riklam

مێژووی دروستبوونی قەزای ماوەت

هەمەرەنگ 12:45 PM - 2021-02-23
.

.

قەزای ماوەت لە شارباژێر یەكێكە لە قەزاكانی پارێزگای سلێمانی و ناحییەی ماوەت ناوەندی قەزاكەیە، لە 78 گوند پێك ھاتووە و بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە ئاو و هەوایەكی فێنكی هەیە. 

پێش فتوحاتی ئیسلام ماوەت لەسەر شاری بانەی ئێران بووە و كەسێك بەناوی قەهقۆن حاكمی بانە بووە، كاتێ فتوحاتی ئیسلامیش بۆ سەر سنوورەكە  بە سەرپەرشتی عەبدولڵای كوڕی عومەر دەستی پێكردووە  قەهقۆن حاكمی بانە لە شەڕی دژی عەرەبەكاندا  كوژراوە، بەڵام  كوڕێكی  قەهقۆن بەپێچەوانەی باوكییەوە یارمەتی موسڵمانەكانی داوە، بۆیە (عەبدولڵای كوڕی عومەر) ناوەكەی گۆڕیوە   بۆ (خیارە دین) و لە شوێنی (قەهقۆن) كردویەتی  بە حاكمی بانە.

لەدوای ئەمەوە حاكمێتی سنووری بانە پشتاو پشت هاتووە تا سەردەمی خان ‌ئیسماعیل سوڵتان فەرمانڕەوای بانە، ئەویش كوڕێكی  خۆی بەناوی (ئەسكەندەر) كردۆتە حاكمی ماوەت، بەڵام ئەسكەندەر حاكمی ماوەت كەسێكی زاڵم بووە لەگەڵ خەڵكدا، لەو سەردەمەشدا فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە حاكمی میرنشینی بابان لەدارشمانە كۆچی دوای ئەكات و خان داغی كوڕی جێگەی ئەگرێتەوە  بەهۆی نزیكی ماوەت لە سنووری میرانی بابان و ویستس خان داغ بۆ فراوانكردنی سنوری ئیماراتەكەی، عەشیرەتەكانی  (ئاكۆ ، بڵباس ، ئالان و ماوەت) بەیعە ئەدەنە حاكمی ئیماراتی بابان، بەمە (ماوەت) ئەبێتە بەشێك لە سنوری ئیماراتی بابان.

ئەسكەندەر خان ئیسماعیل سوڵتان حاكمی ماوەت لە ماوەت مردووە  هەر لەوێش بەخاكسپێردراوە، ئێستا گۆڕەكەی لەماوەت نزیك كانی بنچنارە، لەسەر بەردی گۆڕەكەی بەفارسی و بەنوسینی بارز نوسراوە (مزار ئیسماعیل ئەسكەندەر پاشا - ماوەت)، كاتێ (محسین نازم ئەفەندی) چۆتە ماوەت نووسینەكەی خوێندۆتەوە، نووسینەكە دیكۆمێنتێكی مێژووی و گرنگە ، بەڵام بە داخەوە لێكۆڵینەوەی لەسەر نەكراوە.

لە ساڵانی 1608 بۆ 1619 ی زاینی خان داغ ماوەتی كردۆتە پایتەختی بەهار و هاوینەی ئیماراتەكەی و پایز و زستانیشی لە دارشمانە بووە. 

قەزای ماوەت بەهۆی شوێنە جوان و دڵگیرییەكەیەوە  جوانییەكی تایبەتی هەیە، بەڵام هەتا ئێستا بایەخێكی ئەوتۆی پێنەدراوە. 

PUKmedia ئامادەكردنی.. مامۆستا ئاسۆ عومەر حەمەئەمین

فۆتۆ.. شۆڕش وەهبی

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket