riklam

شاره‌زایه‌كی ئه‌منیى: تارمیه‌ پێویستى به‌هاوپه‌یمانانه‌

عیراق 08:49 PM - 2021-02-21
.

.

چاودێرى سیاسى و شاره‌زایه‌كى بوارى ئه‌منیى، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21ى شوباتى 2021 جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ناوچه‌ى تارمیه‌ى سه‌ر به‌ به‌غداى پایته‌ختى فیدڕاڵى بۆ حكومه‌ت قورس نییه‌، دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌و ناوچه‌یه‌ بۆ كۆتایى هێنان به‌تیرۆرستانى داعش هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى جێده‌ستى هه‌بێت.

دوێنىَ شه‌ممه‌، فه‌رمانده‌ى ئۆپراسیۆنه‌كانى به‌غدا كوژرانى 6 تیرۆرستى له‌ناوچه‌ى تارمیه‌ راگه‌یاند كه‌ به‌نیازبوون به‌غداى پایته‌خت بكه‌نه‌ ئامانج.
فه‌رمانده‌ى ئۆپراسیۆنه‌كانى به‌غدا، له‌میانى راگه‌یه‌نراوێكدا، بڵاویشیكرده‌وه‌، هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانى سوپاو حه‌شدى عه‌شایه‌رى له‌رێگه‌ى پرۆسه‌یه‌كى پێشوه‌خته‌وه‌، توانییان 6 تیرۆرست له‌ناوچه‌ى تارمیه‌ له‌باكوورى به‌غداى پایته‌خت بكوژن، به‌گوێره‌ى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، تیرۆریستان به‌نیازبوون هێرشى تیرۆرستى له‌ناو شارى به‌غدا ئه‌نجام بده‌ن، ئاماژه‌شیدا،ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ناوچه‌ى تارمییه‌ تاوه‌كو هێنانه‌دى سه‌رجه‌م ئامانجه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت.

عه‌لى به‌یده‌ر، چاودێرى سیاسى و شاره‌زاى بوارى ئه‌منیى له‌میانى لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ PUKmedia جه‌ختیكرده‌وه‌، ناوچه‌ى تارمیه‌ بۆ حكومه‌ت قورس نییه‌و ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌به‌رچاوى راى گشتیدا شێوێنراوه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌شه‌یتان چوێنراوه‌و به‌رده‌وام به‌ئامانجده‌گیرێت و كراوه‌ته‌ كۆپییه‌كى نوێى جه‌رف سه‌خه‌ر، وتیشى: به‌پێى ئه‌وه‌ى شاره‌كه‌ گوزارشت له‌ قووڵایى پێكهاته‌ى عه‌ره‌بى سوننه‌ ده‌كات، بۆیه‌ به‌رده‌وام به‌ئامانج ده‌گیرێت.

راشیگه‌یاند: به‌هۆكارى سیاسى و مه‌زهه‌بى و لاوازكردن و به‌ئامانج گرتنى پێكهاته‌كه‌ى، ناوچه‌كه‌و ناوچه‌كانى دیكه‌ى باكوورى به‌غدا،ره‌هه‌ندى تایه‌فه‌گه‌رى به‌خۆوه‌ گرتووه‌و چاوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ چڕكراوه‌ته‌وه‌.

به‌یده‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، شتێكى سروشتییه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ناوچه‌ سونییه‌كاندا ده‌ربكه‌وێت، چونكه‌ هه‌ندێك كه‌شى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌و ناوچانه‌دا بۆ فه‌راهه‌م كراوه‌ و به‌شێك له‌ئه‌ندامانى ئه‌و رێكخراوه‌ له‌نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا به‌ئاسانى تێكه‌ڵ ده‌بن و سه‌رجه‌م ژینگه‌كه‌شبڕوایان به‌م مه‌زهه‌به‌ هه‌یه‌،ده‌رئه‌نجام بڕوابوون به‌فیكرى سه‌له‌فى یاخود وه‌هابى توندڕه‌وىلێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كى ووردتر، ره‌نگه‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌م ئاراسته‌ فكرییه‌ داعش بن یاخود به‌شێكیان ببنه‌ ئه‌ندام له‌و رێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌.

ئه‌و چاودێرى سیاسییه‌ روونیشى كرده‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆنئه‌و رێكخراوه‌ له‌و ناوچه‌ سونییانه‌دا خۆیان دروست ده‌كه‌ن و بوونى خۆیانى تێدا ده‌سه‌لمێنن، به‌هه‌مان شێوه‌ش رێكخراوه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كانیش له‌هه‌ندێك  ناوچه‌دا كه‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بن خۆیان دروست ده‌كه‌ن و ئه‌و ناوچانه‌ به‌ بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى خۆیان ده‌زانن.

به‌یده‌ر راشیگه‌یاند: جوگرافیاى ناوچه‌ى تارمییه‌ كاریگه‌رى هه‌یه‌و ئه‌و ناوچانه‌شى كه‌ به‌پشتینه‌ى ئه‌منیى ناوده‌برێن زه‌وییه‌كى ته‌ختانین و سروشتێكى كشتوكاڵى هه‌یه‌و هه‌زاران هێكتار زه‌وى كراوه‌ به‌ كشتوكاڵ و بێستان و ژینگه‌یه‌كى له‌بارى بۆ تیرۆرستانى داعش دروستكردووه‌و ده‌توانن خۆیانى تێدا وونبكه‌ن و خۆیانى تێدا بشارنه‌وه‌و دووربكه‌ونه‌ له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، ئاشكراشیكرد: پرۆسه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش له‌م ناوچانه‌دا پێویستى به‌كارى هه‌واڵگریى چڕ هه‌یه‌ تاوه‌كو ئۆپراسیۆنى سه‌ربازیى، هه‌روه‌ها پێویستى به‌ پلانى هێرشى له‌ناكاو هه‌یه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان.

له‌باره‌ى دووباره‌بوونه‌وه‌ى هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كان و ده‌ركه‌وتنى داعش له‌و ناوچانه‌دا، به‌یده‌ر روونیكرده‌وه‌، جۆره‌ خاوبوونه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌نى حكومه‌ت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا هه‌یه‌، ره‌نگه‌ هه‌ندێك لایه‌نیش هه‌بێت هه‌وڵبدات داعش گه‌وره‌ بكات و ده‌ستكه‌وتى مه‌زهه‌بى و تایه‌فى و سیاسى و ئه‌منیى به‌ده‌ستبهێنێت و تواناكانى خۆى پێ زیاد بكات، هه‌مان دۆخیش له‌ناوچه‌ بیابانییه‌كانى ئه‌نبارو وادى حۆران و ناوچه‌كانى مه‌خمورو مه‌كحول و حه‌مرین هه‌یه‌، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستى بوونى جێده‌ستى نێوده‌وڵه‌تى له‌و ناوچانه‌ بۆ له‌ناوبردنى داعش و كۆتایى پێهێنانیان، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى له‌سه‌نته‌رى شارى موسڵ و پارێزگاكه‌ روویاندا.

PUKmedia هامیار عه‌لى

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket