riklam

ئەمریكا دەست بەرداری سعودیە نابێت......!

بیروڕا 06:49 PM - 2021-03-08
.

.

 خاشقچی لەگەڵ ئەوەی وەكو كەسێكی قەومچی و رۆژنامە نوسێكی دەرباری شانشینی سعودی، دواجاریش حكومەتی ئەردۆگان، بە بێ جیاكاری زۆر دژی گەلی كورد بوو لە هەر چوار پارچەی كوردستان، لەو بارەیەوە چەندین وێستگەی ژیانی سیاسی و رۆژنامەوانی  خۆی ئەوەی  ساغ كردۆتەوە، بەڵام بە راستی كوشتنەكەی رەفتارێكی نامرۆڤانە و زۆر قێزەون بوو، ئەودەم بەندە لە چەند وتارێكدا رامان گەیاند ئەو شێوە كوشتنە كردەوەیەكی راگوزەر نیە، بەلكو بەرنامە بۆ دارێژراو و توكمە و موخابەراتی عەیار بیست و چوارە و دەستێكی گەورەی لەپشتەوەیە، ئامانجەكەش لە رواڵەتدا رون و ئاشكرایە كە یەكسانە بە لە ناوبردنی ئەو پیاوە، بەڵام دیوێكی شاراوەشی هەیە، چەند لایەنێك وەكو وەرەقەی جۆكەر بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان بەكاری دێنن، هەر ئەو دەم وتمان سەرباری رژێمی ئەردۆگان كە بەدڵنیاییەوە بەكاری دەهێنێ بۆ مەبەستی خۆی، لێ لایەنی هەرەگرنگ كە ئەوە دەكاتە وەرەقەیەكی بەردەوامی سەوداكاری، وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكایە، بۆچونەكەمان لەوەدا سەرچاوەی گرتبوو، لەو ئان و ساتەدا بە جۆرەها شێواز و شێوە شرۆڤە بۆ تاوانەكە دەكرا، بە ئاشكرا پەنجە  بۆ ئەوانە درێژ دەكرا كە لە پشتی تاوانەكەوە بوون تا ئەو ئاستەی ناوی كەس و لایەنەكانیان بەبێ رتوش دەهێنا،

چەندین ناوەندی تایبتمەندی سەربەخۆ و بێ لایەن پشتڕاستی ئەو تاوانكاریە و بكرەكانیان دەكردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا  رۆڵی پارێزەری دەبینی و داكۆكی  هەتا سەر ئیسقانی لەوانە دەكرد كە ناویان دەهێنرا، ئەوەی جێگەی هەڵوێستە كردن بوو دیموكراتەكانیش هاوئاوازی ئیدارەی وڵاتەكەیان بوون كە دەبوو پێچەوانەكەی بێت، كەچی لەبەرئەوەی بەرژەوەندیان لەو خۆ كڕكردن و چاو نوقاندنەدا بوو، بۆ ئەوەی وەكو  دەیانەوێت بەردەوام  سعودیە دادۆشن، تاوەنەكەیان پەردە پۆش كرد وەكو ئەوەی لە یاسا دەوترێت((قید چد مجهول)) واتە تاوانەكە (دژی بكەرێكی ئاشكرا نەبوو تۆماركرا)، راستیەكەی سڕ كردنێكی كاتی بوو، بۆ ئەوەی هەر كاتێك بیانەوێت یاری پێ بكەن، وەك ئەوەی ئێستا دەیبینین كە تازە بە تازە دوای دوو ساڵ تێپەربوون بەسەر ئەو تاوانە موخابەراتیە، ئەمەریكا لە چوارچێوەی راپۆرتێكدا ئاماژە بەو كەیسە دەدات هەروەها ئەوەی لەپشتی ئەو تاوانەوە بووە و  هەر بە فەرمانی راستەوخۆی ئەو جێبەجێكراوە، ئەوە ئەو راستیە دەردەخات ئەو راپۆرتە لە دایكبووی شەو رۆژێك نیە بگرە لە یەكەم ساتی ئەو كارە ئەوان سەرەداویان هەبووە دواجاریش گەیشتونەتە كۆمەڵێك زانیاری سەلمێنراو، كەچی نەیانویستوە هیچی لە بارەیەوە بڵێن، چونكە نرخی خۆ كڕكردنەكەیان بە زیادەوە لە نێودەستدابوو،  هەر بۆیە تا سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەمەریكا  بۆ دیاریكردنی سەرۆكی تازە بڕیاردەرە ئەسڵیەكە بێ باكبوو، كاتێك سەرۆكایەتی ئەمەریكا گۆڕدرا، چونكە دەیانزانی ئەمەریكا وەرەقەی تاوانكاریەكەی (مع سبق الاسرار) لەلایە هەر كاتێك بیەوێت ئاشكرای دەكات، بۆیە كۆمەڵێك هەنگاویان هەڵێنا بۆ جوانكردنی خۆیان و دڵنەوایی دان بەوەی  كە لەسەر رێگای ئەوەدان كە  وڵاتە یەكگرتوەكان دەیەوێت، وەك

1-    جۆرێك لە كرانەوە  بە ئارستەی  بەرجەستەبوونی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی.

2-    بەردانی چەند ئەمەریكیەكی سعودی كە ماوەیەكی زۆر گیرابوون لەسەر خۆتێهەڵقورتاندنیان  لە هەندێ كاروباری مەدەنی و كلتوری تایبەتی سعودیەكان .

3-    ئازادكردنی چەند چالاكوانێكی ژن كە لەسەر داواكردنیان بە لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل دەست بەسەربوون.

 ئەمە و چەندین هەنگاویتر،پێدەچێت ئەوانە گیرفانی ئەمەریكیەكانی پڕ نەكردبێت و هاوزەمان ئەو ئەجندایەی دەیانەوێت لە دەڤەرەكە رێكیبخەنەوە بەو چاكسازیانە مەیسەر نەبێت، بۆیە ئەو وەرقەی كەلە ناو دوو نانی گەرم هەڵیانگرتبوو وەك دارە ئەستورەكەی بن حەبا كە هی قۆڵ بادانێكی بەڕاستیە، هەڵیان كێشا بەڕوی سعودیە و ئاشكریانكرد، بێگومان بۆ كۆمەڵێك مەبەست كە رەنگە دیوێكی دیار بێت ئەویش دەسكەوتی ماددی زیاترە، ئەكید دیوێكی شاراوەشی هەیە كە رەنگە پەیوەست بە ئێران و و چین و هەندێ هاوكێشەی هەرێمایەتیترەوە هەبێت،  لێرەدا راستیەكیش هەیە دەبێت بوترێت ئەوە یاریەكی سیاسی و ماددیە ئەوراقەكانی لەسەر مێزن، لێ لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو بارێكەوە ئەمەریكا دەست بەرداری سعودیە نابێت، بەڵام  بە نرخ و سەرانەیەكی تازە.

  ن: عەبدولواحید محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket