سەرۆكی هەرێم لەبارەی كێشەكانی هەرێم و بەغدا رایگەیاند: ئامادەین بۆ ئەوەی دەست بەگفتوگۆیەكی جدی راشكاوانە بكەین و هیچی دیكە چاوەڕێ نەكەین. دەشڵێت: پێشكەوتن و ئاوەدانی نەجەف و كەربەلاو بەسرە و ئەنبار و تكریت پێشكەوتنە بۆ هەرێم.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمەراسیمی رۆژی شەهیدی عیراق و ساڵیادی شەهیدبوونی ئایەتوڵا سەید محەمەد باقر حەكیم كە لەهەولێر بەڕێوەچوو رایگەیاند: دوای شەڕی داعش بارودۆخێكی نەخوازراو دروستبووە، واقعی پەیوەندییەكانی نێوانمان بەدڵی ئێمەو زۆر لە برایانمان لەلایەنەكانی شیعەش نییە، دەبێ جارێكی دیكە بە راشكاوانە پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین، بنچینەی گفتوگۆكانیشمان دەبێ ئەوەبێت، كێشەی هیچ نەتەوەو پێكهاتەیەكی عیراق نابێتە مایەی سەركەوتن بۆ پێكهاتەیەكی دیكەی عیراق، بەڵكو لێكەوتەی خراپی دەبێت بۆ هەموو پێكهاتەكانی عیراق، بەهەمانشێوە پێشكەوتنی هەر ناوچەو پارێزگایەكی عیراق دەبێتە مایەی خێرو پێشكەوتن بۆ هەموو عیراقییەكان.
راشیگەیاند: عیراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بەبێ كێشە نەبووە، هەردوو پێكهاتەی عەرەبی عیراقش لە سوننە و شیعە، دەزانن هیچ یەكێكیان بەتەنیاو هەردووكیشیان بەبێ كورد ناتوانن هاوسەنگی دروست بكەن.
وتیشی: نابێ هیچ پێكهاتەیەكی عیراق چاوەڕێی لەناوچوونی پێكهاتەیەكی دیكە بكات، لەڕابردودا ئەو چاوەڕوانییە بەدینەهاتووەو لە داهاتوشدا بەدینایێت. ئەو ناكۆكییەی ئێستا دروستبووە بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی گەلی عیراقدا نییە.
سەرۆكی هەرێم وتیشی: پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەشێكی عیراقەو بۆ هەموو عیراقییەكانە، هەروەك چۆن پێشكەوتن و ئاوەدانی نەجەف و كەربەلاو بەسرە و ئەنبار و تكریت پێشكەوتنە بۆ هەرێمی كوردستان.
لەبەشێكی تری وتارەكەیدا ئەوەشی وت: دوای ناڕەزاییەكانی خەڵك، پێویستە ئەمڕۆ بەر لەسبەی دەست بە گفتوگۆیەكی جیددی بكەین، بۆ بەڕێوەبردنێكی ژیرانەی عیراق بە بەشداری هەموو پێكهاتەكان، نابێ چاوەڕێی ململانێ و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بكەین.
نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی هەرێمی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ راگەیاندو وتی: ئەمڕۆ ئامادەین بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆیەكی جیدی راشكاوانە بكەین بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی عیراق، لێرەشەوە لەو یادە پیرۆزەدا ئەو بانگەوازە ئاڕاستەی هەموو لایەنە عێراقییەكان دەكەین كە دەستپێبكەین، بۆیە دەبێ ئەمڕۆ دەستپێبكەین و هیچی دیكە چاوەڕێ نەكەین.
PUKmedia تایبەت