riklam

له‌ساڵیادی كۆبانێ دا.. لوله‌ی ئه‌و تفه‌نگه‌ی كه‌ مه‌رگی مران

ریپۆرتاژ‌ 11:46 AM - 2021-01-28
.

.

گه‌مارۆدان و داگیركردنی كۆبانێ، زۆر قورسه‌ بتوانرێت به‌ رۆژو مانگ، ته‌نانه‌ت به‌ ساتش پێوانه‌ بكرێ، پێموایه‌، پێویستمان به‌ پێوه‌ری نوێ بۆ ئه‌و رۆژانه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ سوپای مه‌رگ، سوپای تاڵانیی و وێرانیی و كاولكاریی، بۆ ته‌نها چاوتروكانێكش، ده‌رفه‌تی حه‌سانه‌وه‌یان نه‌ده‌دا.

 شه‌و رۆژ،  سات به‌ سات و چركه‌ به‌چركه‌، دڕنده‌ چنگ به‌خوێنه‌كانی داعش، تۆپ و موشه‌ك و ئاگریان به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا ده‌باران، ئه‌و شاره‌ی، نه‌ ره‌شه‌بای به‌عسی ئه‌سه‌دو نه‌ مه‌غۆل و نه‌ عوسمانی، چۆكیان پێدانه‌دا، تاریكپه‌رستانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، هه‌رچی هێز و توانایه‌كی پڕ له‌ رق و كینه‌ی ناخی ره‌شیان هه‌یه‌، له‌سنووری كۆبانێ ـ كۆیان كرده‌وه‌و په‌لاماری تروسكه‌یه‌ك له‌ روناكی و تیشكێك له‌ئازادی و تاڵێكی سپی، ئاشتیی و ئارامییان دا كه‌ دوای ده‌یان ساڵ به‌خوێنی گه‌ش و ئاره‌قی ره‌ش و هیواو و ئاواتی هه‌زاران گه‌نج و لاوی كوردان به‌ده‌ستهاتبو، داعشه‌ نه‌زان و ناخڕه‌شه‌كانی سه‌ده‌كانی نه‌زانیی و شه‌رمه‌زاریی، هه‌وڵیان دا، ئه‌و كانییه‌ سازگاره‌ كوێركه‌نه‌وه‌ كه‌ چناره‌كانی جوامێریی ئاوده‌دا و چۆله‌كه‌كانی به‌رائه‌تی ده‌حه‌سانده‌وه‌، ویستیان، پێش به‌و رووباره‌ بگرن كه‌ ملی نابوو به‌ره‌و ساراو پێده‌شته‌كان، تاكو دڕك و گه‌زی پڕله‌تاوانی مێرده‌زمه‌ی سته‌مكاریی و كاولكاریی  راماڵێت.

ئایییییییییی ... ئه‌و گه‌نج و لاوه‌ كوڕ و كچانه‌ی كۆبانێ خاوه‌نی چ بیرءباوه‌ڕێكی به‌رز و پۆڵاینی له‌ شكاندن نه‌هاتن بوون، ئاییی ... چ  حه‌ماسه‌ت و گیانفیداییه‌كیان له‌پێناو ئازادیی و سه‌رفرازی داهێنا.

ئه‌وان لووله‌ی ئه‌و تفه‌نگانه‌ بوو كه‌ مه‌رگیان ده‌مراندو به‌ده‌می پڕ له‌قاقاوه‌ چاره‌نووسی ره‌شیان پیشانی تاریكپه‌رستانی داعش ده‌دا، ئه‌وان گۆرانیان  بۆ ئازادیی چڕی و هه‌تاوی ئازادییان بۆ گه‌ل هانی. 

كچان و ژنان له‌كۆبانێ ئه‌و دێره‌ شیعره‌ی پێره‌مێردی نه‌مریان به‌رجه‌سته‌ كرد كه‌ ده‌ڵێت:

تائێستا رووینه‌داوه‌ له‌تاریخی میلله‌تا

قه‌ڵغانی گولله‌ سنگی كچان بێت له‌هه‌ڵمه‌تا

دوژمن به‌ بینینی ئه‌و دیمه‌نانه‌ له‌جوامێریی و بوێری و ئازایی، ئه‌و به‌رخودان و تێكۆشانه‌ تۆق و ئه‌ترشی بوو، ئازادیخوازانی هه‌مو دونیای سنگ پڕله‌ سه‌رفرازیی و ئازادیی، هه‌تا هه‌تا شانازی به‌و كه‌ڵه‌ قاره‌مان و جوامێرانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و بست بست باڵایان پێ به‌رز ده‌بێت و له‌ دیوانه‌ شیعرییه‌كان و رۆمانه‌كانی به‌رخودان تۆماریان ده‌كه‌ن.

كۆبانێ ئێستا سومبلی به‌رخودان و به‌رگرییه‌، نه‌ك هه‌ر له‌ خاك و ئازادیی گه‌لی كوردستان، به‌ڵكو له‌هه‌موو جیهان، كۆبانێ ئێستا ستانیلگراد و زنجیره‌ چیاكانی سیرامایسترا و ڤێتنامی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌. 

مێژووش هه‌رگیز له‌و كه‌سانه‌ نابورێت كه‌ چاویان له‌ئاست روباری خوێنی مێرخاسانی كۆبانێ چوقاند و به‌ به‌رچاوییانه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ دڕنده‌و پاشماوه‌كانی مێژوو ده‌شتیایی سه‌وز و مێرگگوزاری ئازادییان شه‌ڵاڵی خوێن كرد و ئه‌وانش بێده‌نگ بوون.

ئومێد مه‌حمود

 

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket