riklam

مەكتەبی سیاسی یەکێتی بۆ یادی راپەرینی گەلەکەمان بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە

ی.ن.ک‌‌ 08:24 PM - 2021-03-04
.

.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ٣٠ هەمین ساڵیادی راپەرینی گەلی کوردستان بەسەر رژێمی دیکتاتۆری بەعسی روخاودا ویڕای پیرۆزبایی گەرم لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەڵێنی بەردەوامی خەبات و تێکۆشان بۆ بەجێهێنانی ئامانجەکانی راپەرین دەدەن.

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بۆ یادی (30) ساڵەی راپەرینی گەلەکەمان

-كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

-پێشمەرگە قارەمانەكان

-نەوەکانی کوردستانی دوای ڕاپەڕین، کچان و کوڕانی ئازادیخوازی نیشتمان.

بە تینوتاوی ساتەوەختی ڕابوونەوە دژی دیکتاتۆری بەعس، بە سڵاوێکی گەرمەوە پیرۆزبایی (30)مین ساڵڕۆژی راپەڕینی مەزنتان لێدەكەین، كە (5)ی ئاداری ساڵی 1991، لە دەروازەوە مژدەی رزگاری‌و ئازادی سەرتاسەری بە گەلی ستەمدیدە دا، بە زەماوەندی شارە گەورەکانی کوردستان و شار ولادێوە وەرچەرخانێكی گەورەی لە مێژووماندا خوڵقاند.

 لە ئاداری 1991 دا، دوای چەند دەیە لە سەرکوت و ژێر دەستەیی، بە تایبەتی لە سایەی حوکمڕانی بەعسدا، بە كەڵك وەرگرتن لە هەلومەرجی گۆشەگیری و لاتەریک کەوتنی رژێمەکە بە پێشبینی ‌سەرۆك مام جەلال و سەركردایەتی مەیدانیی یەکێتی و رێکخستنەکانی لە رابەرایەتی کردنی جەماوەر دا ویستی ئازادیخوازی كوردستان هاوشانی ویستی عیراقییەكان لەباشووری وڵات، بەڕووی ستەم‌و جیاكاریی نەتەوەیی‌و مەزهەبی؛ تەقییەوە،‌ دەوڵەتی شۆڤێنی بەعسی لە کوردستان ڕاماڵی و بووە وێستگەی بەرپاکردنی ئەزموونێكی دیموكراسی، كە درێژخایەنترینه لەمێژووی نەتەوەکەماندا.

لە سێ دەیەی دوای ڕاپەڕین، كوردەواری گەشەیكردوەو دەستپێشخەری گرنگی نواند لە پەرەپێدانی سەربەستییە سیاسییەکان، پێشکەوتنی خەباتی رێكخراوەیی و بزووتنەوەی ژنان و ئازادی بیروڕا، سەرباری ئاوەدانی و گەشەسەندنی ئابووری و بوژانەوەی فەرھەنگی و پێشکەوتنی هەمەلایەنە کە ھێشتا زۆری تریش ماون بەدیبێن، بەتایبەتی دوای کەوتنی بتی رژێمی فاشی لە پرۆسەی ئازادی عێراق کە زەمینەی بۆ وڵاتێکی فیدرال و دەستوورێکی گەلپەسەند خۆشکرد، بە نەخشەرێگای ماددەی ١٤٠و دەرفەتی بەشداری سەنگین لە حوکمڕانی بەغدا و شەراکەتی سیاسیشەوە.

ھاوڵاتیانی خۆشەویست، کۆمەڵانی خەڵک، بەتایبەتی رۆڵە ھەڵکەوتووەکانی کوردەواری دوای زەماوەندی راپەڕین.

 ئێستا پاش سێ‌ دەیە كە یادی راپەرین دەكەینەوە، چەندین نەوەی چاوکراوە، خوێندەوار و خاوەن خواستی تازە لە کچان و کوڕان پێگەیشتوون، بە دونیابینی نوێوە ھەڵسەنگاندنی تازە دەکەن کە پێویستە سیاسەتی کوردستانییش ھاوشانی ئەم پەرەسەندنانە، تێگەیشتنی نوێ بەرھەمبێنێ و رێبەرایەتیشیان بکات بە ھەمان رۆحیەتی یەکێتیانە کە رابەرایەتی خواست و ویستی نەوەکانی راپەڕینی دێرینی کرد.

یەکێتی نوێبوونەوە بەسەرکردایەتییەکی تازەی ھەڵقوڵاوی گەشەی کوردەواری و ئەزموونی دوور ودرێژی سەرۆک مام جەلال، رابەر و پێشبینیسازی گۆرانکارییە گەورەکان، ئەم یەکێتییە لە باریدایە و دەتوانێ کاروانی نوێش ئاراستە بکاو وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەل بێت لە پەرەپێدانی زیاتر و زیاتری حوکمڕانی کوردستانی بەرەو لامەرکەزیی ئیداری و دارایی کە گوزەران و ژیانی شایانتر بۆ گەلەکەمان دابینبکات، رێگای کورتبڕ و نوێباو بۆ چارەسەری کێشە ئابووری و سیاسییەکان بدۆزێتەوە، دەستپێشخەری بگرێتەوە دەست بۆ چاکسازی و شەراکەتی ڕاستەقینە، راستکردنەوەی رێرەوی حوکمڕانی دیموکراتی و ئازادی رادەڕبرین و سەربەستییە سیاسییەکان کە ھەر ئەمانە ئامانجی سەرەکی راپەڕینی ١٩٩١ بوون، بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندیەکی دروست و کارا لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی و دابینکردنی مافەو شایستە دەستورییەکانی گەلی کوردستان کە ھەر ئەوەش راستە رێی بەدەستھێنانی ئامانجەکانمانە و پارێزگاری لە دەسکەوتە دەستوریەکانمان دەکات لە ھەر پاشکشێ و ھەڕەشەیەکی ناکاوی ناحەزان.

 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزێكی بەرپرسیار و پەرۆش، بێدرێغ لە تێكۆشان بەردەوام دەبێت، بۆ ئەو ئامانجانەی راپەڕین کە ھێشتا ماون و پێمان وایە بەو نەخشەرێگایە دێتە دی، چونکە لەگەڵ روحی راپەڕین و پێویستی کوردەوارییەکی سەردەمیانەی سەدەی بیستویەك گونجاو و تەبایە. لەم پێناوەشدا بانگێشتی ھەموو ھێزەکانی کوردایەتی و دیموکراتخواز لە کوردستان و عێراق دەکەین پێکەوە ئیرادەی گەلەکەمان بۆ ئەرکەکانی داھاتوو ئامادە و پتەو بکەین.

وڵاتێکی شایستەتر بە گەلێکی قوربانیدەرو شەهید پەروەر دابین بکەین.

 لە کۆتاییدا یادی سێ دەیەی راپەڕین پیرۆز بێت.

-سڵاو لە رۆحی پاكی رابەرو سەرۆكی هەمیشە لەیاد مام جەلال و شەهیدانی كوردستان.

-سڵاو لەپێشمەرگە قارەمانەكان.-سڵاو لە نەوەکانی ئازادی و گەنجە بوێرەکانی سایەی ئەزموونی دیموکراسی کوردستان.

مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket