نەمردین و ماکیاڤیلی خۆمان بینی،
بە جامانە و کڵاشەوە.
ڤاکسینی کۆرۆنای چینی
بە سرنجی بەلاشەوە.
ئیعلام خان روونی کردەوە
هەستی رەغد ناسکترە،
لە شیعری لۆرکا و مەولانا.
شکور دەرکەوت
چەپڵەی ئەمڕۆ فەرقی نییە،
لەگەڵ سیخوڕیی جارانا.
تێگەیشتین
دەسەڵات وەکو ئەسڵەعی
ویراسییە.
هەموو رۆژ کانی ماسییە.
بۆت سەلماندین
ئاساییە،
بەفر رەشتر بێ لە قەتران.
رێوی بکرێ
بە سەرۆکی حیزبی کۆتران.
سەگ بەو هەموو ساڵە زۆرەی
وەفا و رەنج و خەباتەوە،
ماستاو بۆ پشیلەی خوێڕی
سارد کاتەوە.
ئاساییە
مەرحەبای تورک
بێ غەرەز بێ،
لە ناو وەزارەتی گۆشتا،
چەقەڵ لێپرسراوی بەز بێ.
سەد هەزار جار
سوپاس رۆژگار.