riklam

مامە ریشە.. سیمبۆڵی شۆڕش و نەتەوە

ی.ن.ک‌‌ 10:46 AM - 2021-01-23
.

.

"كاتێك ریشە كرایە فەرماندەی كەرتی چواری جەباری، ڕژێم لە ترسی شاڵاوی ئەم جەنگاوەرە، ھەموو ھاتوچۆیەكی لە نێوان كەركوك و بازییاندا قەدەغە كرد!"

هەموو ساڵێك لە ۲٤-۱دا میللەتەكەمان یادی رووداوێكی جەرگبڕ و تراژیدی دەكاتەوە، یادی لە دەستدانی شێرە كوڕێكی دەگمەنی مێژوو دەكاتەوە كە لێوان لێو بوو لە ئەفراندن و ئازایەتی، یادی كۆستێكی گەورە و كەمەرشكێن دەكاتەوە، یادی لە دەستدانی جوامێر و قارەمانێكی دیكەی نیشتمان دەكاتەوە، یادی له دەستدانی جەنگاوەرێكی بێ وێنەو شۆڕە سواری پێدەشتەكانی كوردستان دەكاتەوە، یادی رۆحی بەرزەفڕی ئەفسانەی سەدەی بیست "مامە ریشە" سیمبۆڵی شۆڕش و نەتەوە دەكاتەوە!

كاتێ رژێمی لەناوچوو لە ساڵەكانی ۱۹۷۸ و ۱۹۷۹، پڕۆسەی تەرحیل و تەعریبی لە كوردستاندا گەیاندە لووتكەی زوڵم و تاوان، كە هەرچی رەزو باخ و كشتوكاڵ هەبوو، خاپووری كرد، هەروەها جوتیار و دانیشتوانی گوندەكانیشی بەرە و چارەنووسێكی نادیار راگوێزا.. لەم ساتە وەختە ناهەموار و پڕ لە ئازارەدا كە بەعسی لەناوچوو دەرهەق بە میللەتەكەمان ئەنجامیدا، وای لە "مامە ریشە" كرد، لە شۆڕشی نوێدا لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرانییدا؛ چەكی مەردایەتی بكاتە شان و، دڕ بە شەوە زەنگی داگیركاری و زۆرداری بدا.

لە ماوەیەكی زۆر كەمدا، مامە ریشە بەهۆی ئازایەتی و جوامێری و جەربەزەییەكەیەوە، توانی؛ وەك پێشمەرگە و جەنگاوەرێكی بێ وێنە، ناوو ناوبانگی بە هەموو كوردستان و، تەنانەت عیراقیشدا بڵاو بێتەوە و، لە دەشتە كاكی بە كاكییەكانی ناوچەكانی: (ھەمەوەند، جەباری، قادركەرەم و دەوروبەری شاری كەركوكدا) گورزی كوشندە و جەرگبڕ لە دوژمن بدا.. گورزە بەھێزەكانی مامە ڕیشە لە ھێزی داگیركەر، ھێندە كاریگەر بوون، كە ھەر ناوهێنانی ریشەی جوامێر و  پێشمەرگە، بەس بوو بۆ تۆقاندن و تێكشكاندنی  لەشكری دوژمن، تا وای لێهات لە كۆڕو كۆبوونەوەكاندا، وەك جەنگاوەرێكی ئەفسانە باس لە ئازایەتیی مامە ریشە دەكرا.

لە ساڵی ١٩٧٩وە، ریشە، ئەم ئازایەتیی و جوامێرییە دەگمەنەی، ئاوێتەی كاری پێشمەرگایەتی و  شۆڕش كرد و، سەرەتا لە كەرتی بازیان درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتییدا. لەگەڵ ھەموو چالاكییەكدا، ناوبانگی ئەم شۆڕە سوارەی كوردەواری، تا دەهات زیاتر بەرەو لووتكەی سەركەوتن هەڵدەكشا و، ئازایەتی و خۆشەویستیی، لە دڵ و دەروونی هەموو تاكێكی كورد، زیاتر دەبوو.

ئەوێ روژێش كە كرایە فەرماندەی كەرتی چواری جەباری، ڕژێم لە ترسی شاڵاوی ئەم جەنگاوەرە، ھەموو ھاتوچۆیەكی لە نێوان كەركوك و بازییاندا قەدەغە كرد و، ئیدی لێرەوە وردە وردە ناوی (مامە ڕیشە) كەوتە نێو سرود و دروشمە جەماوەرییەكان و، بە هوتافكێشان و ناوهێنانی مامە ریشە، هێندەی تر، رك و ورەو بیرو بازووی جەماوەر، بەرامبەر بە تاوان و رەفتارەكانی بەعسی لەناوچوو بەهێزتر دەبوو. 

بەشێك لە داستان و سەروەرییەكانی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، ھەر لە شەڕی (تەپەی عەرەب)وە، تا دەگاتە داستانی ڕزگاركردنی (بێتواتە) جێ پەنجەو نەخشەی مامە ڕیشەی پێوە دیارە. ئەم پێشمەرگە چاو نەترس و ئازاو بوێرە، چەند جارێك لە شەڕی پێشمەرگایەتیدا بریندار بووە. هەروەها بەهۆی ناووناوبانگ و هەڵوێستەكانییەوە، ڕژێمی رەفتار فاشی، باوكی مامە ڕیشە و، برایەكییان شەھید كردووە!

دوژمن ھەر بەمەشەوە نەوەستا، تا دەهات فۆبیا و ترس و دڵەواركێی ریشە، لە دڵ و دروونیان رۆتر دەچوو، بۆ ئەمەش بیری لە پیلانێك كردەوە تا شەهیدی بكات! مەخابن لە رۆژی ٢٤ی كانونی دووەمی ساڵی ١٩٨٥، لە پیلانێكی ترسنۆكانەی پێشتر بۆ داڕێژراودا، بە دەستی كۆمەڵێك جاش و خۆفرۆش و بەكرێگیراوو خائین، شەھید كرا!

نووسینی/ ئەحمەد رەفیق

PUKmedia  تایبەت

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket