riklam

كەیسەكەی غالب محەمەد دەبرێتە بەغدا

کوردستان 01:10 PM - 2021-03-11
.

.

دوای تێپەربونی چەند رۆژێك بەسەر تویتەكەی هاوسەرۆكی یەكێتی لەبارەی دەستوەردانە كاروباری دادگا بۆ ئازادكردنی ئەو سێ كەسەی لەسەر دۆسیەكەی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیركرابوون و دیزە بەدەرخۆنەكردنی كەیسەكە، كەیسەكە گەیەنرایە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق و سەرۆكی ئەنجومەنەكەش ئامادەیی دەربڕی كە رێوشوێنە پێویستەكان بگرێتەبەر.

رۆژی 3ی ئەم مانگە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی  كوردستان لەبارەی ئەو كەسانەی كە لەسەر دۆسیەی هێرشكردنەسەر غالب محەمەد تێوەگلاون و دەستگیركران لەتویتێكدا لەهەژماری تایەبتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، رایگەیاند: دەستیان داوەتە كاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازاد بكرێن و كەیسەكە دیزە بە دەرخۆنە بكرێت، بۆیە سەرۆكی حكومەت لێرەوە پێت دەڵێم تۆ بە تەواوەتی متمانەت لەدەستداوە ئەگینا ئەمەت قبوڵ نەدەكرد.

ئەوەشی ئاشكراكردبوو: هەر ئەو حكومەتەی كە لە كەیسی دەستگیركردنی (5) چالاكوانەكەی بادینان داوای لە هەموو لایەنەكان دەكرد كە دەستوەردان لە كاروباری دادگا نەكەن، كەچی هەمان حكومەت بەئاشكراو بەهەڕەشەكردن داوای ئازادكردنی (3) ئەفسەری دەزگایەكی هەواڵگریی هەرێم دەكات كە لەسەر كەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیر كراون.

په‌رله‌مانتارانی (هاوپه‌یمانی هیوای كوردستانی) راگه‌یه‌نراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ بۆ كه‌یسه‌كه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ سه‌ردانی فائق زیدان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عیراقیان كردوه‌و له‌گه‌ڵی كۆبوونه‌ته‌وه‌و نوسراوی ره‌سمی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراقیان راده‌ستكردوه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ گواستنه‌وه‌ی كه‌یسی هه‌وڵی تیرۆركردنی (د.غالب)، ئه‌ویش به‌ په‌رۆشیه‌وه‌ ئاماده‌یی ده‌ربڕ‌ی كه‌ رێوشوێنه‌ پێویسته‌كان بگرێته‌به‌ر.

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌شڵێن: له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌یان بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عیراق روونكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌هه‌رێم كاروباری دادگا له‌بارودۆخێكی خراپدایه‌و ده‌سه‌ڵات دادگاكان بۆ ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی به‌كارده‌هێنێت و رێگه‌ نادات رۆڵی پیشه‌ییانه‌ی خۆیان بگێڕ‌ن.

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، جگه‌ له‌ كه‌یسه‌كه‌ی په‌رله‌مانتار غالب محه‌مه‌د، باس له‌سیاسه‌تی سه‌ركوتكاریی و ده‌ستگیركردنی چالاكوان و رۆژنامه‌نووسان و كه‌یسی حوكمدانی نادادپه‌روه‌رانه‌ی چالاكوانانی بادینان كراوه‌و ده‌شڵێن: داوامانكرد كه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری ، له‌ته‌واوی عیراق (به‌هه‌رێمی كوردستان-یشه‌وه‌)، رۆڵی خۆی له‌دوورخستنه‌وه‌ی ده‌ستێوه‌دانی حزبی له‌دادگاكان-دا ببینێت.

هەر سێ رۆژ دوای رووداوەكەش نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی هێرشیكردە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد بە PUKmediaی راگەیاند: لەكاتی رووداوەكەدا دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس كەشف و هێڵكاری شوێنی رووداوەكەیان كردوەو دادوەریش فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تۆمەتبارەكە دەركردوە.

ئەوەشی وتبوو: پۆلیسی سلێمانی بەردەوامە لەبەدواداچوونەكانی بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری رووداوەكە كە ناسراوەتەوە، دوای رووداوەكەش  ماڵی تۆمەتبار پشكێنراوەو لێكۆڵینەوەی تەواوەتی لەبارەیەوە كراوە.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی راگەیاندبوو: تۆمەتبارەكە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتوە، بەڵام هێزەكانی پۆلیس بەردەوامن لەگەڕان بەدوایداو لەهەر شوێنێك جا لەناو شاری سلێمانی بێت یان بۆ دەرەوەی شار هەڵهاتبێت لەڕێگەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ترەوە دەستگیردەكرێت.

PUKmedia تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket