riklam

هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی: به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و ململانێ سیاسییه‌كان وه‌لابنرێن

ی.ن.ک‌‌ 02:32 PM - 2021-02-20
.

.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، ٢٠ی٢ی٢٠٢١، هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ ده‌باشان پێشوازییان كرد له‌ وه‌فدێكی باڵای هاوپه‌یمانیی عێراقییون به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌ماحه‌تی سه‌ید عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ته‌یاری حیكمه‌ی نیشتیمانیی و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی عێراقییون.

له‌ دیدارێكدا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ (شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ڕزگار عه‌لی، ئاسۆ مامه‌ند، دكتۆر سۆران جه‌مال تاهیر و ڕزگار حاجی حه‌مه‌) ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی ئاماده‌یبوون، له‌ژێر ڕۆشنایی پێشهات و گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كانی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ڕێوشوێنه‌كانی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویی و دۆستایه‌تییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا و پێویستی خێراكردنی هه‌نگاوه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان و دانانی پلان و به‌رنامه‌ی گونجاو بۆ داهاتوو گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی به‌شداری هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ كورد، شیعه‌ و سوننه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ڕۆڵی كارایان هه‌یه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیی ڕاسته‌قینه‌ن له‌ به‌ره‌وپێشبردنی كاروانی دیموكراسی له‌ وڵاتدا.

هاوسه‌رۆكان ئاماژه‌شیان به‌ ڕۆڵ و هه‌ڵوێستیی نیشتیمانیی سه‌ماحه‌تی سه‌ید عه‌ممار حه‌كیم كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و لێكنزیككردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان. داواشیانكرد كه‌ هه‌وڵه‌كانی له‌و پێناوه‌دا به‌رده‌وام بێت به‌ تایبه‌ت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بودجه‌ و دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم كه‌ كاری له‌ پێشینه‌ی ئێستای یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌.

له‌ به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا هاوسه‌رۆكان ویستی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان دووپاتكرده‌وه‌ بۆ به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندیی دۆستایه‌تی و برایه‌تی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی و له‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا هانی هه‌مووان ده‌دات بۆ هه‌ماهه‌نگیی و دیالۆگی جدیی وه‌ك به‌شێك له‌ داكۆكی و به‌رگری له‌ دیموكراسی و فیدراڵیی عێراق به‌ له‌به‌رچاوگرتنی پاراستن و زامنكردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد.

له‌و رووه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌ ڕۆڵی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان كرد بۆ به‌رده‌وامی هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كان له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ كوردی و عێراقییه‌كان له‌ پێناو ڕه‌خساندنی دیالۆگێكی بنیاتنه‌رانه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم و لابردنی كۆسپه‌كانی به‌رده‌میان به‌ ئامانجی ڕێككه‌وتنی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور.

ڕاشیانگه‌یاند، كه‌ پێویسته‌ دیالۆگی ڕاشكاوانه‌ له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی به‌هێزی متمانه‌كردن به‌یه‌كتر دابمه‌زرێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سیی و ململانێ سیاسییه‌كان وه‌لابنرێن تاوه‌كو چیتر قووت و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان نه‌كرێنه‌ قوربانیی ئه‌و ململانێیانه‌.

لای خۆشییه‌وه‌ سه‌ماحه‌تی سه‌ید عه‌مار حه‌كیم ئاماژه‌ی به‌و په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویی و به‌هێزه‌ی نێوانیان كرد له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان هه‌یانه‌ و بناغه‌كه‌ی له‌لایه‌ن شه‌هیدی میحراب و ڕه‌وانشاد مام جه‌لال داڕێژراوه‌ و هه‌نگاوی گه‌وره‌ و گرنگی لێ به‌رهه‌مهاتووه‌ و داواشیكرد پێكه‌وه‌ درێژه‌ به‌و ڕێبازه‌ بده‌ن. سه‌ماحه‌تی سه‌ید عه‌مار ئه‌لحه‌كیم گرنگیی ڕۆڵی نیشتمانیی هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانی له‌م بارودۆخه‌ ناسكه‌دا دووپاتكرده‌وه‌ له‌ پێناو ڕێگرتن له‌ گه‌وره‌بوونی كێشه‌كان و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان و لێكنزیككردنه‌وه‌ی تێڕوانین و بۆچوونه‌كان.


PUKmedia تایبه‌ت

12.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket