riklam

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی: سه‌ردانی پاپا زه‌مینه‌سازییه‌ بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی ئاینه‌كان

عیراق 06:33 PM - 2021-03-04
.

.

شرۆڤه‌كارو چاودێرێكی بواری سیاسی جه‌ختیكرده‌وه‌ سه‌ردانی پاپا فره‌نسیس بۆ عیراق ئه‌گه‌ر له‌ ره‌هه‌نده‌ سیاسی و ئاینییه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت، ئه‌وه‌ بۆ عیراق به‌ گۆڕانكارییه‌كی جۆری داده‌نرێت، ئاماژه‌شیدا كه‌سه‌ردانه‌كه‌ زه‌مینه‌سازی بۆ هێنانه‌پێشه‌وه‌ی گفتوگۆیه‌كی نوێ ده‌كات بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی ئایینه‌كان.

واش بڕیاره‌ پاپا فره‌نسیس به‌یانی رۆژی هه‌ینی 5ی شوباتی 2021 له‌سه‌ردانێكی مێژووییدا بگاته‌ عیراق، له‌ئازاری ساڵی 2013ه‌وه‌ له‌و كاته‌وه‌ی پاپا سه‌رۆكایه‌تی كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی ده‌كات، ئه‌وه‌ به‌ یه‌كه‌مین سه‌ردانی داده‌نرێت بۆ عیراق، سه‌ردانه‌كه‌ی چوار رۆژ ده‌خایه‌نێت و واش بڕیاره‌ سه‌ردانی چه‌ند پارێزگایه‌ك بكات له‌وانه‌ به‌غداو هه‌ولێرو موسڵ، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عیراق له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵا كۆده‌بێته‌وه‌و له‌شاری نه‌جه‌فیش له‌گه‌ڵ عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عیراق كۆده‌بێته‌وه‌و پرۆتۆكۆڵێكی ئاشتی له‌گه‌ڵیدا ئیمزا ده‌كات.

له‌و باره‌یه‌وه‌، دوكتۆر ئه‌حمه‌د شه‌ریفی، چاودێر له‌بواری سیاسیدا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌میانی لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ PUKmedia رایگه‌یاند: سه‌ردانی پاپا فره‌نسیس بۆ عیراق له‌ڕه‌هه‌نده‌ سیاسی و دینییه‌كه‌وه‌ ته‌ماشای بكه‌یت به‌ گۆڕانكارییه‌كی جۆری داده‌نرێت و زه‌مینه‌سازی ده‌كات بۆ دایه‌لۆگی نوێی ئاشتبوونه‌وه‌ی ئایینه‌كان و به‌تایبه‌تیش له‌عیراق، وڵاتی ئیبراهیم خه‌لیل(سڵاوی خوای لێبێت).

شه‌ریفی راشیگه‌یاند: ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م هاوكێشه‌یه‌كی گرنگداین و هاوكێشه‌ی هاوسه‌نگی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی له‌عیراقدا ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌ش ته‌واوكه‌ری رێككه‌وتننامه‌ی دوبه‌یه‌ كه‌ به‌رێككه‌وتننامه‌ی خۆشه‌ویستی و ئاشتی ناسراوه‌ كه‌له‌ نێوان پاپا فره‌نسیس و شێخی ئه‌زهه‌ردا مۆركرا.

روونیشی كرده‌وه‌،ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م هاتنی مه‌رجه‌عێكی میانڕه‌ودا وه‌ستاوین كه‌ ده‌یه‌وێت وێنه‌ی سیمای نوێی ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێزو خۆشه‌ویستی و له‌یه‌كبووردن بكێشێت كه‌ دوور بێت له‌ توندوتیژی و توندئاژۆیی،جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، وێرای ئه‌وه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ به‌سه‌ردانێكی مێژوویی داده‌نرێت،  به‌ڵام پێویسته‌ عیراق له‌لایه‌نی سیاسیه‌وه‌ وه‌به‌رهێنانی بێوێنه‌ی تێدا بكات، چونكه‌ سه‌ردانه‌كه‌ گۆڕانكاری  له‌ڕه‌وتی رووداوه‌كانی عیراقدا دروست ده‌كات و وامان لێده‌كات به‌ڕووی ده‌وروبه‌ره‌ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌دا زیاتر كراوه‌ بین.

شه‌ریفی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی سه‌ردانه‌كه‌ به‌ئایینه‌كانه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ سه‌ردانی پاپا زه‌مینه‌سازی بۆ به‌یه‌كگه‌یشتنی هه‌ر سێ ئایینه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عیراق ده‌كات، ئیسلام و مه‌سیحی و جووله‌كه‌، روونیشی كرده‌وه‌ سه‌ردانه‌كه‌ به‌ هاوكێشه‌یه‌كی زۆر گرنگ داده‌نرێت و رێگه‌یه‌كی نوێیه‌ بۆ ره‌وتی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌رانسه‌ری جیهان و ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌تایبه‌تی.

چاودێره‌كه‌ی كاروباری سیاسی ئاماژه‌شیدا، ئه‌م كارو چالاكییانه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هۆشیاری رای گشتی عیراق دروست ده‌كات.

شه‌ریفی ئاماژه‌شیدا كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ هانده‌رێك ده‌بێت بۆ عیراقییه‌كان و وایان لێده‌كات له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا ئه‌ركه‌كانیان باشتر جێبه‌جێ بكه‌ن و دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌ هه‌ڵچوونه‌ سۆزدارییه‌كان و عه‌قڵانیتر بڕیار له‌سه‌ر پرسه‌كان بده‌ن و رێگایه‌كان هه‌ڵبژێرن، شه‌ریفی واشی بۆ ده‌چێت له‌قۆناغی داهاتوودا فۆڕمی سیاسی له‌عیراقدا گۆڕانكاری ریشه‌یی و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌سه‌ردا دێت و  به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ شایسته‌كانی قۆناغه‌كانی داهاتوودا بگونجێت.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket