riklam

رۆژی مورافەعە گەورەكە و پەرۆشیی سەرۆك مام جەلال بۆ یەكێتیی ئارەزومەندانەی عێراقییەكان

ریپۆرتاژ‌ 12:58 AM - 2021-02-09
.

.

 ھەمیشە سەرۆك مامجەلال پەرۆشی چەسپاندنی ئەوراستییە بوە كە لە روانگەیەكی نیشتمانیی و بە گیانێكی عێراقییانە و دیموكراسیی بیر لە چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تری قوربانیی دەستی سیاسەتی پاكتاوی نەژادیی و تەعریب بكرێتەوە،دور لە گیانی رق و تۆڵەئەستێنیی و موزایەدەی ناسیۆنالیستیی توندڕەوانە. ھەربۆیە ی ن ك ھەرلە سەرەتای دامەزراندنییەوە تائەم ساتە لەبەر رۆشنایی و روناكیی تێز و روانینەكانی سەرۆك مامجەلالی مەزنەوە دەستبەرداری ئەو راستییانە نەبوە و نابێت, كە كوردستانیی بونی كەركوك دەسەلمێنن, بە پشت بەستن بەو ھەزاران دۆكیۆمێنتە مێژوییانەی كە لە ھەمو سەردەمەكاندا تۆمار كراون .

سەرۆك مامجەلال بەردەوام ئامۆژگاریی دەكردین كە پێویستە زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی كەركوكدا بكرێت, بە جۆرێك تەئكید بكرێتەوە لەسەر ھەمەرەنگیی نەتەوە و پێكھاتەكانی كەركوك, كە ئەوشارە موڵكی ھەمو دانیشتوانەکەیەتی لەچوارچێوەی كوردستاندا كە بەشێكە لە عێراقی وڵاتمان, واتە بە گیانێكی عێراقییانە تا یەكێتیی ئارەزومەندانەی دانیشتوانی ئەوشارە لەناوعێراقدا زامنتر بێت.ساڵی ١٩٩٩ ئەو كاتەی لەئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان خزمەتم ئەكرد كە بارەگاكەی لەچوارتا بو ،رۆژێكیان مامی گەورە بانگی كردم بۆ قەڵاچوالان وتی ئەم كتێبە لە نوسینی گەڕیدە و خۆرھەڵات ناسێكی فرەنساییە بەناوی (ژان ئۆتار ) بەشێكی نوسینەكەی باسی كەركوك دەكات ،سودی لێوەربگرن بۆوتارەكانتان لە ئێزگەكە دەربارەی كەركوك( دیارە بەڕێزیشی لە چەندین وتاری جەماوەرییدا ئاماژەی بەو سەرچاوەیەش کردوە ) .

ئەوەم بەو نیازە گێڕایەوە تا پەرۆشیی و خەمخۆریی سەرۆك مامجەلال بخەمە رو بۆ سەلماندنی كوردستانیی بونی كەركوك ،ئەگەڕا بۆ هەمو بەڵگە وزانیاریی مێژوییەک ,جگە لەو كتێب و دانراوە زۆر و زەوەندانەی كە لای خۆی ھەبون یان لەبەردەست توێژەر و نوسەرەكاندان .

سەرۆك تاڵەبانی تەنانەت ئەو قسەیەشی كرد بەماڵ لەسەر سەدام حسێنی دیكتاتۆری لەناوچو ،كە ساڵی ١٩٨٩ لەكاتی لێبوردنە گشتییەكەیدا كردبوی و تیایدا وتبوی لێبوردنەكەی ئەمجارە جلال تاڵەبانی دەگرێتەوە وەك چاكە دانەوەیەك لە بەرامبەر ئەو پیاوەتیەی كە تاڵەبانییەكان كردویانە لە ئاست باوباپیرانمان{ كەلە كاتی حوكمی عوسمانلیەكاندا لێیان قەومابو }داڵدەیان داون لە ناوچەكانی خۆیان ،سەرۆك مامجەلالیش ئەو دانپیانانەی سەدامی كردە دەرفەتێك و فەرموی كە سوپاسی ناوبراو دەكات بۆ ئەوەی بەزمانی خۆی ولەبەردەمی عێراقییەكاندا ئەو ناوچانەی بەرەسمیی وەك خاكی كوردستان ناساند كە گوندی (ئێنگینە)ی سنوری حەمرینە .

سەرۆك مامجەلال ھیچ دەرفەتێكی لەدەست نەداوە بۆ سەلماندنی راستیی مێژویی و جوگرافیایی و مرۆیی كوردستانیی بونی كەركوك ناوچەكانی تری چوارچێوەی سیاسەتی چەپەڵی تەعریب وپاكتاوی نەژادیی.ھەر بۆیە لە دوای روخاندنی رژێمی بەعسی شۆڤێنی لە كاتی دەسەڵاتی ئەنجومەنی حوكم دا رۆژی ۹ی فێبرایر/شوبات ٢٠٠٤ ،لەبەردەم ئەندامانی ئەنجومەنەكە سەرباریی ئاڕاستەكردنی گلەییەكانی لە ھەندێك سیاسەتمەدار بۆ خۆدزینەوە ونكووڵیی كردنیان لە كوردستانیی بونی كەركوك ,ئەو نەخشە دەگمەنەی سەردەمی عوسمانلییەكانی خستەرو كەبە ماندو بون و ھەوڵێكی تایبەت دەستكەوت بو, تیایداھیچ بیانویەكی نەھێشتەوە كە سیاسەتمەدارانی عێراق دەستی پێوە بگرن بۆ خۆدزینەوە لە ئاست ئەم راستییەمێژوییە،ھەر ئەو مورافەعەیەش بوە فاكتەرێكی گرنگ بۆ چەسپاندنی مادەی ٥٨لە قانونی ئیدارەی كاتیی دەوڵەت و دواتریش مادەی١٤٠ لە دەستوری ھەمیشەیی عێراقی فیدراڵدا . كەركوك لە دیدی سەرۆك مامجەلال و (ی ن ك ) مەسەلەیەكی مەركەزیی یە و سازشی لەسەر ناكرێت .

مافێكی رەوای دانیشتوانەكەیەتی ئەوزوڵمەی لەسەر بسڕدرێتەوە كە رژێمە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق لەو ناوچەیەیان كردوە, بە تایبەتیی كە لەسەردەمی بەعسی شۆڤێنیدا گەیشتە ئەوپەڕی .

ئەوەش لەروانگەی پاراستنی یەكگرتویی گەل و خاكی عێراقی فیدراڵ و بەھێزكردنی پایەكانی سیستمی فیدراڵیی و ئەو یەكێتییە ئارەزومەندانەیەی كە خەڵكی كوردستان لە دەنگدان بەدەستورە ھەمیشەییەكەی عێراقدا دوپاتیان كردەوە.ئەمرۆش لە كاتێكدا ھەڤدە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر مورافەعەكەی سەرۆك مامجەلال بۆ داكۆیكردن لە كەركوك و كەركوكییەكان و سەلماندنی ناسنامەكەی ، بەداخەوە بە ھۆی ھەنگاوە بێ پلانەكان و موزایەدە ولە خۆباییبون ،كەركوك لەدۆخێكی ئاڵۆز و نامۆدایە ،پێویستی بە ھەوڵێكی ھاوبەشی حەكیمانە و سیاسییانەیە لەسەر بنەمای لەسەرخۆیی ،دور لە ھەڵچون و دروشمی بریقەدار و خۆ بەزل زانین و خۆھەڵكێشانی پێكھاتەیەك بەسەر ئەویتردا،كە دەبێت( ی ن ك )لەم ھەوڵەدا پێشەنگ بێت و لەسەر راسپاردەكانی سەرۆك مامجەلال جێ دەستی زۆر دیار بێت. لێرەشدا جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە كاك ئازاد ئیبراھیم ی وێنەگر ی تایبەتیی سەرۆك تاڵەبانی بكەین كە ئەو وێنە نایاب و پڕ واتایەی گرتوە.

PUKmedia  بارزان شێخ عوسمان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket