riklam

بۆ تەندروستیەکی باش دەبێت چی بخۆین؟

هەمەرەنگ 10:03 AM - 2021-03-12
.

.

ئاشكرایە مرۆڤ پێویستی بە خواردنە بۆ بەردەوام بوون لە ژیان، بۆ گەشە كردن، بۆ زۆربوون. لەشی مرۆڤ وا درووستبووە كە خۆراك بە كاردێنیت بۆ ئەو سێ مەبەستە. هەموو خۆراكێك لە دەمی مرۆڤەوە دەچێتە لەشەوە، ئەویش بە تێپەڕبوونیدا بە گەدە، كە تەنها ئەركی نەرم كردنەوەی خۆراكە نەك هەرس كردن! پاسان دەچیتە ڕیخۆڵە باریكە كە تیایدا هەرس كردن ڕوودەدات. بۆ ئەوەی ئەم كرداری هەرس كردنە ڕووبدات پێویستە كۆمەڵێك كارلێك و ئینزایم كاربكەن تاوەكو خۆراكەكە بە سوود بێت. كەواتە مەبەستی سەرەكی نان خواردن بۆ بەرهەم هێنانی ووزەیە بۆ لەش. داناییش لەوەدایە تۆ ئەوەندە ووزە وەرگریت كە بتوانیت بەكاری بهێنیت.

جۆرەكانی خۆراكی مرۆڤ:

١- شەكرەكان )كاربۆهایدرات(: وەكو: گەنم، برنج.  ئەمانە بە سەرەكیتیرن سەرچاوە دادەنرێن بۆ خۆراكی مرۆڤ، بە تایبەتی لە ووڵاتانی وەكو ئێمە كە زیاتر بەرهەم دێت.

٢- پرۆتینەكان: وەكو هێلكە و گۆشت. پێویستن بۆ درووست بوون و ڕاگرتنی لاشەی مرۆڤ. واتە ئەمانە وەكو بەرد و چەو وان بۆ بینای لەش.

٣- چەوری: وەكو ڕۆن، كە پێویستن بۆ ووزەی زۆر و كاركردنی هەموو خانە و شانەیەكی مرۆڤ.

٤- كحولەكان: كە ووزە بەخشن بەڵام مەترسیدارن گەر بێت و لە بری خۆراكەكانی تر بەكار بێت.

تەنها ئەو چوارە سەرچاوەی وزەن.

٥- ڤیتامینەكان: تەنها پێویستن بۆ كاركردنی ئینزایمەكان.

٦- خوێ و كانزاكان: پێویستن بۆ هەندێك كارلێكی لەشی مرۆڤ  و هەندێكجاریش تەنها بۆ خۆشەكردنی خۆراكە وەكو خوێ، یان بۆ ئاسوودەكردنی مێشكە وەكو چا.

٧- ئاو: ڕێكخەری هەموو كاركردنی مرۆڤە.

•كەواتە بۆمان دەركەوت كە تەنها ئاو، چەوری و پرۆتین زۆر سەرەكین بۆ مانەوەمان و ئەوانی تر یاریدەدەرن.

خۆراكە مەترسیدارەكان!

هیچ خۆراكێك مەترسیدار نیە بۆ لەشی مرۆڤی ساغ، بە ڵام ئەو كات زەرەربەخشە كە باڵانسی خواردنت تێكدا. واتە جۆرێك لە خۆراك زیاتر لەوانی دیكە بخۆیت  یان زیادتر (دەبێتە قەڵەوی) یان كەمتر (دەبێتە لاوازی) لە پێویست بخۆیت. ئەمە وەكو یاسایەكی گشتی. بەڵام لەبەر ئەوەی مرۆڤایەتی بەرەو سستی جووڵە دەچێت لە جیهاندا، واتە كەمترووزە سەرف دەكات  لەوەی دەیخوات بەهۆی بوونی ئوتومبیل و كۆنترۆڵەكان و بە كارەبایی بوونی ئامێرەكانی ڕۆژانە بەكاریان دەهێنین…بۆیە باشترە هەندێك جۆری خۆراك كەم بكەینەوە.

ئامۆژگارییەكان:

*بۆ شەكرەكان:  ڕیزكردنیان بە پیی پلەی خراپییان لە زۆرەوە بۆ كەمتر:

•خراپترینیان شەكری رووتە واتە شەكری سپی (شەكری چا و ئیشی هەویر و ساردی و نوقڵ و بسكیت…) كە دەبنە هۆی قەڵەوبوون و شەكرە و كلۆری ددان و ناڕاستەوخۆش دەبێتە جەڵتەی دڵ.

•نان: هەتا جۆ بێت باشترە، هەتا گەنمی بۆر بێت باشترە لە ئاردی سپی.

•برنج: هەتا بۆر و درێژ بیت باشترە لە سپی و خڕ. واتە بەسمەتی باشترە لە برنجی كوردی.

•پەتاتە

•پاقلەمەنی

•نیسك

•سەوزە و میوە و شیر.

•واتە گەر یەكێك شەكرەی هەبێت، باشترە بۆی رۆژی پرتەقاڵێك و خورمایەك بخوات نەك نیو قاپ برنج!!

*بۆ چەورییەكان: تەنها ئەوانە زەرەر مەندن كە چەورییەكی ڕووتی ئاژەڵیان تیایە: واتە ڕۆنی خۆماڵی، كەرە، ماست و پەنیری كوردی. ئەگەرنا ئەوە گۆشت خواردن هەفتەی دووجار ئەوەندە خراپ نییە كە بڵاوە لە ناو خەڵكدا.

*بۆ پرۆتینەكان: هەموویان بە سوودن.•

*بۆ ڤیتامینەكان: مەگەر پزیشك پێت بڵێت، گەرنا هیچ پێویست نییە حەبی ڤیتامینات بخۆیت و بزانینت بە هێزت دەكەن.

•تێ بینی:
*ئەمانە تەنها بۆ كەسێكی لەش ساغن، بۆ نەخۆشێك جیاوازترە

د.زانیار نوری/ پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket