riklam

یەكێتی: وەك هەمیشە پشتیوانی خەباتی ژنان دەبین

ی.ن.ک‌‌ 08:59 AM - 2021-03-08
.

.

بەبۆنەی 8ی مارس، رۆژی جۆشدانەوەی خەباتی ژنان، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، یەكێتی وەك هەمیشە پشتیوانی خەباتی ژنانە و بۆ ئێستا ‌و داهاتوویش درێغی ناكات.

دەقی پەیامەكە:

پەیامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ (8)ی مارس رۆژی جیهانی ژنان

 (8)ی مارس، بۆنەی جۆشدانەوەی خەباتی ژنانی ئازادیخوازو یەكسانیخوازی كوردستان و جیهانە، لەم رۆژەدا، پیرۆزبایی لە هەموو ژنان ‌و كچانی ئازادیخوازی كوردستان دەكەین. 

    (8)ی مارس، ڕۆژی جۆشدانەوەی خەباتی ژنانە، بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان و چەسپاندنی یەكسانی جێندەری و رزگاربوون لەو نەریت ‌و بیركردنەوە كۆن ‌و داسەپاوانەی، كە بوونەتە هۆی چەوساندنەوەی ژنان و بێبەشبوونیان لە مافە كۆمەڵایەتی ‌ویاساییەكانیان ‌و بەشداری كارای ژنانیان لە بوارە  گرنگەكانی ژیان و كۆمەڵدا كۆت‌و بەند كردووە.  

   ژنانی كوردستان، بەشداری كاریگەریان لە خەباتی نیشتمانیی و نەتەوەیی كردووە بۆ ڕزگاربوون لەزوڵم و ستەمی  داگیركاران و رووبەربونەوەی مەترسیەكانی تیرۆر، بۆیە لەم ڕۆژەدا یادی (8) مارس تەنها وەك بۆنەی خەباتی یەكسانیخوازی ژنان ناكەینەوە، بەڵكو یادی ژنە شەهید و تێكۆشەرەكانیش دەكەینەوە، كە بوونەتە هێمای ئازایەتی ژنانی كوردستان و لەسەنگەری بەگژاچوونەوەی دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتی و گەلەكەماندا و لە جینۆسایدی ئەنفال و كیماباران و جینۆسایدی ئێزیدیەكان و لە زیندانەكاندا سەربەرزانە گیانیان بەخشی.  یادی ئەو ژنانەش دەكەنەوە بەهۆی توندوتیژییەوە بوونە قوربانی. هەروەها یادی ئەو ژنانەی لەكوردەواریدا ماییەی شانازین، یادی خۆڕاگری دایك و هاوسەر و كچی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانیش دەكەینەوە و سەری رێز لە ئاستی سەری بەرزیاندا دادەنەوێنین. 

     لەدوای راپەرین لە خەباتی مەدەنی و دیموكراسیشدا بۆ بەگژاچوونەوەی جیاكاری ڕەگەزی و توندوتیژی بەرامبەربە ژنان و گۆڕینی یاسا كۆنەكان  بەیاسای هاوچەرخ، كە مافی ژنان دەستەبەر بكات، هەنگاوی گەورەیان ناوە. بەڵام هێشتا رێگای تێكۆشانی ژنانی كوردستان، بۆرزگاربوون  لە توندوتیژی و جیاوازی جێندەری و بەجێهێنانی ئەركە نیشتمانی ‌و دیموكراسیەكان دوور و درێژە.  

   یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك هەمیشە پشتیوانی  خەباتی ژنانەو بەكردەوەش چەندین دەستكەوتی بۆ ژنان بەدیهێناوە، بۆ ئێستا ‌و داهاتوویش درێغی ناكات لە پشتیوانی كردنی خەباتی ژنان و رەخساندنی زەمیەی لەبارتر بۆ بەشداری كردنی كارای ژنان لە هەموو بوارەكاندا ‌و چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتی ‌و یاساییەكانیان ‌و هێنانەپێشەوەی خوێنی نوێ‌ ‌و ووزەی نوێی كچانی ئازادیخواز. 

پیرۆزبێت (8)ی مارس، رۆژی جیهانی ژنان

سەركەوێت خەباتی یەكسانیخوازانەی ژنانی كوردستان 

 

مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

(8)ی مارسی 2021

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket