riklam

سه‌رۆكی په‌رله‌مان: ده‌ستكه‌وته‌ گه‌وره‌كانی راپه‌ڕین و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌مان بۆ ئه‌و ئازادییه‌ خه‌ریكه‌ ده‌چێته‌ قۆناغی بێهوده‌ییه‌وه‌

کوردستان 12:11 PM - 2021-03-05
.

.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بۆنه‌ی ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كورد په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ ڕایگه‌یاند، ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌ بووه‌ ئیلھامبه‌خشی درێژه‌پێدانی خه‌باتی گه‌لانی دیكه‌ی عیراق تاكۆتاییھاتنی یه‌كجاره‌كی به‌ڕژێمی به‌عسی داپڵۆسێنه‌ر.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ساڵیادی راپه‌ڕیندا :

به‌بۆنه‌ی (٣٠) سیھه‌مین ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كوردستان له‌ ٥ی ئازاری ١٩٩١، گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م كوردستانیانی ئازیزو بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌ھیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و چین و توێژو پێكھاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین، ھیواخوازین ئه‌م یاده‌ شكۆداره‌ ببێته‌ مایه‌ی ده‌ستپێكێكی نوێ له‌خه‌بات و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان بۆ بنیادنان و بووژانه‌وه‌ی زیاتری كوردستان.
كوردستانیانی ئازیز....

ئه‌وێ ڕۆژی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی كوردستان له‌پێناو سه‌ندنی ئازادی و به‌رگریكردن له‌به‌ھا پیرۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی نه‌ژادی و به‌عه‌ره‌بكردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان، به‌پاڵپشتیی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ڕژێمی به‌عسی خۆسه‌پێنه‌ریان له‌كوردستان ھه‌ڵته‌كاند، دواجاریش ھه‌ر ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌ بووه‌ ئیلھامبه‌خشی درێژه‌پێدانی خه‌باتی گه‌لانی دیكه‌ی عیراق تاكۆتاییھاتنی یه‌كجاره‌كی به‌ڕژێمی به‌عسی داپڵۆسێنه‌ر.

ئێمه‌ له‌كاتێكدا ئه‌م یاده‌ شكۆداره‌ به‌رز ڕاده‌گرین، كه‌ھێشتا ویست و داخوازییه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان و ئامانجه‌كانی ڕاپه‌ڕین به‌ته‌واوه‌تی نه‌ھاتوونه‌ته‌ دی، ھه‌ر له‌یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێم تا ده‌گاته‌ پرسه‌ ھه‌ڵواسراوه‌كانی پێشمه‌رگه‌و دارایی و بودجه‌و جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ده‌ستووری ساڵی ۲٠٠٥.

ھاوكات ئه‌مڕۆ كوردستان به‌قه‌یرانێكی دژوارو سه‌ختی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا تێده‌په‌ڕێت، لای خه‌ڵكی كوردستان به‌ھۆی نادادی و نابه‌رابه‌ری له‌شێوازی ژیانی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، ڕێژه‌ی بێكاری و وه‌گه‌ڕنه‌خستنی تواناو پسپۆریی ھه‌زاران ده‌رچووی زانكۆكان، له‌سه‌رخۆی پرۆسه‌كانی چاكسازی، كێشه‌ی زۆری سێكته‌ره‌كانی خوێندن و ته‌ندروستی و چه‌ندین كێشه‌ی تر، ده‌ستكه‌وته‌ گه‌وره‌كانی ڕاپه‌ڕین و گیانبه‌خشیی پێشمه‌رگه‌و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌مان بۆ ئه‌و ئازادییه‌ خه‌ریكه‌ ده‌چێته‌ قۆناغی بێھوده‌ییه‌وه‌.

بۆیه‌ له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا داواكارم ھه‌موو دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان، له‌ڕوانگه‌ی به‌رپرسیارێتیی ھاوبه‌ش و ته‌واوكاریمان پێكه‌وه‌، كاری لێبڕاوانه‌و ده‌سته‌جه‌معی بكه‌ین له‌پێناو به‌ھێزكردنی متمانه‌ له‌نێوان ھاووڵاتییان و دامه‌زراوه‌كانداو ھه‌موو ھه‌نگاوه‌كانمان چڕ بكه‌ینه‌وه‌ به‌ئاراسته‌ی به‌دیھێنانی ویست و داخوازییه‌ ڕه‌واكانی كوردستانییان له‌فه‌راھه‌مكردنی ئازادی و سه‌روه‌ریی یاساو پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان و دابینكردنی سه‌قامگیریی ده‌روونی و سیاسی و ئابووری بۆیان.

له‌كۆتاییدا سه‌ری ڕێزو نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌ھیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان داده‌نه‌وێنین، به‌تایبه‌ت شه‌ھیدانی ٥ی ئازار له‌ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان، ھه‌میشه‌ سه‌رفرازبن.

د.ڕێواز فایق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
5ی ئازاری 2021

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket