riklam

بێستان سوور.. نیشتمانێك بۆ قازەكان

ریپۆرتاژ‌ 11:13 AM - 2021-01-27
.

.

گوندی بێستان سوور سەربەناحیەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی، مێژوویەكی دێرینی ھەیە و چەندین سەرچاوەی ئاویی تێدایە، تەنانەت لە بەشێكی ماڵەكانی ئەو گوندە سەرچاوەی ئاوی بوونی ھەیە ئەوەش ھۆكارێكە كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر قاز لەو گوندە بەخێو بكرێن و گوندەكە ببێتە نیشتمانێك بۆ قازەكان.

دانیشتووانی ئەو گوندە زۆربەی ماڵەكانیان قاز بەخێو دەكەن و بە كاری كشتووكاڵییەوە خەریكن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن كە بەھۆی بوونی سەرچاوەی ئاوییەوە زۆربەی دانیشتووانی گوندەكە قاز بەخێو دەكەن.

كەم كەس ھەیە ناوبانگی قازی بێستان سووری نەبیستبێت وەك دانیشتووانەكەی ئاماژەی بۆ دەكەن لە شارەكانی تری ھەرێمی كوردستانەوە رۆژانە خەڵكی سەردانی بێستان سوور دەكەن بەمەبەستی قاز كڕین.

عومەر حاجی محەمەد دانیشتووی گوندی بێستان سوور بۆ PUKmedia وتی: گوندی بێستان سوور گوندێكی دەوڵەمەندە لە بوونی سەرچاوەی ئاوی ئەوەش وای كردووەی ئەم گوندە زەوییەكەی لە باربێت بۆ كشتووكاڵ كردن و لە باریشە بۆ قاز بەخێو كردن.

8.jpg

وتیشی: لە گوندەكەدا پێنج سەرچاوەی ئاوی سەرەكی ھەیە و ھەروەھا لەناو بەشێك لە ماڵەكانی ئەم گوندە سەرچاوەی ئاوی ھەیە، لە ماڵەكەی خۆشمدا كانییەك ھەیە و سوودی لێ وەردەگرین بۆ قاز بەخێو كردن و كشتوكاڵ كردن، بەشێوەیەك ماڵ ھەیە لە گوندەكەدا 50 قازی ھەیەو ماڵ ھەیە 150 بۆ 200 قاز بەخێو دەكەن كە بەشێكی بۆ خواردن و بەشێكی دیكەی بۆ فرۆشتنە.

وتیشی: قازی بێستان سوور ناوبانگی زۆری ھەیە خەڵكی لە شارەكانی تری كوردستانەوە سەردانی گوندەكە دەكەن و قاز دەكڕن بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، چونكە زیاتر قاز لەو وەرزەدا بخۆری ھەیە.

4.jpg

عومەر راشیگەیاند: لەگەڵ ئەوەی گوندەكە بە قاز ناسراوە، بەڵام لەرووی كشتوكاڵیشەوە ناوبانگی باشی ھەیە بەتایبەت لە چەڵتوكدا كە بە چەڵتوكی بێستان سوور بەناوبانگە.

گوندی بێستان سوور لە ئێستاد نزیكەی 150 ماڵی تێدایە لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی دانیشتووانی ئەو گوندە كە سەرقاڵی كشتوكاڵ و بەخێوكردنی قازن بەشێكیشیان فەرمانبەرن و لە دامەزاروە حكومییەكان كاردەكەن.

حاجی عەزیز پیاوێكی بەتەمەنی گوندی بێستان سوورە ئەو لە ماڵێكی خنجیلانەی داردا ژیان بەسەر دەبات و  لەبارەی گوندەكەیانەوە بۆ دەڵێت:  گوندی بێستان سوور لە كۆندا تەنها 2  ماڵی تێدابووە ئێستا زیادی كردووە نزیكەی 250 ماڵی تێدایە، لە كۆندا خەڵكی گوندەكە گەرمیان و كوێستانی دەكرد بەڵام لەدوای گۆرانكاری ژیان خەڵكی گوند دەستیان كرد بە كشتوكاڵ كردن وەك مەرەزە  و توتن و بامێ و تەماتە.

وتیشی: ئەو كاتە خەڵكی گوندەكە كەم قازیان بەخێو دەكرد بەڵام ئێستا بەھۆی زۆر بوونی سەرچاوەی ئاو و كانی ناو گوندە خەڵكەكەی بۆ كرین و فرۆشتن و خواردنی خۆیان قاز بەخێو دەكە

گوندی بێستان سوور بەھۆی بوونی سەرچاوە ئاوییەكانەوە ھۆكارێكە كە كارەبای گوندە 24 سەعاتی بێت و ئەوەش ئاسانكاری تەواوی كردووە بۆ دانیشتوانی گوندەكە.

جەمیلەخان ژنێكی دانیشتووی گوندی بێستان سوورە بۆ PUKmedia وتی: گوندێكی خۆش و دڵگیرە ژنانی ئەم گوندە ھاوكاری ھاوسەرەكانیان كردووە لەبەرێ كردنی ژیان چ لە كشتوكاڵ كردن بێت یان لە بەخێوكردنی قاز.

ئەو وتیشی: گوندی بێستان سوور بە قاز ناسراوە كەم ماڵ ھەیە قازی نەبێت ئێمەش وەك خۆمان قازمان ھەیە كە بۆ خواردن و بۆ فرۆشتن  بەخێویان دەكەین، وەك خۆشمان قاز دەخۆین بەتایبەت لە وەرزی زستان خواردنێكی تایبەتە كاتێك لەگەڵ برنجی كوردی ھەبێت تام و چێژێكی تایبەتی ھەیە.

جەمیلە ئاماژەی بۆئەوەشكرد: بەھۆی ئەوەی كە گوندەكەمان سەرچاوەی ئاوی زۆرە كارەبای گوندەكەمان 24 سەعاتییە ئەوەش وای كردووە ئاسانكاری تەواو بكرێت لە كاروباری رۆژانەی گوندەكەمان.

گوندی بێستانسوور دەكەوێتە ناوچەی تانجەرۆ لەڕۆژھەڵاتەوە گوندی چەناخچیان و كانی پانكەو لەڕۆژئاواوە باریكەو لەباشوورەوە قەرەگۆل و كاژاو و لەباكوورەوە خەرابە و شارۆچكەی عەربەت، ھەروەھا لەڕۆژھەڵاتەوە بەنیمچە چیای چەناخچیان و لەباكوورەوە بەچیای خەرابەو لەڕۆژئاواوە بەیاڵەكانی عەربەت-بێستانسوورو لەباشووریشەوە بەچەند گردێكی ئاسەواریی بەتایبەت گردی یاسین تەپە دەورە دراوە.

3.jpg

مێژووی دروستبوونی بێستانسوور دەگەڕێتەوە بۆ سەرگۆتی و لۆلۆیییەكان وەك لەئاسەوارەكانی گردی یاسین تەپەو قس قەڵاو سەرا كۆن و گردی كاژاو گردی ناسراو بەگردی بێستانسوور ئەمانە شوێنەواری شارستانێتی ئەو سەردەمەیان پێوەدیارە بۆ بوونی ئەم گوندە. ھەرچەندە رژێمی بەعس ھەرچی ئاسەواری دەوروبەری گوندەكە ھەبوو شێواندی بەسەریەكدا بەبیانووی دروستكردنی پڕۆژەی ئاو بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكان، بەمدواییانەش ئەو گردەی كە بەناوی گردی بێستانسوورەوە ناسراوە شوێنەواری حەوت ھەزار ساڵ لەمەوبەری نیشتەجێبوونی لێ دۆزرایەوە، كەئەوەش نیشانەی ئەوەیە بێستانسوور كۆنترین گوندی ناوچەكەیەو ژمارەی دانیشتووانەكەی لەپێش راگواستندا زیاتر لە 120 خێزان بووە، ھەموو خێزانەكانی ئەگەرچی لەڕووی ھۆزایەتییەوە لەیەك بنەماڵەش نەبووبن، ئەوا وەك برا پێكەوەژیاون.

PUKmedia جەمال سەرگەتی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket