riklam

ڕاپەڕین

ی.ن.ک‌‌ 09:29 PM - 2021-03-05
.

.

(5/ئازار/1991) ڕۆژێكی پرشنگدار و گرنگە لە ژیانی هاوڵاتیانی كوردستان، ئەو ڕۆژە بەباز و هێزی خەڵكی ئازای كوردستان توانرا دەسەڵاتی حكومەتی بەعسی فاشستی ڕاماڵرێ‌ لە كوردستان و سەرەتاكەی لە شاری ڕانیە دەستی پێكرد.

بە درێژایی حوکمی حزبی بەعس لە عێراق، گەلی عێراق نەهامەتی زۆری بینی لەزیندانیكردنی سیاسی ئازادیخوازان و نەهێشتنی كەشی ئازادی ڕادەربڕین، زیندانیكردنی لاوان و ژنان و برسیکردنی گەلەکەی، ئەنجامدانی ئەم کارانە بەبێ‌ هیچ هۆیەك بووە، تەنها بۆ ترساندنیان، گیرۆدەكردنی دانیشتونەكەی بە جەنگی ئێران - عێراق كە ماوەی (٨) هەشت ساڵی خایاند و (سەدان هەزار) كوژراو (دەیان هەزار) زیندانی كرا، داگیركردنی ووڵاتی كوەیتی دراوسێ‌ لە (٢/٨/١٩٩٠) و وێرانكردن و دزینی سامانەكەی، وێرانكردنی شاری هەڵەبجە بە تۆپ و گازی كیمیایی كە تیایدا (٥٠٠٠) پێنج هەزار هاوڵاتی بوونە قوربانی، گۆڕینی دیموگرافی شارەكان بەجێبەجێكردنی سیاسەتی تەعریب، قڕكردن و جینۆسایدی كورد لە زنجیرە ئۆپراسیۆنەكانی ئەنفال كە زیاد لە(182.000) سەد و هەشتا و دوو هەزار كەس بوونە قوربانی ... ئەمانە و هەزاران تاوانی تر بوونە ئەستور بوونی ڕقی جەماوەر وئارام نەگرتن لەوە زیاتر، بۆیە بە پێی بەرنامەیەكی گونجاو بە هەماهەنگی نێوان جەماوەر، ڕێكخستنی ناو شار و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرابەرایەتی (ی.ن.ك) ڕاپەڕین كرا.

كێ‌ ڕاپەڕینی كرد؟

دیارە ئەو هۆكارانەی كە باس كران، خەڵكی كوردستان لە هەموو كوردستان خرۆشان بەشی زۆری هاوڵاتیان بە دەست برسێتی و ئابڵۆقەی ئابوری ئەیان ناڵاند، بۆیە بەهەماهەنگی نێوان خەڵك و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و لایەنەکان بەسەپەرشتی (ی.ن.ك) و پێشبینی سەرۆک مام جەلال، توانرا بە بەرنامەیەكی تۆكمە دەست پێ بكەن، پاش ئازادكردنی ڕانیە، شەپۆلی ئازادكردنی زۆربەی شارەكانی تری گرتەوە، ئەوەبوو لە (٧/٣/١٩٩١) سلێمانی و پاشان (١١/٣/١٩٩١) هەولێر و پاشان هەموو شار و شارۆچكەكانی گرتەوە بە خانەقین و مەندەلی پاشانیش بەئازاد کردنی کەرکوک هەموو کوردستان ئازادکراو ئاڵا لەسەر چیای حەمرین هەڵکرا، کەدواسنوری کوردستانی باشورە.

هەر بۆیە ئەو ساڵە جەژنی ڕۆژی نوێی كوردی و نەورۆز و جەژنی ئازادی تێكەڵ بوو بەڕۆژێكی مێژوویی خۆشی چووە ناو ویژدان و یادو یادەوەریمان.

ئامانج و ئەنجامی دوای ڕاپەڕین گەلێ‌ زۆرن، كە دیارترینی ئازادی ڕادەربڕین و كاری سیاسیە، پاشانیش پراكتیزەكردنی ژیانی دیموكراسی و ئەنجامدانی یەكەم هەڵبژاردن لە(٢١/٥/١٩٩٢) وە دواتریش دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان... دامەزراندنی چەندین زانكۆ و نەخۆشخانە و خوێندنگە، بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان و بەبازاڕكردن، بازاڕی ئازاد و هاندانی سەرمایەگوزاران بۆ بەگەڕخستنی كارگە گەورەكانی چیمەنتۆ و شیش و مەڕمەرو دروستکردنی ژمارەیەکی یەکجار زۆر پارکی سەوزایی و رێگاوبان، فراوانکردنی شاروشارۆچکەکان و دروستکردنی دوو فڕۆکەخانەی گەورەو چەندین هۆڵ و یانەی وەرزشی و دامەزراندنی سەدان رێکخراوی ناحکومی بۆ گرنگیدان بە ژنان و خوێندکارو لاوان.

وا (٣٠) سی ساڵ بەسەر ئەو یادەدا تێپەڕدەبێت كە هەموو شانازی پێوە دەكەین، وە وەكو (ی.ن.ك) دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو بیروڕایەی هەبوو پێش ڕاپەڕین بەردەوامی پێدەدەین كە ئەویش ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی گشت خواستەكان و ئومێدەكانی گەلی كورد. لە چوار پارچەی كوردستان وە حوكمڕانی كردنی خۆماڵی كوردی لە ڕێی سیستمی لامەركەزی و پاراستنی قەوارەی سەربەخۆیی هەرێم، سیستمی فیدراڵی لە عێراق و گرنگیدان بەپێشمەرگە و بەردەوامی ریفۆرمی سیاسی و سەربازی، چارەسەرکردنی دیاردەی گەندەڵی ئەمانە هەمووی گرنگن و لە ئەولەویەتی سەرکردایەتی یەکێتین بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە تێپەڕێت و خەونی دوژمنانمان لە گۆڕبنێین، خەڵك با ئازاد بێ‌ لە بازرگانیكردن، لە دەربڕینی بیروڕا و نوسین و رەخنەگرتن لە دامودەزگاکانی كوردستان  بە مەبەستی چاکسازی کردن لە هەڵەکانی رابردوو، گرنگی بە مافی پێكهاتەكان بدەین لە هەموو ئاین و ئاینزاكان بە تایبەتی مەسیحی و یەزیدی و كاكەیی و سابیئەکان و هەموو بەرنامەکانمان لەچوارچێوەی دابینکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان کۆبکەینەوە.

دوبارە پیرۆز بێ یادی راپەرین...

درود بۆ گیانی پاکی شەهیدان...

سەرفرازی بۆ کەسوکاریان، بۆ خەلکی بەشەرەفی دەڤەری راپەرین، بۆ خەلکی سەربەرز و ماندووی کوردستان...

 

د.سۆران جەمال تاهیر

ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket