لاهور شێخ جه‌نگی له ڕێگه‌ی ڤیدیۆكۆنفرانسه‌وه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی یه‌كێتیی له وڵاتانی ده‌ره‌وه كۆبووه‌وه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ١٧ـی١ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له ڕێگه‌ی ڤیدیۆكۆنفرانسه‌وه به‌شداریی كۆنفرانسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانی كرد‌و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی یه‌كێتی له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه كۆبووه‌وه.
له‌و ڤیدیۆكۆنفرانسهكهدا كه هه‌ریه‌ك له دكتۆر سۆران جه‌مال تاهیر لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان و سه‌ركه‌وت محه‌مه‌د غه‌فور لێپرسراوی بۆردی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌و فریاڵ عه‌بدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی په‌یوه‌ندییه هه‌رێمایه‌تییه‌كان و نوێنه‌رانی یه‌كێتی له وڵاتانی ده‌ره‌وه ئاماده‌یبوون، گفتوگۆ كرا ده‌رباره‌ی دواین گۆڕانكاری و پێشهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه و ڕۆڵی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له هاوكێشه سیاسییه‌كاندا.
له سه‌ره‌تای ڤیدیۆكۆنفرانسهكهدا لاهور شێخ جه‌نگی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد‌و تیایدا به‌رچاوڕوونیدا به هه‌ڤاڵانی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی ده‌ره‌وه له باره‌ی شێوازی كاری حزبی له دوای كۆنگره‌ی چواره‌م و ڕۆڵ و پێگه‌ی یه‌كێتیی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان.
لاهور شێخ جه‌نگی ئاماژه‌ی بۆ دۆخی كۆرۆنا كرد‌و ڕایگه‌یاند، له دوای كۆنگره كۆرۆنا ڕێگر بووه له ئه‌نجامدانی كار و چالاكییه حزببیهكان، به‌ڵام یه‌كێتی له‌و دۆخه‌شدا ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بووه و له سۆنگه‌ی په‌رۆشیمان بۆ میلله‌ته‌كه‌مان و له‌كاتی كه‌ره‌نتینه‌دا ده‌ستمانكرد به هاوكاریكردنی نه‌خۆشخانه‌كان و پێشكه‌شكردنی ده‌رمان و كۆمه‌كی پزیشكی و دروستكردنی نه‌خۆشخانه له چه‌ند شار و شارۆچكه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان.
لاهور شێخ جه‌نگی باسی له هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عیراق و پێداگریی یه‌كێتی دوپاتكرده‌وه له‌سه‌ر گرنگی جێبه‌جێكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زیی بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به هاووڵاتییان و ڕایگه‌یاند، له چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنی نێوانمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان چاوه‌ڕوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانین بۆ جێبه‌جێكردنی لامه‌ركه‌زیی دارایی و كارگێڕیی له هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێم.
ئاماژه‌شیكرد به سه‌ردانه‌كانی بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی وه‌فدی یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق له پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندیی لایه‌نه‌كان و حكومه‌تی فیدراڵی بۆ دابینكردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم و تێپه‌ڕاندنی پشكی هه‌رێم له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١.
له ته‌وه‌رێكی تری وته‌كانیدا لاهور شێخ جه‌نگی پلان و به‌رنامه‌ی داهاتووی یه‌كێتی بۆ هه‌ڤاڵان له نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی ده‌ره‌وه ڕوونكرده‌وه، هاوكات سوپاسیكردن كه دڵسۆزانه ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێكردوه و داواشی لێ‌كردن كه خۆیان ساز و ئاماده بكه‌ن بۆ داهاتوو به گیانێكی یه‌كێتییانه كار بكه‌ن بۆ خزمه‌تكردنی ڕه‌وه‌ندی كوردی له ده‌ره‌وه.
له‌كۆتاییدا نوێنه‌رانی یه‌كێتیی له وڵاتانی ده‌ره‌وه باسیان له كار و چالاكییه‌كانیان كرد و سه‌رنج و تێبینییهكانی خۆیان خسته ڕوو، سوپاسی لاهور شێخ جه‌نگییان كرد كه ڕاشكاوانه بابه‌ته‌كانی بۆ ڕوونكردنه‌وه. هاوكات پرسیار و داواكارییه‌كانیان ئاڕاسته كرد و به گرنگییه‌وه له لایه‌ن هاوسه‌رۆكه‌وه وه‌ڵام درانه‌وه.
PUKmedia تایبه‌ت