سەردانی پاپا بۆ نزیكردنەوەی ئایینەكان و پاڵپشتی عیراق گرنگە

سەردانی پاپا بۆ نزیكردنەوەی ئایینەكان و پاڵپشتی عیراق گرنگە


3/3/2021 19:08:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.

شەقامی عیراق و عەرەبی و جیهان چاودێری ئەو سەردانە مێژووییەی پاپا فرەنسیس دەكەن كەوا بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو 5ی ئازاری 2021 سەردانی عیراق بكات، لەو كاتەوەی سەرۆكایەتی كەنیسەی كاسۆلیك دەكات لەساڵی 2013ەوە، ئەوە بەیەكەم سەردانی دائەنرێت كە بۆ عیراقی دەكات و واش بڕیارە سەردانەكەی چوار رۆژ بخایەنێت و لەو ماوەیەشدا بەنیازە سەردانی 5 پارێزگای عیراق بكات كە لەنێویاندا بەغداو هەولێرو موسڵ هەیە، هەروەها لەمیانی سەردانەكەیدا چاوی بەژمارەیەك بەرپرسی پلە باڵا  دەكەوێت و سەردانی شاری نەجەف دەكات و چاویدەكەوێت بە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی لەعیراق و پرۆتۆكۆلێكی ئاشتی لەگەڵدا ئیمزا دەكات.

زۆربەی سیاسەتمەداران و پیاوانی ئایینی و چاودێران سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ عیراق بەگرنگ دەزانن و كۆكن لەسەر ئەوەی سەردانەكە كاریگەری ئەرێنی دەبێت و پەیامێكی دڵنیایشە بۆ عیراق و گەلەكەی كە پاپا لەهاووڵاتیانی عیراق نزیكەو جێدەستی دیاری دەبێت لەچارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و ئابوورییەكاندا.

خشتەی سەردانی پاپا فرەنسیس بۆ عیراق

وا بڕیارە پاپا فرەنسیس رۆژی هەینی، 5ی ئازار بگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداو پێشوازیی رەسمی لێبكرێت، هەر لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی و لەهۆڵی شەرەف چاوی بە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراقی فیدڕاڵ دەكەوێت و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ كۆشكی كۆماری و رێوڕەسمی بەخێرهێنانی بۆ رێكدەخرێت، دوابەدوای ئەوە، سەردانی رەسمی دوكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق دەكات.

هەر هەمان رۆژ، پاپا فرەنسیس لەگەڵ دەسەڵاتەكانی عیراق و كۆمەڵگەی مەدەنی و نێردە دیپلۆماتییەكان كۆدەبێتەوە، پاشان بەرەو كاتدرائی كەنیسەی (سەیدە نەجات)ی سریانە كاسۆلیكەكان لەبەغدای پایتەختی فیدڕاڵ بەڕێدەكەوێت.

لەدووەم رۆژی سەردانەكەیدا واتا رۆژی شەممە، پاپا فرەنسیس سەردانی پارێزگای نەجەف دەكات و چاوی بە سەماحەتی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی دەكەوێت، دوای ئەوە سەردانی شاری دێرینی ئور لەپارێزگای زیقار دەكات، ئێوارەی هەمان رۆژ، لە بەغدای پایتەختی فیدڕاڵ، بەشداری لەئاهەنگی كلدانییەكان دەكات.

پاپا فرەنسیس رۆژی یەكشەممە 7ی ئازار، بەرەو شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕی دەكەوێت، هەمان رۆژ سەردانی شاری موسڵ دەكات و نزا بۆ قوربانیانی شەڕی دژ بەتیرۆرستانی داعش دەكات و پاشان بەرەو قەرەقووش دەكەوێتە رێ‌ و سەردانی كەنیسەی تاهیرە دەكات، دوای ئەوە بەرەو شاری هەولێر دەگەڕێتەوەو ئێوارەكەی بەشداری لەئاهەنگی قەداسەت لەگۆڕپانی فرانسۆ حەریری دەكات.

بەم شێوەیە پاپا فرەنسیس كۆتایی بەسەردانەكەی بۆ عیراق دەهێنێت و رۆژی دووشەممە لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا رێوڕەسمی ماڵئاوایی بۆ رێكدەخرێت.

قووڵكردنەوەی پەیوەندییە ئایینییەكان

سەبارەت بەو پرسە، كەنیسەی مار یوسفی كەلدانییەكان لەسلێمانی، جەختیكردەوە كە سەردانی پاپا بۆ عیراق گیانی پێوەندییەكان لە نێوان پێكهاتەكانی مەسیحی و موسڵمانان و سەرجەم ئایینەكانی تری عیراق و هەرێمی كوردستان زیاتر دەكات.

ئەیمەن عەزیز، سەرپەرشتیاری كەنیسەی مار یوسف لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: سەردانی پاپا كاریگەری ئەرێنی لەسەر قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان مەسیحی و موسوڵمانان و ئایینەكانی تری عیراق و هەرێمی كوردستان دروست دەكات.

راشیگەیاند: مەبەستێكی تری سەردانی پاپا بۆ عیراق بۆ نزیكەوە ئاگاداربوونییەتی لە دۆخی مەسیحییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان، سەردانەكە هاندەرێك دەبێت بۆ مانەوەی مەسیحییەكان لەعیراق و كۆچ نەكردنیان بۆ دەرەوەی وڵات.

ئاماژەشیدا، پاپا باوكی روحی مەسیحییەكانی جیهانەو سەردانەكەشی بۆ عیراق ئەوە دووپات دەكاتەوە كە پاپا فرەنسیس پاڵپشت و پشتیوانە بۆ عیراق و عیراقییەكان، لە مەسیحی و موسوڵمان و پێكهاتەو ئایین و تایفەكانی تر.

سەردانی پاپا كرانەوەی خێرو خۆشییە بەسەر عیراقدا

هەر سەبارەت بەپرسی سەردانی پاپا بۆ عیراق، شێخ عیسمەت خاقانی، پێشنوێژو وتاخوێنی حوسەینییەی حەكیم لەسلێمانی جەختیكردەوە كە سەردانی پاپا بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت سەردانێكی مێژووییە.

خاقانی لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia راشیگەیاند: لەو دۆخە هەستیارەی عیراقی پێدا تێپەڕ دەبێت و دەرئەنجامی قەیرانە دووبارەكان و ئەو بارودۆخە سیاسی و ئەمنیی و ئابوورییەی وڵاتی پێدا تێپەڕ دەبێت، سەردانی پاپا بەسەردانێكی مێژوویی دادەنرێت.

راشیگەیاند: بەهۆی كێشە هەڵپەسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغداو دۆخی خۆپیشاندانەكان و پەتای كۆرۆناو خراپی خزمەتگوزارییەكان لەپارێزگاكانی باشووری عیراق، ئەو سەردانە بەسەردانێكی جۆری دادەنرێت و بۆ یەكەم جارە كەسایەتییەكی وا گەورەو گرنگی وەك پاپا فرەنسیس سەردانی عیراق بكات و دەتوانین بەكرانەوەی خێروخۆشی بۆ عیراق لەقەڵەمی بدەین و هەروەها پەیامێكە دەدرێ بەگوێی هەموو جیهان كە عیراق وڵاتێكی دیموكراتییەو خاوەن سەرەوەری خۆیەتی.

ئاماژەشیدا كە سەردانی پاپا هەم سەردانی ئاینییەو هەمیش سیاسییە، سەردانیشی بۆ نەجەف و دیداری لەگەڵ سەماحەتی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی كە گوزارشت لە میانڕەوی دەكات و كۆكەرەوەو یەكخەری سوننەو شیعەو پێكهاتەكانی تری عیراقە، وێستگەی ئاشتی عیراقییەكانەو هەمیشە هەوڵیداوە خۆشەویستی و برایەتی و ئاشتی لەنێوان هەموواندا بڵاوبكاتەوە، ئەم سەردانەی بۆ شاری نەجەف گەیاندنی پەیامێكە بۆ هەموو مەسیحییەكانی عیراق و جیهان كە پێكهاتەی مەسیحی بەشێكی دانەبڕاوە لەعیراق و خاوەنی مێژووییەكی گەورەو دێرینی سەدان ساڵەن.

پێشنوێژو وتارخوێنی حسێنییەی حەكیم ئاماژی بەوەشدا كە پاپا بۆ چارەسەی كێشەكان، كاریگەری گەورەی لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هەیە، چ ئەو كێشانە بێت كەلەنێوان هەرێمی كوردستان و عیراقدا هەیە، یاخود كێشەكانی نێوان عیراق و وڵاتانی هەرێمایەتی، ئەوە دڵنیایی كردنەوەیەكە بۆ حكومەتی عیراق و حكومەتەكانی جیهان كە عیراق بەشێكی جیانەكراوەیە لە سیستەمی سیاسی جیهانی و سەقامگیری عیراق بە مانای سەقامگیری ناوچەكە دێت، هیوادارە كەسەردانی كەسایەتییەكی گەورەی وەك پاپا فرەنسیس بۆ عیراق ببێتە مایەی هاندانی سەرجەم عیراقییەكان بۆ بەشداریكردنیان لەپرۆسەی سیاسیدا.

نەجەف ئامادەكاری بۆ پێشوازی لەپاپا دەكات

هەر لەبارەی سەردانەكەی پاپا فرەنسیس بۆ عیراق و شاری نەجەف، پارێزگاری ئەو شارە ئاشكرایكرد كە ئامادەكاریی تەواویان كردووە بۆ پێشوازیكردن لە پاپای فاتیكان بۆ پارێزگاكەیان.

لوئەی ئەلیاسری، پارێزگاری نەجەف روونیكردەوە كە حكومەتی خۆجێیی ژمارەیەك تیمی پێكهێناوە بۆ ئیدارەدانی ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازی لەپاپای فاتیكان بۆ پارێزگاكەیان و دیداری لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی.

سەردانی پاپا پەیامی ئاشتییە بۆ عیراق و ناوچەكە

لەو بارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاندبوو كە پاپا فرەنسیس، پاپای فاتیكان رۆژی 5ی ئازارو بۆ یەكەمین جار سەردانی عیراق دەكات.
لەڕاگەیەنراوێكدا، وەزارەتی دەرەوەی فیدڕاڵی روونیشی كردبوەوە كە پاپا فرەنسیس، پاپای كەنیسەی كاسۆلیك لەماوەی 5 بۆ 8 ی ئازای 2021 سەردانی عیراق دەكات، راشیگەیاندبوو سەردانەكەی گوزارشت لەپەیامی ئاشتی دەكات بۆ عیراق و سەرجەم ناوچەكە، جەختكردنەوەشە لە یەكێتیی هەڵوێستی مرۆڤایەتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی توندئاژۆیی و ململانێیەكان و پتەوكردنی فرەیی و لێبووردەیی و پێكەوەژیان، عیراق بەوە جیادەكرێتەوە كەوڵاتی فرە ئیتنیك و ئایینەكانە، موسوڵمانان بەشێكی زۆری دانیشتوانەكەی پێكدەهێنێت و هاووڵاتیانی ئایینی مەسیحی بە دووەم پێكهاتەی ئایینی لەوڵات دادەنرێت.

بۆ بەخێرهاتن لەپاپا شاری ئوڕ رووناك دەكرێتەوە

لەو بارەیەوە، عەلی شەڵغەم، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كنەو پشكنینی شوێنەوار رایگەیاند: كادێری فەرمانگەكەیان هەڵساون بەرووناكردنەوەی شاری شوێنەواری ئور.

روونیشی كردەوە، تاوەكو ئەم كاتەش كادێرەكانی شوێنەوارییان خەریكی بەدواداچونی كارەكانیانن لەشاری شوێنەواری ئورو ئامادەكاریی بۆ پێشوازی لە پاپاو سەرپەرشتیكردنی هەموو ئەو كارانەی كە كۆمپانیای نەوت لەزیقار پێی هەڵدەستێ‌.

سەردانی پاپا و كاریگەرییەكەی لەسەر هۆشیاری گەنجان

لەو بارەیەوە، حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزارو شوێنەوار، رایگەیاند: گرنگە بیر لەو سەردانەی قەداسەتی پاپا فرەنسیس بكەینەوە كە بۆ عیراقی دەكات و ئەو سوودانەی لەسەرجەم ئاستەكاندا بەعیراقی دەگەیەنێت.

رۆژی دووشەممە 1ی شوبات، نازم حەسەن لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەدیوانی وەزارەت، سەبارەت بەخەسڵەتەكانی سەردانە راگەیەنراوەكەی پاپا بۆ عیراق وتبووی: لەخشتەی كارەكانی سەردانەكەیدا كە 4 رۆژ دەخایەنێت، وا بڕیارە رۆژی  هەینی پاپا فرەنسیس بگاتە بەغداو چەند دیدارو كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات و سەردانی چەند جێگەو شوێنیكی ئایینی و دێرین بكات.

وەزیر راشیگەیاندووە قەداسەتی پاپا لەبەغدا دیداری لەگەڵ دەستەبژێری سیاسی و كۆمەڵایەتی و پیاوانی ئایینی و چالاكوانی مەدەنی دەبێت و ئامادەیی بەرچاوی دەبێت لەشاری شوێنەواری ئور لەپارێزگای زیقار، ئاماژەشیداوە، هیودارن سەردانەكە ببێتە مایەی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری لای گەنجان و رووداوەكانی پارێزگاكە نەبنە هۆكار بۆ تێكدانی كەشی سەردانەكە.

پەیوەست بە رووداوەكانی ناسڕییە، وەزیر وتیشی: ئەم سەردانە لە بەرژەوەندی شارەكەدایەو حكومەتیش ئاگاداری دۆخی شارەكە هەیە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ رێنمایی داوە كە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران لەوێ‌ بكرێت و بەئامادەبونی پارێزگار، بەو پێیەی پارێزگایەكی كارەساتبارەو سندوقێكیشی بۆ پشتیوانی لەپرۆژەكانی شارەكە پێكهێناوە، سەردانەكەش بۆ شاری ئور وێستگەیەك دەبێت بۆ دایەلۆگی نێوان ئایینەكان و دەرفەتێكیشە بۆ بەیەكگەیشتنی سەرجەم ئایینەكان لەعیراق، لەموسوڵمان و مەسیحی و سابئەو مەندائیی و ئیێزدییەكان.

بەوتەی خۆی، نازم راشیگەیاند: وێستگەیەكی گەورەی تری سەردانەكەی پاپا شاری نەجەف و ئەو دیدارە مێژوویییە دەبێت كە لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی ئەنجامی دەدات بەمەبەستی تاوتوێكردنی پرسەكانی دایەلۆگی ئایینی و پتەوكردنی ئاسایش و ئاشتی لەوڵاتەكەماندا، كە تا ئێستاش بەدەست بیری توندوتیژی و لەیەكترنەبووردنەوە دەناڵێنین، ئاشكراشیكرد، پاپا لە دوا وێستگەی سەردانەكەیدا بۆ عیراق، سەردانی هەردوو شاری موسڵ و هەولێر دەكات و بەردەوام دەبێت لەدیدارو كۆبوونەكانی و نزاكانی بۆ قوربانیانی دەستی تاقمی تیرۆرستی داعش.

وەزیری رۆشبیری راشیگەیاند: ئەم سەردانە دەبێتە دەرفەتێك بۆ عیراق تاوەكو  لەڕووی كۆمەڵایەتی و لێكەوتەكانی لەسەر ئاشتی و پێكەوەهەڵكردنی كۆمەڵگە سوودی لێوەربگرێت، هەروەها سەردانەكە لێكەوتەی لەسەر ئابووری و گەشتیاری دەبێت و ئومێد هەیە سەردانەكە ببێتە مایەی بووژاندنەوەی كەرتی گەشتیاری و دەستەی گەشتوگوزاریش لەم بوارەدا دەستیكردووە بەجێبەجێكردنی كۆمەڵێك پرۆژە.

نازم كۆتایی وتەكانی بەوە دەهێنێت كە ئەم سەردانەی پاپا بەری رەنج وهەوڵی گەورەی دامەزراوە ئاینییەكان و ئەو دامەزراوانەیە كە پەیوەندیدارن بەدایەلۆگی نێوان ئایینەكان و ئەو كۆڕو كۆبوونەوانەی ئەنجامیان دابوو كە توانییان یەكەمین پەیوەندی لەگەڵ فاتیكان دروست بكەن، لەنێویاندا خانەی زانستی ئیمام ئەلخوئی، كە دەستپێشخەر بوو بۆ بەستنی یەكەمین دیداری نێوان شیعەو كاسۆلیك، هەروەها ماوەی چەند ساڵێك بوو بەهاوكاری لەگەڵ كاردینال لویس ساكۆ، بەتریاركی كەلدانی كاسۆلیك لەعیراق و جیهان و كۆڕی فیقهی عیراقی لە ئیمام ئەعزەم و دامەزراوەی مەسارات بەسەرۆكایەتی دوكتۆر سەعد سەلوم و دامەزراوەی ئایینەكان لە لوبنان هەوڵی زۆر گەورەیدا بۆ هێنانەپێشەوەی گفتوگۆی نێوان ئایین و مەزهەبەكان.

پەرلەمانی كوردستان تاوتوێی گرنگی سەردانی پاپا دەكات

لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لەپەرلەمانی كوردستان، دوێنێ‌ سێشەممە، تاوتوێی لەبارەی گرنگی سەردانی پاپای بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان كرد.

لیژنەكە لەراگەیەنراوێكدا وتیشی: ئەوان بەگرنگییەوە دەڕواننە سەردانی پاپا فرەنسیس، پاپای فاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان، سەردانەكە بەڕووداوێكی مێژوویی دادەنێن كە بۆ یەكەمین جارە قەداسەتی سەردانی هەولێر بكات و تاوەكو لەنزیكەوە ئاگاداری رەوشی پێكەوەژیانی نێوان ئایینەكان بێت لەكوردستان، كوردستان بۆتە نموونەیەكی بەهێزو زیندوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان.

سەردانی پاپا فرەنسیس بۆ عیراق رەهەندو بەڵگەی زۆر هەڵدەگرێت

ئەحمەد خدر، چاودێری سیاسی عیراق لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia جەختیكردەوە كەسەرجەم پۆست وپلەكانی پاپا خۆی لە پیرۆزی و ئەو روحیەتدا دەبینێتەوە كەهەیەتی بۆ ئایینی مەسیحی لە وڵاتە گەورەو زەبەلاحەكاندا، وێرای ئەو پێگەو پایەیەی كە كەسایەتی پاپا هەیەتی لەبانگەوازەكانیدا بۆ ئاشتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەو ئایینەكان و رێزگرتن لەسەرجەم رەگەزەكانی مرۆڤ.

خدر راشیگەیاند: سەردانەكەی پاپا بۆ عیراق گرنگ و كاریگەرەو بەتایبەتی لەم قۆناغەدا كەعیراقی پێدا تێپەڕ دەبێت و پێویستی بە پشتیوانی مەعنەوی و روحی هەیە، ئاماژەشیدا كە ئەم سەردانە بۆ هەموو جیهانی دەسەلمێنێت كە عیراق لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وڵاتێكی كاریگەرەو وڵاتێكە پێگەی قووڵی ئایینی و مێژوویی و دۆخی سیاسی تایبەت بەخۆی هەیە، راشیگەیاند: بەهۆی بوونی پێكهاتەی ئیتنیكی و ئایینی و مەزهەبی جیاوازەوە، هەمیشە چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر بووەو ئەوەش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هاوكار بووە بۆئەوەی یارمەتی و پشتیوانی عیراق بكرێت.

خدر راشیگەیاند: سەردانی پاپا پەیامێكە بۆ وڵاتانی گەورەو زەبەلاحی دونیا كە روو لەعیراق بكەن و لەسەرجەم كایە جیاوازەكانی خوێندن و كۆمەڵایەتی و ئابووری و سەربازیی پشتیوانی لێبكەن و هەروەها لەبەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ گرووپە تیرۆرستەكاندا پاڵپشتی لە عیراق بكەن، ئاماژەشیدا كە پاپا لەمیانی ئەم سەردانەیدا، دەیەوێت بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێت كە عیراق وڵاتێكی گرنگەو قووڵاییەكی مێژوویی و ئایینی و روحی هەیەو ناكرێت دەستبەرداری ببین.

ئەو چاودێرە سیاسییە روونیشی دەكاتەوە كە عیراق لەڕووی ئایینی و هەرێمایەتییەوە گرنگی خۆی هەیەو عیراق وڵاتێكە بوونی هەیەو كاریگەرەو پێویستە یارمەتی بدرێت، سەردانەكەی پاپاش بۆ عیراق لەلایەن سەرجەم پێكهاتە ئایینی و تایەفەكانەوە پێشوازی لێدەكرێت، چونكە پاپا لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراق، لەناوەڕاست و باشوور و هەرێمی كوردستان، كەسایەتییەكی رێزلێگیراوەو هەروەها دەبێتە پاڵپشتێكی مەعنەوی بۆ مەسیحەكانی عیراق كە بەدەست تیرۆرستانی داعشەوە زوڵم و ئازاری زۆریان چێشت، دەبێتە پەیامێكی دڵنیاكەرەوە بۆ ئەوان و سەرجەم پێكهاتەكانی تری عیراق، رەنگیشە بەشێوەیەكی رێژەیی نەك بەتەواوەتی سەردانی پاپا ببێتە هۆكارێك بۆ بەرگرتن لەكۆچی مەسیحییەكان بۆ دەرەوەی عیراق.


PUKmedia هامیار عەلی

وێنە هەواڵ
  • image04
  • سێ شەمە یەكەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزانە

  • image04
  • خانه‌قین.. په‌رده‌ له‌سه‌ر تابلۆی شه‌ھیدانی ھه‌ڵۆی سور لادرا

  • image04
  • كۆڕێ، ئه‌و داستانه‌ی به‌رگریی یه‌كێتی به‌ده‌ستیهێنا

  • image04
  • رۆژی كه‌وتنی بته‌كه‌

  • image04
  • بە بەشداری بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنەكان بەڕێوەدەچێت

  • image04
  • 21 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی برایم ئه‌حمه‌د تێده‌په‌ڕێت

  • image04
  • سه‌رۆك کۆمار نامه‌یه‌كی له‌ قه‌داسه‌تی پاپا فرانسیس پێگه‌یشت

  • image04
  • 16 ساڵ پێش ئێستا بۆ یەكەمینجار پێشمەرگەیەك بوو بەسەرۆك كۆمار


                                           

ناوه‌ندی فینلاند سه‌ردانی باڵیۆزخانه‌ی عیراق ده‌كات


رۆژی پێنجشه‌ممه رێكه‌وتی 8-4-2021 له‌ شاری هیلسنكی وه‌فدێكی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ فینلاند سه‌ردانی...


  ژنە كوردێك لە فەڕەنسا كوژرا
  دكتۆریكی كورد لە كەنەدا گیانی لەدەستدا
                                           

چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د زه‌هاوی


هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د زه‌هاوی: زۆربه‌ی په‌یكه‌ره‌كانی من ،له‌ فلكلۆر و  كلتوری كوردی سه‌رچاوه‌ ده‌گرن

هونه&...


  د.یاد نەقشبەندی:29 حاڵەتی توشبوی كۆرۆنا تەندروستیان زۆر ناجێگیرە
  چێشتخانه‌یه‌ك له‌هه‌ورامان خواردنێكی جیاواز پێشكه‌ش ده‌كات
                                           

سه‌ندیكای كرێكاران داوای یاسایه‌كی تازه‌ی كار بۆ كرێكاران ده‌كات

سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان نه‌بوونی یاسایه‌كی سه‌رده‌می و تازه‌ به‌ هۆكارێكی گرنگ سه‌ره‌كی به‌رده‌م دابینكردنی مافی كرێكاران ده&zw...


  ڕه‌هه‌نده‌ یاساییه‌كانی تاوانی ئه‌نفال
  ئەنفال تاوانی سەدە


کاریکاتێر