riklam

هه‌وڵی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی عیراق و سعودیه‌ ده‌درێت

عیراق 11:03 PM - 2021-02-21
.

.

چاودێرێكى سیاسى، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21ى شوبات، روونیكرده‌وه‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنى دۆخى سیاسى ناوچه‌كه‌، له‌ سیاسه‌تدا شتێك نییه‌ به‌ناوى سه‌ردانى ده‌ورى یاخود ئاسایی، جه‌ختیشى كرده‌وه‌، له‌ئێستادا عیراق رۆڵى نێوه‌ندگیرى له‌نێوان سعودیه‌و ئێراندا ده‌گێرێت تاوه‌كو ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنى له‌سه‌ر دۆخى ناوخۆیى وڵاته‌كه‌ى دروست بكات.


عوسمان غانمى، وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌تى فیدڕاڵى، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تى وه‌فدێكى باڵا، گه‌یشته‌ وڵاتى سعودیه‌.


نووسینگه‌ى راگه‌یاندنى وه‌زیرى ناوخۆ له‌بڵاوكراوه‌یه‌كدا كه‌وێنه‌یه‌كى ده‌ست PUKmedia كه‌وتووه‌، رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ غانمى به‌سه‌رۆكایه‌تى وه‌فدێكى باڵاى وڵاته‌كه‌ى كه‌ ژماره‌یه‌ك وه‌زیرى له‌خۆگرتبوو، گه‌یشته‌ سعودیه‌.


ئه‌حمه‌د خزر، شاره‌زاى سیاسى له‌میانى لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ PUKmedia روونیكرده‌وه‌، به‌له‌به‌رچاوگرتنى دۆخى سیاسى ناوچه‌كه‌، له‌ سیاسه‌تدا شتێك نییه‌ به‌ناوى سه‌ردانى ده‌ورى یاخود ئاسایی، روونیشى كرده‌وه‌، دۆخه‌كه‌ پێویستى به‌ئاسایى كردنه‌وه‌ هه‌یه‌وبۆئه‌وه‌ى به‌رپرسانى عیراق بتوانن سه‌ردانه‌ ئاسایی و ئامانجداره‌كان ئه‌نجام بده‌ن و گرنگى به‌په‌یوه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ بده‌ن.

ئه‌حمه‌د خزر راشیگه‌یاند: ئامانج له‌و سه‌ردانانه‌ جێگیركردنى رێككه‌وتنه‌كان و داڕشتنى سیاسه‌تێكى یه‌كگرتووه‌و ره‌نگیشه‌ ئامانج لێى هێوركردنه‌وه‌ى دۆخى گڕگرتووى ناوچه‌كه‌ بێت، ئاماژه‌شیدا، ره‌نگه‌ سه‌ردانى غانمى بۆ سعودیه‌ له‌م كاته‌دابۆ ئه‌وه‌ بێت عیراق رۆڵىَ بگێڕێتبۆ هێوركردنه‌وه‌ى  گرژییه‌كانى نێوان ئێران وسعودیه‌ به‌تایبه‌تی له‌م ماوه‌یه‌دا، به‌تایبه‌تیش دواى هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانى شارى هه‌ولێرو رێككه‌وتننامه‌ى شه‌نگال و هه‌روه‌ها سنوورى نێوان عیراق و سعودیه‌.

ئه‌حمه‌د خزر ئاماژه‌شیدا، عیراق له‌میانى ئه‌م سه‌ردانه‌یدا بۆ وڵاتى سعودیه‌، ده‌یه‌وێت په‌یامى دڵنیایى بگه‌یه‌نێت به‌ شانشینى عه‌ره‌بى سعودیه‌و بۆى بسه‌لمێنێت كه‌ ده‌نگه‌ ناوخۆییه‌كان و ئه‌و ده‌نگه‌ حزبییانه‌ى داواى پچڕاندنى په‌یوه‌ندییه‌كان و دوژمنایه‌تى كردنى سعودیه‌ ده‌كه‌ن هیچ كاریگه‌رییه‌كییان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان نابێت، ئاماژه‌شیدا، سیاسه‌تى مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زیرانى فیدڕاڵ له‌به‌رامبه‌ر وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌وروبه‌ر روون وئاشكرایه‌و به‌دواى په‌یوه‌ندییه‌كى هاوسه‌نگ و باشدایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌داو نایه‌وێت دۆخى ناوچه‌كه‌ روو له‌هه‌ڵكشان بكات و هیچ گرژییه‌ك رووبدات، راشیگه‌یاند: كازمى خوازیارى په‌یوه‌ندییه‌كى هاوسه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتى دراوسێى ئێران و سعودیه‌و توركیاش،  به‌و پێیه‌ى ئێران وڵاتێكى گرنگه‌و سنوورێكى دوورودرێژى له‌گه‌ڵ عیراقدا هه‌یه‌و وێراى ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانیی و رێككه‌وتننامه‌ سه‌ربازییانه‌ى له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا هه‌یه‌.

روونیشى كرده‌وه‌: كازمى گرنگى ته‌واو به‌وه‌ ده‌دات كه‌ نابێت په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌كانى له‌گه‌ڵ سعودیه‌ له‌سه‌ر حسابى هه‌ردوو وڵاتى دراوسێ ئێران و توركیا دروست بكات، جه‌ختیشى كرده‌وه‌: كازمى ته‌نها ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رى عه‌ره‌بیدا باش بكات، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێراندا تێكبدات، كازمى به‌دواى په‌یوه‌ندییه‌كى سه‌قامگیرو ئاڵوگۆڕى به‌رژه‌وه‌ندى له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌گه‌ڕێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ توركیاش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌.

ئه‌حمه‌د خزر وتیشى: دۆخى سیاسى عیراق چیتر به‌رگه‌ى هه‌ڵكشان ناكات، روونیشى كرده‌وه‌، دۆخه‌كه‌ وا له‌ عیراق ده‌كات رۆڵى ناوه‌ندگیرى له‌نێوان عیراق و سعودیه‌دا بگێڕێت، زۆر كاتیش عیراق ئه‌و رۆڵه‌ نێوه‌ندگیرییه‌ى گێڕاوه‌، له‌سه‌رده‌مى هه‌ردوو حكومه‌تى عه‌بادى و عه‌بدولمه‌هدى، عیراق رۆڵى سه‌ركه‌تووانه‌ى له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌بوو، ئاماژه‌شیدا، عه‌بدولمه‌هدى به‌شێوه‌یه‌كى ره‌سمى رایگه‌یاندبوو كه‌ عیراق رۆڵى هه‌بووه‌ له‌هێوركردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كان و به‌تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌وتییه‌كانى سعودیه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌كانى یه‌مه‌نه‌وه‌ كرانه‌ به‌ئامانج.

هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د خزر راشیگه‌یاند: مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زیرانى فیدڕاڵى به‌م ئاراسته‌یه‌ ده‌ڕوات، بڕواشى وایه‌ هیچ رێگه‌یه‌كى تر یاخود جێگره‌وه‌یه‌كى تر نییه‌ بۆ عیراق جگه‌له‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ده‌بێت رۆڵى نێوه‌ندگیرى ئه‌رێنى له‌م په‌یوه‌ندییانه‌دا بگێڕێت، عیراق گرنگى ته‌واو به‌سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌ ئه‌دات به‌شێوه‌یه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌رێنى له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ى هه‌بێت، به‌دواى سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌وه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌رى ئه‌رێنى له‌سه‌ر دۆخى ناوخۆى وڵاته‌كه‌ى هه‌بێت، هه‌روه‌ها له‌پێناو سه‌قامگیرى واقعیى سیاسى وڵات و به‌تایبه‌تیش كه‌ كاتى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیك ده‌بێته‌وه‌، وتیشى: سعودیه‌ رۆڵى هه‌یه‌ له‌پاڵپشتیكردنى هه‌ڵبژاردنه‌كان، عیراق ده‌یه‌وێت پشتیوانى سه‌رجه‌م وڵاتانى گرنگ و كاریگه‌ر له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، له‌لایه‌نى نێوده‌وڵه‌تى و ئێرانى و عه‌ره‌بى پشتیوانى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه‌و عیراق به‌دواى ئه‌وه‌یه‌ پشتیوانى نێوده‌وڵه‌تى زۆرتر بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت و سه‌قامگیرى و سه‌ركه‌وتنى  گه‌وره‌تر و زیاتر بۆ وڵات فه‌راهه‌م بكات.


PUKmedia هامیار عه‌لى

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket