لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی و پەلەرەوە بەسەرۆكایەتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ چەند بڕیارێك دەركرا.
دەقی بڕیارەكان:
1- جەختكردنەوە لەسەر قەدەغەكردنی مریشكی هاوردە و بەستوو بەهەموو شێوەیەك لەتەواوی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندی دارەكان دەكرێت.
2- هەڵمەتێكی نیشتیمانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمی قاچاغ و نایاسایی لەبازاڕەكان ئەنجام دەدرێت بەسەرپەرشتی خودی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.
3- بڕیار درا بە ڕاگرتن وقەدەغەكردنی پارچەكانی مریشكی هاوردەكراو، لەبڕی ئەمە خاوەنی سەربڕخانەكانی كوردستان راسپێردران كە ئامادەكاری بكەن بۆ پركردنەوەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بە لەبەرچاو گرتنی خواستی براندە بیانیەكان.
4- بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوەخۆیی و بەرهەمی دەواجن و سەربڕخانەكانی هەرێمی كوردستان هەفتەی داهاتوودا هەڵمەتێكی راگەیاندن بۆ ناساندنی ستیكەر وباركۆدی تایبەت لەسەر بەرهەمی سەربڕخانەكانی هەرێمی كوردستان دەچێتە بواری جێەبەجێ كردنەوە كەئەمە دەبێتە هۆكارێك بۆ پارێزگاری و ناساندنی بەرهەمی ناوەخۆیی بە كوالێتیەكی بەرز و نرخێكی گونجاو بۆ بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان.
5- جەنابی وەزیر سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی راسپارد لە ناو وەزارەتی كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو بۆ چارەسەركردن و بەدواداچوونی هەموو ئەو بابەتانەی كە پەیوەندی هەیە بەپیشەسازی پەلەوەرەوە، بەتایبەتی لە پرۆژەكانی مریشكی گۆشت و كارگەكانی ئالیك و سەربڕخانەكان، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵی و ڤێترنەری پارێزگاكان بۆ كاروبارەكان.
6- تاكیدكردنەوە لەگەڵ وەزارەتی كارەبا لەسەر نرخی كارەبا بۆ پرۆژە گرنگەكانی پەلەوەری و پرۆژەكانی كشتوكاڵی دوای پشتگیری كردنیان لەلایەن وەزارەت.
7-وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە نوسراوێكی فەرمیدا داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەكات كە لە پێناوی گرنگی دان و پاڵپشتی كردنی بەرهەمی ناوەخۆی گشتاندن بكات بۆ وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوەخۆ و تەندروستی و كاروباری كۆمەڵایەتی و كار، كە بەرهەمی كێلگە پەلەوەریەكانی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان بكڕنەوە.
PUKmediaراگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو