وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی باڵای هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش، جەختدەكەنەوە لەسەر فراوانكردنی هەماهەنگی و هاوكارییە لۆجیستی و سەربازییەكان لەنێوان هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ روبەڕووبونەوەی مەترسییەكانی ئێستای تیرۆریستان و جموجۆڵەكانیان، هاوكات بەبایەخەوە گفتوگۆكرا لە گرنگی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عیراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.
ئەمڕۆ 21ی2ی2021 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیكرد لە جەنەڕاڵ كەڤن كۆپسی، جێگری فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و جەنەراڵ پرینسیپێ، جێگر و نوێنەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان و وەفدێكی سەربازی.
لە كۆبوونەوەكەدا كە فەریق جمال محەمەد، سەرۆكی ئەركان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەت ئامادەیبوون.
تیایدا هەردوولا دواین پێشهاتە سەربازییەكان و مەترسی سەرهەڵدانەوەو جمۆجۆڵە نائاساییەكانی تیرۆرستانی داعش بەدیاریكراوی لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
وەزیری پێشمەرگە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دۆخی ئێستای عێراق و هەرێم دەخوازێت هەمووان پێكەوە رووبەڕوی مەترسیەكان ببینەوە، وتیشی: هەوڵەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە لە دروستكردنی چەند ناوەندێكی هاماهەنگی سەربازی لە گەڵ وەزارەتی بەرگری عیراق تا بەیەكەوە رێگری لە هەموو جۆرە كردەوەیەكی تیرۆرستی و ئاژاوەگێڕی بگیرێت، كە ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە دەشێوێنێت.
هاوكات ئاشكراشی كرد، جێگەی نیگەرانی ئێمەیە، كە لەمیانی دانوستانەكاندا وێڕای لێتێگەیشتنی باش كەچی لەمدوایەدا جۆرێك لەكەمتەرخەمی و پاشەكشە هەیە لەلایەنی عیراقی و بەڕوونی هەست بەو سستیەو راگرتنی ئەو پڕۆسەیە دەكەین.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا، پڕۆسەی رێفۆرمی سەربازی و خۆڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و پرسی بنكە هاوبەشەكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق گفتوگۆی لە بارەوە كرا.
وەزیری پێشمـەرگە، بەگرنگیەوە باسی لە پڕۆسەی چاكسازی كرد لە وەزارەتی پێشمەرگە كر و رۆڵی راوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەهاوكاری و هەمەهانگی رێفۆرمی سەربازی بەرزنرخاند.
جەنەڕاڵ كۆپسی، ستایشی هەوڵەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی كرد لە پڕۆسەی چاكسازی هێزەكانی پێشمەرگە و هەوڵەكانیان بۆ رێكخستنەوەی هێزەكان و بەردەوام بوونیان لە هەنگاونان بەرەو چاكسازی زیاتر ، هاوكات لەسەر پرسی سەرهەڵدانەوەو مەترسیەكانی تیرۆرستانی داعش رایگەیاند: هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ رووبەڕوبوونەوەی تیرۆرستانی داعش لە ناوچەكەدا بۆ ئەم مەبەستەش هەموو پشتیوانیەكی لۆجیستی و سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەكان دەكەین و دەمانەوێت تیرۆر و تیرۆرستان بنبڕ بكەین و ئەمەش بەهەوڵی هەموان دەبێت.
كۆبوونەوە، دووپاتیكردەوە لە بەردەوامیدان بە گفتوگۆی هەمەلایەنە لەسەر تەواوی پرسەكان و جێبەجێكردنی خێراتری بڕگەو بەرنامەكانی پڕۆسەی چاكسازی لەوەزارەتی پێشمەرگەدا.
PUKmedia