riklam

زیندوویەتی كۆمەڵَگە یەكسانە بە پرۆسەی پەروەردە.........!!

بیروڕا 11:01 PM - 2021-02-17
.

.

   كاتێك كۆڤید-19 لە شاری وهانی چین سەری هەڵدا، بووە سەردێری باس و خواسەكان و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكانی تەندروستی هەورەها سۆشیال میدیا، وێڕای دەربڕینی مەترسیەكان لەسەر مرۆڤایەتی، بۆ كۆمەڵێك مەبەست و بوار و بابەتی جۆراوجۆر بەكارهات، بەو هەژمارەی وڵاتی چین لەروی بازرگانیەوە بەر یەككەوتنی لەگەڵ تێكڕای جیهان هەیە، هەموی دوو مانگی نەبرد لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبۆوە بەهەرێمی كوردستانیشەوە، ئاشكرایە هەرێمەكەی ئێمە بەعێراقیشەوە لە روی خزمەتگوزاری تەندروستیەوە كەموكوڕی زۆری هەیە، لێرەدا هەموی خورد  ناكرێتەوە، بۆیە ترس و دڵەڕاوكێ تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی گرتەوە، یەكەمین جومگە كە زۆر كراوە بوو بۆ بەرپێكەوتنی ئەو ڤایرۆسە نەفرەت لێبووە ناوەندەكانی خوێندن بوو بە هەموو قۆناغەكانیەوە لە باخچەی منداڵانەوە تا دەگاتە زانكۆ و پەیمانگاكان، ئەو كات من رام لەگەڵ داخستنی سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن بوو، بۆ ئەوەی بەریەككەوتن كەمببێتەوە و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران سەلامەت و پارێزراو بن ، هەرچەندە لام ئاشكرا ئەو داخستنە كاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر تەواوی جومگەكانیتری وڵات دەبێت، چونكە بەڕاستی زیندوویەتی كۆمەڵَگە یەكسانە بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، هەرواش دەرچو، كاتێك لە 25/2/2020 تەواوی پرۆسەكە راگیرا، خامۆشی باڵی بەسەر تەواوی شار و دێهاتەكان كێشا، پێشتر بەیانیان كە دەردەچوی شار و شەقامەكان جممەی دەهات، بەڵام كە راگیرا ئیتر هەموو شتێك كش و مات بوو كە درێژەشی كێشا لێكەوتەكان خراپتر و گەورەتر بوون، تەنها لە خامۆشی و كش و ماتی شارەكان نەوەستا سەری كێشا بۆ نێو ماڵ و خێزانەكان، هەموو شتێك لە زەمەنێكی پێوانەییدا گۆڕا، نەخەو لە كاتی خۆیدا ما نە ژەمەكانی خواردن، نە دانیشتن و كۆڕ و مەجلیسە گەرموگوڕەكان، كۆمەڵێك یاری داهێنراوی دوور لە كلتور بۆ كات كۆشتن، بووە جێگرەوەی كتاب و قەلەم و دەفتەرو هەموو ئەدگار و ئاكارەجوانەكان، هەر بەوەش نەوەستا  بە تایبەت لە نێو منداڵ و هەرزەكاران سەری كێشا بۆ جۆرێك لە نەخۆشی خو بەخۆگرتن و كۆمەڵێك هەڵسوكەوت كە رێك لە نەخۆشی ئۆتیزمدا وجودیان هەیە، لەبەرئەو هۆكارانە لە سەرەتای ساڵی تازەی خوێندنەوە بەندە لەگەڵا ئەوەدابووم، پرۆسەی خوێندن ئەگەر بەشێوەیەكی ئاسایش نەبێت دەست پێبكاتەوە، هەر بۆیە پڕۆژەیەكی تێرو بڕمان پێشكەش بە هەردوو وەزارەت كرد، جێگەی دەست خۆشیە لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە گونجاندنی لەگەڵ دۆخەكە و تواناكان پراكتیزە كراو دەست بە خوێندن كرایەوە، تا ئەم ساتەش تیایداین سەركەوتو بوون لەچاو زەمان و زەمینەكە، بەڵام لە وەزارەتی پەروەردە بەهۆی زۆری ژمارەی قوتابیان  و خوێندكاران و مامۆستایانەوە پرۆسەی پەروەردە هەر بە راگیراوی مایەوە ، لەو ماوەیەدا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابووین لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیارەكان تاوەكو پرۆسەكە دەست پێبكاتەوە، لە ژێر رۆشنایی ئەوەی :

1-   تازە ژیان دەبێت لەگەڵ ڤایرۆسەكە بێت. 

2- تەواوی دام و دەزگا فەرمی و نافەرمیەكان بە بازاڕ و شوێنە گشتی و گەشتیاریەكان كراونەتەوە..

3- ماوەیەكی زۆر لە ساڵی خوێندن  تێپەڕبووە و كەمی بەبەروە ماوە. 

 خۆشبەختانە دواجار لە 16/1/2021 بڕیاری ئەوە درا قۆناغی دوازدەی ئامادەیی بچنەوە ناو ناوەندەكانی خوێندن، لە 1/3/2021یش قۆناغەكانی 1 تا 11 دەست بە دەوام بكەنەوە، مەعلومە تاكە یەك رۆژ زۆرە بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، بە پێی خشتەی راگەیاندراو لە 1/3 تاوەكو كۆتایی مانگی پێنج تەنها 36 رۆژ خوێندن دەبێت، ئەوەش ناكاتە نیوەی وەرزێك، بۆیە داواكاربووین دەوام زوتر دەستپێبكاتەوە تاوەكو چەند رۆژێكیتر بۆ وەرزەكە زیاد ببێت، باش بوو بڕیاردرا لە 7شوبات پرۆسەكە بەڕێوەبچێت و ئیتر داخوازیەكە چوە بواری جێبەجێكردنەوە.          

   ئێستا زیاتر لە هەفتەیەكە پرۆسەكە كەوتۆتە بواری پراكتیزەكردنەوە، لەو ماوەیەدا بەراورد بە 1.700.000 ملیۆنەك و حەوت سەد هەزار قوتابی و خوێندكار و 130 هەزار مامۆستا و 30 هەزار فەرمانبەر و هەزاران وانەبێژیش ئەمە جگە لە ناوەندە ئەهلیەكان كە ئەوانیش نزیكەی 100.000 سەدهەزار قوتابی و خوێندكار و10000 دە هەزار مامۆستا و فەرمانبەریان دەبێت، كەمترین حاڵەتی توشبوون رویداوە و ناكاتە پەنجەی دەسەكانیش، ئەوەی گرنگە هەمومان لە خزمەتی پرۆسەكەدابین ، بڕواشم وایە راگەیاندنەكانیش دەبێت زۆر بە دیقەت و بەرپرسیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جومگە هەستیارە بكەن، نابێت بۆ هیچ مەبەستێك خواری بكەنەوە هەروەها خۆپارێزی و مەوادی پاكژكەرەوە بۆ تەواوی قوتابیان و خوێندكاران و ناوەندەكانی خوێندن بەردەست بكرێت، دایكان و باوكانیش هاریكاری تەواوی ناوەندەكانی خوێندن بن چونكە ئەوان لە هەموان زیاتر لەو ماوەیەدا لە خەم و كێشەدابوون.

 

PUKmedia     ن:عەبدولواحێد محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket