riklam

هاوسەرۆكی یەكێتی پەیامێكی بڵاوكردەوە

ی.ن.ک‌‌ 10:08 AM - 2021-03-05
.

.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی بەبۆنەی 30هەمین ساڵەی یادی راپەڕین پەیامێكی بڵاوكردەوەو لەبەشێكیدا دەڵیت: لەڕۆژێكی پیرۆزی وەكو ئەمڕۆ و لە دەروازەی سەوزی ڕاپەڕینەوە، تۆماری دەیان ساڵ تەعریب و تەبعیس، قڕكردن و كاولكاریی ڕژێمی بەعسی خوێنڕێژ پێچرایەوە،ڕووناكی بەسەر تاریكی، ئازادیی بەسەر ژێردەستەیی، گەردن بەسەر پەتی سێدارە، دایكی شەهید بەسەر كۆست و یەكێتییەكەتان بەسەر دوژمندا سەركەوت، ڕاپەڕین، بەرهەمی خوێنی دەیان هەزار شەهید، بەرئەنجامی شۆڕشی نوێ و بەشداریی و پشتیوانیی كارایانەی كۆمەڵانی خەڵك و چەپكە گوڵی هەڤاڵ مام جەلال بوو بۆ گەلی كوردستان.

هاوسەۆكی یەكێتی دەشڵێت:لەم ڕۆژگاری نادڵنیاییەدا كە تاكڕەویی و هەڵپەرەستی و كەمتەرخەمیی كەمینەیەكی خۆسەپێن بوون بەهەڕەشە بۆسەر ئەزموونەكەمان، خەڵكی كوردستان دەیانەوێت بزانن، ئەو ئازادی، ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسینەی كە یەكێتیی لە پێناودا دامەزراوە بەكوێ دەگات.

ئەوەشی راگەیاند: خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە داوا بكەن كە هەرێمەكەمان نەكرێت بەقوربانیی ململانێی شەخسی، بوژاندنەوەی ناوچەكەمان‌ نەدرێتە بەر ڤیتۆی پلانێكی حزبی، حوكمڕانیی تێكەڵ بەحەزی بنەماڵە نەكرێت و بەرژەوەندیی تایبەت و كەللەڕەقیی سیاسی سەری دەسكەوتەكانی ڕاپەڕین نەخوات.

هەروەها دەشڵێت: لەم ڕۆژە مێژووییەدا و هەر لەم مینبەرە كراوەیەوە،ڕایدەگەیەنم هەوڵی ڕاستكردنەوەی ئەم مۆدێلە چەوتە لە حوكمڕانی دەدەین و ڕێگە نادەین هەڵەی كەمینەیەك، ڕاپەڕینە شكۆدارەكەمان لەكەدار بكات و ئەو ڕووباری خوێن و ئەو قوربانیدانەی میللەتەكەمان لەم پێناوەدا بەخشیوونی بە فیڕۆ بڕوات.

 

پەیامی لاهور شێخ جەنگی بە بۆنەی (٣٠)هەمین ساڵیادی ڕاپەرینە مەزنەكەی كوردستان

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە قارەمانەكان

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

پیرۆزبایی (٣٠)هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینتان لێ دەكەم.

٣٠ ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژێكی پیرۆزی وەكو ئەمڕۆ و لە دەروازەی سەوزی ڕاپەڕینەوە، تۆماری دەیان ساڵ تەعریب و تەبعیس، قڕكردن و كاولكاریی ڕژێمی بەعسی خوێنڕێژ پێچرایەوە.

لە ڕاپەڕیندا، ڕووناكی بەسەر تاریكی، ئازادیی بەسەر ژێردەستەیی، گەردن بەسەر پەتی سێدارە، دایكی شەهید بەسەر كۆست و یەكێتییەكەتان بەسەر دوژمندا سەركەوت.

ڕاپەڕین، بەرهەمی خوێنی دەیان هەزار شەهید، بەرئەنجامی شۆڕشی نوێ و بەشداریی و پشتیوانیی كارایانەی كۆمەڵانی خەڵك و چەپكە گوڵی هەڤاڵ مام جەلال بوو بۆ گەلی كوردستان.

لەم ساڵیادەدا وەفادارین بەرامبەر یادەوەری و پیرۆزییەكانمان، لەوەش گرنگتر ئەوەیە لە‌یادمان بێت كە خەڵكی كوردستان، تەنها بە یادەوەری ناژی، بەڵكو كۆمەڵانی خەڵك داواكاری ئێستایەكی ئازاد و خزمەتگوزار، ژیانێكی شایستە و ئایندەیەكی باشترن.

لەم ڕۆژگاری نادڵنیاییەدا، كە تاكڕەویی و هەڵپەرەستی و كەمتەرخەمیی كەمینەیەكی خۆسەپێن، بوون بە هەڕەشە بۆسەر ئەزموونەكەمان، خەڵكی كوردستان دەیانەوێت بزانن، ئەو ئازادی، ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسینەی كە یەكێتیی لە پێناودا دامەزراوە، بە كوێ دەگات.

بەها باڵا سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی یەكێتیی، هیواكانی خەباتی ڕزگاریی نیشتیمانی و دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین كە دەیان هەزار شەهید و تێكۆشەری قارەمان گیانی خۆیان لەپێناو بەخشی، چییان لێ دێت. كێ كوردستانەكەمان لە داگیركاری، لە مشەخۆری و قۆرغكاریی دەسەڵاتێكی ناپەسەند دەپارێزێ و ڕزگار دەكات.

ئەمڕۆو ٣٠ ساڵ دوای ڕاپەڕین، خەڵكی كوردستان دەیانەوێت دڵنیابن كە سەروەریی یاسا و ئازادییەكان، ئاسایشی كار و پیشەیان‌، مووچە و قووت و كەسابەت و ژیانیان، لە دەست كەمینەیەكی مشەخۆر، پارێزراو بێت.

خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە داوا بكەن كە هەرێمەكەمان نەكرێت بەقوربانیی ململانێی شەخسی، بوژاندنەوەی ناوچەكەمان‌ نەدرێتە بەر ڤیتۆی پلانێكی حزبی، حوكمڕانیی تێكەڵ بەحەزی بنەماڵە نەكرێت و بەرژەوەندیی تایبەت و كەللەڕەقیی سیاسی سەری دەسكەوتەكانی ڕاپەڕین نەخوات.

تێگەیشتن لەم داوا ڕەوایانە، ئەوەندی تر هانمان دەدات كە ڕاستگۆ و ڕاشكاو بین لەگەڵ میللەتی خۆمان، بۆیە زۆر ڕاشكاوانە و‌ لەم ساڵیادەی ڕاپەڕیندا ڕایدەگەیەنم، كە هەرێمی كوردستانی عێراق كێشەی بنچینەیی هەیە، ڕەوتی ڕێكردنی ئەم چەند ساڵەی دوای ڕاپەڕین، ئاڕاستەی هەڵە و پێچەوانەی چاوەڕوانییە نیشتمانییەكانی وەرگرتووە و پێویستە ڕاست بكرێنەوە و یٔەگەر فریا نەكەوین، ڕاپەڕینەكەمان سەری دروشمەكانی دەخوات.

من و هاوبیرەكانم لە ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەم‌ پرسیار و كێشە و پێویستییە بنچینەییانە، لە نیگەرانی و داواكارییە ڕەواكانی گەلەكەمان تێ دەگەین و بەشانازییەوە، نوێنەرایەتی دەكەین. بۆیە لەم ڕۆژە مێژووییەدا و هەر لەم مینبەرە كراوەیەوە، ڕایدەگەیەنم لە چوارچێوەی هەماهەنگیی سیاسی و نیشتیمانی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، پشتئەستوور بە پشتیوانیی كەسوكاری شەهیدان، پشتئەستوور بە پشتیوانیی خەڵكی كوردستان‌، هەوڵی ڕاستكردنەوەی ئەم مۆدێلە چەوتە لە حوكمڕانی دەدەین و ڕێگە نادەین هەڵەی كەمینەیەك، ڕاپەڕینە شكۆدارەكەمان لەكەدار بكات و ئەو ڕووباری خوێن و ئەو قوربانیدانەی میللەتەكەمان لەم پێناوەدا بەخشیوونی، بە فیڕۆ بڕوات.

دەست لە ناو دەست لە پێناو پارێزگاریكردن لە بەهاكانی ڕاپەڕین

دروود بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket