riklam

بایەخ بە زمانی كوردی بابەتی مێژوو بدەن...!

بیروڕا 11:17 AM - 2021-02-06
.

.

    ئاشكرایە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە كۆمەڵێك بابەت پێكدێت، بۆ ئەوەی لەسایەوە كەسانێك پێبگەن، تەواو بەرهەڤ و ئامادەبن بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بەخاك و گەل و نیشتمان، دیارە لەنێو ئەو بابەتانە دوو بابەتی سەرەكی هەن، هەرگیز و لە ژێر هیچ پاساوێكدا نابێت كەمبایەخ بن، بگرە دەبێت لە پێشی پێشەوەی كرداری پەروەردە و فێركردندابن، یەكەمینیان زمانی دایكە، ئەو بابەتە قابیلی ئەوە نیە فەرامۆش بكرێت، ئیتر لە قۆناغی پێش خوێندنی بنەڕەتیەوە تا دەگاتە خوێندنی زانكۆیی، چونكە زمان هێمای یەكگرتویی كۆمەڵگە و بنج و بناوانی هەڵبەستانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانە، ئەو راستیە نەك بۆ ئێمەی كورد، بەلكو بۆ هەموو گەلان بەو شێوەیە، هەر بۆیە لە خواپێداوترین ولاتەكاندا زمانی دایك جێیی بایەخە و ئیمكانیاتی جیاكاری بۆ فەراهەم دەكرێت، دیارە بابەتی مێژوش هاوشانی زمانی دایك گرنگی خۆی هەیە و جێگەی بایەخی زۆریشە، بۆیە دەبینین لە زۆربەی وڵاتاندا ئەو بابەتە لە تەواوی قۆناغەكانی خوێندندا، حكومەت ناوەرۆكەكەی دیاری دەكات و قبوڵیشیان نیە دەسكاری بكرێت، چونكە لەهەندێك وڵاتدا ناوەندەكانی خوێندن و مامۆستایان سەر پشكن لە شێواز و ریز بەندی خوێندنی بابەتەكان، بەڵام مێژوو و زمانی دایك هێلی سورە و  قبوڵیان نیە دەستی تێوەربدرێت، من ئەو رونكردنەوەم بۆ ئەوەبوو بەلایەنە پەیوەندیدارەكانی خۆمان بڵێم، دەبێت بایەخی تەواو و پێویست بەو دوو بابەتە گرنگ و هەستیارە بدەن كە خەریكە یەكەمیان كە زمانی كوردیە بەتەواوی لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن وەكو پێویست كاری بۆ نەكرێت، لەماوەی رابردوودا، لە دیدارێكماندا لەگەڵ چەند سەرپەشتیارێكی بەڕێز مەترسیەكانی خۆیان لەسەر زمانی كوردی خستەڕو، وتیان لەناو ناوەندەكانی خوێندن مامۆستای ئەلف و بێی كوردی زۆر كەمبۆتەوە، چونكە ئەو بەڕێزانەی ئێستا لە كۆلێژەكانی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەتی دەردەچن، داوای ئەوە دەكەن لە پۆلەكای سەروتر وانە بڵێنەوە ئارەزومەند نین ئەلف و بێی كوردی لە یەك و دوو و سێی بنەڕەتی و تەنانەت قۆناغەكانیتری بازنەی دووەمی بنەڕەتی بڵێنەوە، من پێم وایە ئەوە سەرەتایەكی باش نیە  و سەردەكێشی بۆ ئەوەی لەچەند ساڵێكی نزیك مامۆستای شایستە بۆ وتنەوەی ئەو وانەیە نەمێنێت، ئیتر ئەو دەم روبەڕوی گرفتی گەورە دەبینەوە چارەسەركردنیش زۆر ئەستەم دەبێت،  سەبارەت بە مێژوش، ئەگەر دەقاو دەق گرفتەكەی وەكو زمانی دایك نەبێت، بەڵام ئەویش مەترسی گەورە لە پێشدایە، لەبەر كۆمەڵێك هۆكار لەوانە:                                                                                        

1-بایەخ پێنەدانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەو بوارە زۆر گرنگە كە دەبێت باوەڕیان بەوە هەبێت مێژوو ئەوانی هێناوەتە سەر حكوم نەك دەست و قامی خۆیان.                                                                                                                                        

2-وشكی و كۆنی و بێزەوقی پرۆگرامەكان .                                                                                                                                         

3-خوێندنی بابەت و بوارەكان بەشێوەی تیۆری و بەس،  فەرامۆشكردنی گەشت و دیداری شوێنەوارە مێژوییەكان كە دەبێت هاوتەریب بێت.                                                                                                                                                                     

لەمبارەوە بە پێویستی دەزانم بۆ زمانی كوردی  وەزارەتی پەروەردە،  لە لایەن خۆیەوە هەژماری ورد بۆ ئەو بابەتە بكات و هەنگاوی خێرای بۆ هەڵبهێنێت، لە هەمان كاتیشدا لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا هەماهەنگی بكات بۆ بەرهەڤكردنی ئەو پسپۆڕیە بۆ هەموو قۆناغەكان بە گشتی و بۆ ئەلف و بێی بازنەی یەكەمی قۆناغی بنەڕەتی بە تایبەتی هەروەها بەڕێوەبردنی خولی بەردەوام بۆ شارەزایی زیاتر لەو بابەتە و لە رێگاكانی وانە وتنەوەش، بۆ مێژوش دەكرێ ئەو كیماسیانەی لەو بڕگانەی دیاریمان كردووە دەستی پێدا بهێنرێتەوە و ناوەرۆكەكەی دڵگیر و شرینتر بكرێت، پێشم ئاساییە مامۆستایانی زمانی كوردی و مێژوو مامەڵەیەكی تایبەتیان لەگەڵدا بكرێت،  لە راستیدا ئەو بۆ چونەوەم لەوەوە سەرچاوەی گرتوە ئەو دوو بابەتە بنەمای بنەڕەتین بۆ چارەسەركردنی ئەو ئالەنگاریانەی نەوە لە دوای نەوە پێیەوە گیرۆدە بوون هەموو لایەكیش هەستی پێدەكەین و رۆژانە پێیەوە نیگەران دەبین و ئازارمان دەدات  ، دەنا هەرگیز كەمكردنەوە نیە لە گرنگی بابەتەكانیتری پەروەردە و فێركردن                                                                                           .

نووسینی/ عەبدولواحید محەمەد       

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket