سعودیی ، فەلەستینیی ، یەمەنیی،سوریی ، تونسیی ، جەزائیریی ، مەغریبیی ، میسریی ، ئوردنیی ، لیبیی وسودانیی و ئەفغانی و عەرەبی سونەوشیعەی عیراقی  هاتنەنێوعیراق،لەو نێوەندەدا چەندكەس لەوانەی هاتنە ناو عیراق و خۆیان تەقاندەوە كورد بوون؟ كە لەكاتێكداعیراق  بەدرێژایی چل ساڵدا لە جەنگی ناوخۆییدابوو لەدژی نەتەوەی  كورد، هەروەك لەو دۆخەی عیراقدا، بەهەزاران هاوڵاتی كورد لە بەغداو شارەكانی دیكە نیشتەجێ بوون، ئایا تەقینەوەیەكمان بینی لە ناوچەكانی سەدر و كەڕرادە ئەنجامبدرێ، ئایا كوشتن و رفاندنمان بینیی؟ یاخود بازاڕێكمان بینی كە گۆشتی مرۆڤ تێكەڵ بەگۆشتی مانگا و تەماتەو سێوببێ؟  بۆ وامانلێهاتووە پشت لەوەرگرتنی چێژ لەگۆڵی باخەكانمان بكەین و ڕوو لە دروستكردنی خاشاك بكەین،بۆ وامانلێهاتووە دەگەڕێین  بەدوای وێرانكارو تێكدەر،ئەم عەقڵییەتە مانای ئەوەنییە كە خۆمان بە بەردەوام دەكەوینە داوی ساویلكەیی خۆمان و توڕەبونەكەشمان هێندە خێڵەكیی و كۆچەرییە تەنانەت ئەگەر (هاها)شمان لێبكرێ تۆڵەدەكەینەوە.

نەوت وێرانی كردین، نەوت ژەهرخواردی كردین،نەوت كوشتنین، نەوت كاڵفامی كردین، نەوتمان بە زیادەوە هەیە، نەوتمان لە بەسرەوعیمارەوكوت و ناسریە هەیە، هەروەك سامانی بەپیتمان لەڕومادی و موسڵ و دیالە هەیە،كەچی سەرقاڵیان كردووین بە پرسی كوردستان،خۆمان هیلاك و شەتەك و بەجۆرێك هەڵوەشاندووە كە خۆمان بینی لەبەردەم كێشەیەكی جیاوازداین كە لەبنەڕەتدا هیچ بنەمایەكی نییە جگە لە دواكەوتویی  خۆمان نەبێ.

سونەو شیعە، چیمان دەستكەوت  لەپای بەردەوام بوونمان لەسەر پێداگریی لە دەستەواژەی( یەك نیشتمانیی)؟ كە لەكاتێكدا هیچ دەرفەت  رێگایەكمان نییە بۆ بونیاتنانی ، ئایا مایەی پێكەنین نییە بۆ ئێمەی عەرەب بۆ ئەوشێوازە بۆچونەی هەمانە بەرامبەر بە مەسەلەی كورد كە یەكناگرێتەوە  لەگەڵ خودی بۆئەوبۆچونەی خۆمان هەمانە بۆ پارێزگارییكردن لە مافی نەتەوەی عەرەب، ئایا نامۆنییە بۆ ئێمەی عەرەب؟ ئەو واقیعە حاڵە رەدبكەینەوە كە ئیسرائیل بەسەر فەلەستینیەكاندا سەپاندویەتی لە بە جووكردنی قودس و درستكردنی یەكەی نیشتەجێببون بۆ جولەكە لە سەرخاكی فەلەستین و گۆرینی باری دیمۆگرافیی ناوچەی فەلەستینیەكان، لەبەرامبەریشدا ئەو واقیعە حاڵە پیرۆزبكەین كە سەدام بەسەر كورددا سەپاندی و ئێمەش پابەند بین بە تەعەریبكردنی ناوچە كوردنیشینەكان؟ئایا نامۆنییە داوای مافی چارەی خۆنوسین و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ و خۆسەریی بۆ فەلەستینیەكان بكەین، بەڵاَم چونە نێوباسێك كە تەنیا گوزارشتیش بێ بۆمافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی كورد، حەرام و لەتاوانەگەورەكان بێ؟.

پرسیارێك ئاراستەی ئەو كەسانە دەكەم كە دژایەتی  ماددەی 140 و فیدراڵییەتیان كرد، بۆ دژایەتیان كرد؟ چ بەدیلێك هەیە؟ ئەو مەترسییە چییە كە ماددەی 140 دروستی دەكات كە لەكاتێكدا سەركردایەتی سیاسیی كورد پێیوایە جێبەجێكردنی ماددەی 140 و پابەندبوون بەدەستوور مكورتریان دەكات كە لەچوارچێوەی كۆماری عیراقی دیموكراتدا بمێننەوەو نەوتیش وەك سامانێكی نیشتمانیی بۆ هەمووان بێ، ئەگەر ئێمە قایل نەبین بەوەی عیراقی فیدراڵ بە بەشداری هەمووان بەرێوەبچێت، ئەوا دوو رێگە چارە هەن، یان بگەرێینەوەی بۆ بزێویی جەنگی كۆمەڵكوژیی كە دواتر هەمووان لەناودەبات، یان چارەسەری عەقلانیی و مۆدێرن هەڵبژێرین، ئەو چارەسەرەش لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە مل بدەین بەوەی كە كێشەی نەتەوەی كورد لەناوچەكەدا هەیە، ئێمەش بەو دەستپێشخەرییە چارسەرییە، بۆ هەتاهەتایە دڵی 40 ملیۆن هاوڵاتی كورد بۆلای خۆمان ڕادەكێشین.

كوردستان هەڵنایەت بۆ مەریخ، كوردستان بەگەلەكەیەوە لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە و پەنا بۆ ئیسرائیل نابەن چونكە هیچ شتێك بەیەكەیەوە نایانبەستێتەوە، نەجوگرافیا، نەئابووریی، نە مێژوو ، بەڵكوكوردستان بە ئێمە گرێدراوە، چونكە ئێمە بووین پشتگیریمانكردن و هاوكاریان بووین بۆ دۆزینەوەی بوونی نەتەوەیی خۆیان، گەلی كورد هۆكاردەبن بۆ بەرقەراركردنی ئارامیی و سەقامگیریی و گەشەكردنی عیراق چونكە هەردوولا بەژەوەندیان لەوەدایە كە عیراق ئارام و سەقامگربێ و ئەزمونی مێژوش پێمان دەڵێت كە گەلی كوردلە ئایندەدا خۆكوژ و بۆمبی تەوقیتكراومان بۆ نانێرن، وەكو برایانی هاودین وهاونەتەوەكەمان، چونكە لە هیچ كات و ساتێكی رابروودا كاری لەو شێوەیان نەكردووە، كەواتە چۆن ئێستائەو كارە دەكەن كە ئێَمە پاڵپشت و پشتگیریانین.

ئەزانم من لەنێو ئەو هاژوهوژی قەومەچییەدا یاری بەتۆنێكی نەبیستراو دەكەم،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەرێمەوە و ئەڵێم، دڵم هەنجن هەنجن دەبێ كاتێك كردەوەكانی داعش  لە موسڵ و سوپای ئیسرائیل لە فەلەستین و وێرانكارییەكانی سوریاو سوتانی ڕومادی و لێكترازانی عیراق دەبینم ، لەولاشەوە سەرم سوڕماوە لەوخزمەتەی كە خۆمان پێشكەشی نەتانیاهۆی دەكەین، ئەشزانم كە من نەشاز و نەشارەزام لەو كردەسەماو و هەڵپەرێكێ و جوڵە رێكەی كە لەگەڵ نەغمەدا دەكرێن ، بەڵام مێژومان ئەوەی فێركردوین كە نەشازیی ئەمرۆ دەبێتە سرودی نیشتمانیی لە ئایندەدا،هەروەك دڵنیاشم كە ئەم وشانە هەروەكوچۆن دەبنە ئاه و حەسرەت لە دڵی نەوەكانمان ، بەهەمان شێوە خۆشمان ئاه و حەسرەت هەڵدەكێشین چونكە پێشتر باپیرانمان رازیینەبوون بەنیوەی فەلەستین و بەرووتی لەسەر رێگا جیانهێشتین، ئێمەش وا لە ئەیلولێكی ڕەشەوە دەرئەچین و ئەچینە نیسانێكی ڕەشتر و لەوێشەوە بەرەو ڕەشترێكی دیكە،هەتاكەی وابین عاقڵمەندانی میللەتەكەم.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket