riklam

هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی: هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانیه‌كانی ئال ‌حه‌كیم له‌ یاد ناكه‌ین

ی.ن.ک‌‌ 05:57 PM - 2021-02-20
.

.

ئه‌مڕۆ 20-2-2021 له‌سلێمانی یادی هه‌ژده‌هه‌مین ساڵی شه‌هیدكردنی ئایه‌توڵڵا سه‌ید محه‌مه‌د باقر حه‌كیم له‌ سلێمانی لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: ئه‌مرۆ له‌ ساڵیادی بۆنه‌یه‌كی خه‌مناكدا، ئێمه‌ی باوه‌ڕداران به‌ عیراقی نوێ، كۆبووینه‌ته‌وه‌ تا پێكه‌وه‌ یادی ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی ناو مێژووی شۆڕشی گه‌لانی عیراق، به‌رز رابگرین، كه‌ ژیانی خۆی، بۆ رۆشنكردنه‌وه‌ی رێگه‌ی گه‌یشتن به‌‌ نیشتمانی برایه‌تی و فره‌یی و دیموكراسی، عیراقی دوای زوڵم و دیكتاتۆرییه‌ت و سه‌ركوتكاری، عیراقی هاوبه‌شی و شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌، ته‌رخان كرد، ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان
برای به‌ڕێز سه‌ماحه‌تی سه‌ید عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم -  سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانیی.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز
 
ئه‌مرۆ له‌ ساڵیادی بۆنه‌یه‌كی خه‌مناكدا، ئێمه‌ی باوه‌ڕداران به‌ عیراقی نوێ، كۆبووینه‌ته‌وه‌ تا پێكه‌وه‌ یادی ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی ناو مێژووی شۆڕشی گه‌لانی عیراق، به‌رز رابگرین، كه‌ ژیانی خۆی، بۆ رۆشنكردنه‌وه‌ی رێگه‌ی گه‌یشتن به‌‌ نیشتمانی برایه‌تی و فره‌یی و دیموكراسی، عیراقی دوای زوڵم و دیكتاتۆرییه‌ت و سه‌ركوتكاری، عیراقی هاوبه‌شی و شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌، ته‌رخان كرد.
 
ئه‌م رۆژانه‌، هه‌ژده‌ ساڵ به‌سه‌ر تیرۆر و شه‌هید كردنی ئایه‌تولڵای عوزما سه‌ید محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم‌، تێده‌په‌ڕێت به‌ڵام خاڵیبوونی جێگه‌كه‌ی، له‌ كایه‌ی ئاینی و سیاسی و نیشتمانیی وڵاته‌كه‌دا، رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌رجه‌سته‌تر ده‌بێ. ئه‌م رۆژانه‌، وڵاته‌كه‌مان له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستی به‌ "حه‌كیمی عیراقه‌" له‌ سارێژكردنی برینه‌كانی دا.
 
ئایه‌تولڵا سه‌ید محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم و، بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی، پێگه‌ی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ مێژووی عیراق و، مافیان هه‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌موومانه‌وه‌. ئایه‌تولڵای عوزما سه‌ید موحسن ئه‌لحه‌كیم خاوه‌نی تۆمارێكه‌ له‌ بڕیار و هه‌ڵوێستی مێژوویی؛ تا له‌ ژیاندا بوو، به‌ فتوای حه‌رامكردنی رشتنی خوێنی كورد به‌ ده‌ستی برا عیراقییه‌كانی، روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی بیری په‌ڕگیری تایه‌فی له‌ گوتاره‌كانی، و خه‌بات كردن بۆ رزگاریی و سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانیی به‌ كرداره‌كانی، ناسنامه‌ی بوون و، پاش خۆی، كوڕه‌كانی رێگه‌ی سه‌خت و پڕ قوربانیدانیان گرته‌ به‌ر بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ دژی رژێمی دیكتاتۆر. سه‌ید عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لحه‌كیم، شان به‌ شانی ئایه‌تولڵای شه‌هید، ده‌روازه‌ی نوێ بوون بۆ ئاشنایه‌تی و پته‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كورد و یه‌كێتی و ئه‌م بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌. له‌و رۆژگاره‌وه‌، دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویه‌كانی سه‌رۆكی كۆچكردوومان مام جه‌لال، له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی ئال حه‌كیم بوون به‌ بناغه‌ و شارێی چه‌سپاو بۆ په‌یوه‌ندیی برایانه‌ و به‌هێز له‌ نێوان گه‌له‌كانمان و هه‌ردوولا.
 
ئێمه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، هه‌رگیز هه‌ڵوێسته‌ نیشتیمانیه‌كانی ئال ‌حه‌كیم له‌ یاد ناكه‌ین و، دڵنیاین كه‌ ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتیمانیی-یش به‌ رابه‌رایه‌تی سه‌ماحه‌تی سه‌ید عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم، پارێزه‌ری خواسته‌كانی گه‌له‌كه‌مان و، شۆڕشی هیوای گه‌نجان و، ئازادیخوازانی عێراقی نوێیه‌، و له‌سه‌ر هه‌مان شاڕێی مه‌زنی پێشینه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌ نوێیه‌ی یه‌كێتییش، هه‌ڵگری هه‌مان رێبازی مام جه‌لال، و باوه‌ڕداره‌ به‌ هاووڵاتیبوون له‌ چوارچێوه‌ی عیراقێكی نوێ دا ، به‌مه‌ش، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ دێرین و مێژووییه‌، پته‌وتر له‌ جاران، له‌ پێناو چاكه‌ی گشتی و خزمه‌تكردنی گه‌لانی عێراقدا به‌رده‌وام ده‌بێت. ئێمه‌ به‌شێكین له‌م عیراقه‌، پێمانوایه‌ ده‌بێت به‌شێكیش بین له‌ بنیادنانی، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ نیشتمانییه‌كان و له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌یدی حه‌كیم، له‌ خه‌باتی هاوبه‌ش، بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌ممان به‌رده‌وام ده‌بین.
 
یه‌كێك له‌و ئاڵنگارییه‌ سه‌ره‌كییانه‌ی به‌رده‌ممان، ئه‌مڕۆ له‌ عیراقدا، مه‌سه‌له‌ی موازه‌نه‌ و بودجه و پشكی هه‌رێم، و مووچه‌ی مووچه‌ خۆرانی خه‌ڵكی كوردستانه‌.‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌ لێكه‌وته‌كانی هه‌ر هه‌وڵێك بۆ په‌كخستنی رێككه‌وتن و، بێ به‌شكردنی مووچه‌خۆرانی كورد له‌ مافه‌ ئینسانی و نیشتمانی و ده‌ستوورییه‌كانی ده‌ڕوانێت. بۆیه‌ له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا،‌ هه‌موو ئومێدمان به‌ دڵسۆزان و‌ كه‌سی وه‌ك جه‌نابی سه‌ید عه‌مماره‌، كه‌ رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆی ببینێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی دا.‌ ئه‌مڕۆ كه‌ سه‌ید عه‌ممار له‌م شاره‌یه‌ و، سلێمانییش، شاری قوربانی دانه‌، هه‌زاران شه‌هیدی بۆ رووخاندنی دیكتاتۆر‌ به‌خشیووه‌، كه‌سوكاری شه‌هیدان چاویان له‌وه‌یه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی یه‌كێتی و گه‌له‌كه‌مان له‌ به‌غدا‌، به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌، پشك و پێگه‌ی هه‌رێم و خه‌لكی كوردستان، له‌ناو بودجه‌ زامن بكه‌ن و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ عێراقی نوێ دا بپارێزن، كه‌ به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیده‌كانمانه‌.
 
هه‌روه‌ك هیوادارین پشتوانییه‌كانی جه‌نابیان و دۆسته‌كانی ترمان له‌ عیراق، هاوكار بێت له‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی كێشه‌ له‌سه‌ر، تا بتوانین به‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان، ئاسایشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بپارێزین و، پێكه‌وه‌یش رێ له‌وه‌ بگرین كه‌ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، بكرێت به‌ مه‌یدانی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ ناپێویسته‌ چه‌كداری و موشه‌كییه‌كان.
 
به‌ هیوایین به‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێز و لایه‌نه‌ نیشتمانی و كوردستانی و عیراقییه‌كان، دۆخی ئاسایشی وڵات به‌ جۆرێك دابین بكرێت كه‌ بتوانرێت داواكاریی شه‌قام و‌ خۆپیشاندانه‌كانی تشرین بۆ چاكسازی و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، بۆ نوێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی بهێنرێته‌ دی و، دۆخێك بێته‌ ئارا كه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ ئازادانه‌ و دوور له‌ گوتاری چه‌ك و، گوشاری تیرۆر و تۆقاندن، دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردان... به‌ڕێوه‌ بچێت.
 
له‌ كۆتاییدا، به‌ڵێن دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ قوربانیدانه‌كانی ئایه‌تولڵای عوزما سه‌ید محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم، دۆستایه‌تییه‌كانی له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌مان و مامی كۆچكردوومان، بیروباوه‌ڕه‌كانی بۆ پێكه‌وه‌ ژیان، شه‌راكه‌تی نیشتمانیی و، به‌شداریی راسته‌قینه‌، به‌ به‌رزی راده‌گرین.
 
نه‌مریی هه‌میشه‌یی بۆ شه‌هیدی میحراب و تێكڕای شه‌هیدانی رزگاریی نیشتمانیی..


PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket