riklam

شارەزایان هێزە ئەمنییەكان بە بەرپرسیاری تەقینەوەكان دەزانن

عیراق 09:02 PM - 2021-01-21
.

.

شارەزایانی ئەمنیی لەعیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی كانوونی دووەم، بەرپرسیارێتی هەردوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت دەخەنە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكان و فەرماندەكان و جەختیشیان كردوەتەوە تەقینەوەكان هیچ پەیوەندییەكی بەململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكانەوە نییە.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەغدای پایتەختی فیدڕاڵ رووبەڕووی هێرشێكی تیرۆریستی بوەوەو دوو تەقینەوەی خۆكوژی لەناوجەرگەی بەغداو لەناوچەی باب شەرجی روویانداو كوژراو بریندارێكی زۆری لێكەوتەوە.

مەستبوون بەسەركەوتنەكان و لاوازی لە هەوڵی دەزگا هەواڵگرییەكان

لەو بارەیەوە، عەلی بەیدەر، شارەزای بواری ئەمنیی، لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: هێزە ئەمنییەكان بەشێوەیەكی رەها ئەو هەستەیان لەلا دروستبووبوو كە توانیویانە ئاسایش پسەپێنن و جۆرێك لە شلبوونەوەش لەنێو ریزەكانیاندا هاتبوەئاراوە، هەروەها زیاد لەرادە بەسەركەوتنەكان سەرگەرم بووبوون، جگەلەو لاوازییەی لەئەركەكانی دەزگا هەواڵگرییەكان هاتبووە پێشەوە، ئەمانە ئەو هۆكارانە بوون كە وایانكرد شانە تیرۆرستییەكان بتوانن دزەبكەنە ناو قوڵایی بەغدای پایتەخت و كەلێن و بۆشایی تێدا بدۆزنەوە، لەدوای هەموو ئارامیی و شلبوونەوەیەك ئەم ڕووداوانە پێشبینی كراو بوون.

بەیدەر راشیگەیاند: پێویستە هێزە ئەمنییەكان لەم بارودۆخانەدا ووریاترو چاوكراوەتر بن و رێگە لەبەردەم ئەنجامدانی ئەم جۆرە كردەوە تیرۆرستییانە بگرن كە دەبنە مایەی شڵەژاندنی دۆخی ئەمنیی و سیاسیی و جارێكی تر وڵات دەخەنەوە ناو گێژاوو جۆرێك لە ململانێیەكان كە رەنگە بگاتە ئاستی كۆمەڵایەتی و تەشەنە بكاتە نێوان تایەفە جیاوازەكان، ئاماژەی بۆئەوەشدا، بێگومان زۆرێك لایەن هەیە ئەم رەوش و بارودۆخە بۆ بەرژوەندی خۆیان و گەیشتن بەئامانجی دەستەخوازی و مەزهەبی بەكاردەهێنن، ئەم پرسانە لەلای گەلی عیراق شاراوە نین و ئەوەندە هۆشیارن كە دەتوانن سەرەداوی هەرچ هەوڵێك ئاشكرا بكەن كە دەیانەوێت عیراق بەرەو سەردەمی تایەفەگەری بگەڕێننەوە.

شارەزاكەی بواری ئەمنیی ئاماژەشیدا، عیراقییەكان دەتوانن راستەوخۆ وتاری سیاسی خۆیان ئاراستە بكەن و رێگری لەو لایەنە سیاسییانە بكەن كەدەیانەوێت جۆرێك هەڵوێست بنوێنن كە ببێتە مایەی هەڵكشانی ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنیی، و جەختیش دەكاتەوە، هەردوو تەقینەوە تیرۆرستییەكە هیچ پاڵنەرێكی سیاسی لەپشتەوە نەبووەو تەنها لەروانگەی پیلانێكی تیرۆستییەوە ئەنجامدراوە.

جەختیشی كردەوە، ماوەیەكە رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەهۆی پەتای كۆرۆناوە خۆیان متكردبوو، بەڵام لەلایەنی ئەمنییەوە ووریابوون، هەوڵیان ئەدا لەڕێگەی نامە سەرنج راكێشەكانیانەوە ئەو پەیامە بگەیەنن كە هێشتا دۆخی ئەمنی وڵاتیان لەژێر دەستدایەوەو دەتوانن بۆشایی و بەربەستە ئەمنییەكان ببەزێنن و لەناو قوڵایی بەغدای پایتەختدا دەست لە دامەزراوە ئەمنییەكان بوەشێنن.

بەیدەر بەرپرسیارێتی هەردوو تەقینەوەكەی خستە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكان، و وتیشی: لە عیراق نزیكەی یەك ملیۆن كارمەندی ئەمنیی هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانیوە ئاسایش بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر بكەن، پێویستە چاوخشاندنەوە بەسەرجەم دامەزراوە ئەمنییەكان بكرێت، هەروەها چاوخشاندنەوە بەو كەسانەش بكرێت كە پێگەو بەرپرسیارێتی هەستیار و گرنگییان پێسپێردراوە. 

رێكخراوە تیرۆرستییەكان لەڕێگەی پەیامەكانیانەوە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ماون و كۆتاییان نەهاتووە.

هەر سەبارەت بەم پرسە، ئەحمەد خزر، شارەزای بواری ئەمنیی و شرۆڤەكاری سیاسی لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia روونیكردەوە، بەرپرسیارێتی شكاندنی بەربەستی ئەمنیی ئەمڕۆی بەغدای پایتەخت دەكەوێتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا، كەبەهۆیەوە دەیان هاووڵاتی سڤیل كورژان و بریندار بوون.

ئەحمەد خزر راشیگەیاند: دەبوایە دەزگا هەواڵگرییەكان لەرێگەی هەوڵەكانیانەوە شكستیان بەم كردەوە تیرۆستییە بهێنایە كە هاووڵاتیانی سڤیلی لەبەغدای پایتەخت كردە ئامانج، بەپێداگرییەوە جەختی لەوە كردەوە، كارەكە تەنها بەدەركردنی بەیاننامە كۆتایی نایەت، پێویستە تاوانەكە پێش روودانی ئاشكرا بكرێت، بۆ دەبێت لەناو هەمان بازنەی كەمتەرخەمی و شلبوونەوەی هێزە ئەمنییەكاندا بخوولێینەوە كە هۆكار بوون بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە كردەوە تیرۆرستییانەیە.

ئەو شارەزایەی بواری ئەمنیی ئاماژەشیدا، رێكخراوی تیرۆریستی داعش یاخود هەرچ رێكخراوێكی تر بێت، لەڕێگەی كردەوە تاوانكارییەكانیانەوە پەیامی هاوشێوە دەنێرن كەتێیدا هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتیانی بێتاوان دەكەنە ئامانج، روونیشی كردەوە، پێشتر حكومەت لە سەرجەم راگەیەنراوەكانیدا ئاماژەیدابوو بەكۆتایی هاتن و هەڵوەشاندنەوەی شانە تیرۆرستییەكان، بەڵام ئەو رێكخراوە تیرۆرستییانە لەمیانی دوو تەقینەوە تیرۆرستییەكەی ئەمڕۆیاندا جەختیان كردوەتەوە كە هێشتا ماون، ئەوەی لەم كردەوەیەدا جیاوازە ئەوەیە كە بەرۆژی رووناك و لەناوەندی شاری بەغدای پایتەختدا ئەنجام دراوە. 

ئەحمەد خزر راشیگەیاند: كردەوە تیرۆرستییەكە پەیامێكی ئەمنیی ئاشكرای گرووپە تیرۆریستەكان بوو كە رایانگەیاند كە لەتوانایاندا هەیە چ شوێنێكیان بوێت دەتوانن پێیبگەن و بوونی خۆیانی تێدا بسەلمێنن، ئاماژەشیدا، پەیامەكە بەڕوونی هێزی رێكخراوە تیرۆریستییەكان نیشان دەدات، هاوكات خاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەكان و كارە هەواڵگرییەكان دەخاتەڕوو.

لەكۆتایی لێدوانەكەیدا، ئەحمەد خزر رایدەگەیەنێت، ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكان رەنگدانەوەی نەرێنی بۆسەر كارە ئەمنییەكان هەیە، ئاماژەی بۆئەوەش كرد كە شەقامی عیراقی لەچینی سیاسی بێزاربوون، ئەوەش دەرئەنجامی ناكۆكییەكان و  گەندەڵی و دزییەكانی ئەم چینەوەیە كە بەرپرسیارن لە بەرگری و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان، روونیشی دەكاتەوە، بەراستەوخۆ بێت یاخود ناڕاستەوخۆ چینی سیاسی لەو پێشێلكارییە ئەمنییانە بەرپرسە، دووپاتیشی كردەوە، سەرەنجام هەموومان گەیشتینە یەك ئەنجام ئەویش ئەوەیە كە چینی سیاسی بەرپرسە لە هەرچ پێشێلكارییەكی ئەمنییە كە بێتەپێشەوە. 

بەرزبوونەوەی قوربانییەكانی دوو تەقینەوە خۆكوژییەكە

بەپێی دوا ئاماریش كە لەلایەن وەزیری تەندروستی حكومەتی فیدڕاڵەوە راگەیەنرا، ژمارەی قوربانییەكانی هەردوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی ئەمڕۆی شاری بەغدا گەیشتە 33 كوژراوو 110 بریندار.

PUKmedia  هامیار عەلی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket