riklam

كاتی دەستپێكردنەوەی خوێندن راگەیەنرا

کوردستان 05:01 PM - 2021-02-03
.

.

لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لەكۆبوونەوەدای ئەمڕۆیدا بڕیاریدا 7ی ئەم مانگە خوێندنی سەرجەم قۆناغەكان دەستپێدەكاتەوەو لەناو شارەكان لە هەفتەیەكدا سێ رۆژ دەبێت و لەدەرەوە شارەكان بەتایبەت گوندەكانیش سێ رۆژ دەبێت لەسەر یەك، هەروەها بەهۆی دۆخی داراییەوە دایكان و باوكان ئازادن لەپۆشینی جل و بەرگی خوێندكارانیان و وەك ساڵانی پێشوو سیستمی یەكپۆشی نابێت.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕیارمانداوە لە 7ی ئەم مانگەوە پرۆسەی خوێندنی سەرجەم قۆناغەكان لەناوەندەكانی خوێندن دەستپێبكاتەوەو دەوامكردن بەتەناوب دەبێت، بەشێوەیەك لەناو شارەكان لەهەفتەیەكدا سێ رۆژ دەبێت، لە گوندو ناوچە دورە دەستەكانیش سێ رۆژ دەبێت لەسەر یەك تا بارگرانی لەسەر مامۆستایان دروستنەبێ.

وتیشی: هەموو خوێندنگا حكومی و ناحكومییەكان دەبێت سیستمی تەناوب پەیڕەو بكەن، هەروەها پەیمانگا حكومی و ناحكومییەكانیش دەبێت بەهەمان شێوە دەوام بكەن و خۆیان سیستمی تەناوب دیاری بكەن.

وەزیری پەروەردەی هەرێم راشیگەیاند:23ی 2ی جارێكی تر لیژنەی باڵای روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی تەندروستی دەكرێتەوەو ئەگەر دۆخەكە وەك ئێستا بێت ئەوا خوێندن بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر دۆخەكە گۆڕا ئەوكاتە بڕیاری تر دەدەین تا داخستنەوەی خوێندنگاكان.

دەشڵێت: ئەگەر لەپۆلێك یان خوێندنگەیەك توشبووی كۆرۆنا تۆماركرا، ئەوا دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەری پەروەردەكان بڕیار لەداخستنی پۆلەكە یان خوێندنگە بدەن بۆ زیاتر بڵاونەبونەوەی كۆرۆنا لەو خوێندنگەیە، بەڵام خوێندن بەخۆپارێزی توندی تەندروستییەوە دەبێت، چونكە خوێنگەكان یەكێك لەهۆكارەكانی گواستنەوەی كۆرۆنا بەهۆی ئەو قەرەباڵغییەی تێدایەو ژمارەیەكی زۆر خوێندكار لەپۆلێكدا دەبن. 

ئەوەشی خستەڕوو: لەوەتەی خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستیپێكردوە لە 16ی 1ی 2021ەوە هیچ گرفتێكی تەندروستی ئەوتۆو بەتایبەت توشبون بەكۆرۆنا لەناو خوێندكاراندا روینەداوەو تائێستا دۆخەكە زۆر باشە.

ئالان حەمە سەعید باسی لەوەشكرد كە دایكان و باوكان، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیەو مەترسی لەسەر تەندروستیان دروستدەبێت، دەتوانن فۆڕم پڕبكەنەوەو منداڵەكەیان نەنێرنەوە خوێندنگەكان و لەماڵەوە بەشێوەی ئەلیتكرۆنی بخوێنێت.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket