riklam

ساڵۆنی لاپه‌ڕه‌ 9 ی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن نوسینگه‌ی هه‌ولێر ده‌ستی به‌چالاكییه‌كان كرد

ئەدەب وهونەر 10:58 PM - 2021-01-16
.

.

له‌ده‌ستپێكی كاروچالاكیه‌كانی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن نوسینگه‌ی هه‌ولێرله‌ ساڵۆنی لاپه‌ڕه‌ 9 و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی نوسه‌ران و رۆشنبیران و بڵاوكردنه‌وه‌ و ناساندنی به‌رهه‌مه‌كانیان، ئه‌مڕۆ 16-1-2021 به‌ ئاماده‌بوونی ستران عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌وه‌كاله‌ت و مه‌سعود مه‌لا هه‌مزه‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن نوسینگه‌ی هه‌ولێر و هاوڕێ ره‌واندزی به‌رێوه‌به‌ری ته‌له‌فیزیۆنی گه‌لی كوردستان كه‌ناڵی هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له‌ میدیاكاران و نوسه‌ران و رۆشنبیران و مامۆستایانی زانكۆ، كۆڕی ناساندن و دابه‌شكردنی كتێبی (ئه‌مڕۆ ساتمه‌م كرد به‌سه‌ر دوێنێدا كه‌وتم) بۆ نوسه‌ر و شاعیر موحسین ئاواره‌ له‌ ساڵۆنی لاپه‌ڕه‌ 9 به‌رێوه‌چوو، كه‌ باس له‌قۆناغه‌كانی ژیانی نوسه‌ر و بیره‌وه‌رییه‌كانی له‌ نێوان ساڵانی (1956-2020) ده‌كات.

سه‌ره‌تای كۆڕه‌كه‌  كه‌ له‌لایه‌ن نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس نازم دڵبه‌ند به‌رێوه‌چوو، ستران عه‌بدوڵڵا  وێڕای ده‌ستخۆشی له‌  نوسه‌ر و شاعیر موحسین ئاواره‌ بۆ ناساندنی كتێبه‌كه‌ی له‌ساڵۆنی لاپه‌ڕه‌ 9 ی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن نوسینگه‌ی هه‌ولێر، له‌وته‌یه‌كی كورتدا  ده‌ستخۆشی له‌ مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نوسینگه‌ی هه‌ولێر كرد بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاروچاڵاكیه‌كانیان و كردنه‌وه‌ی ساڵۆنێك به‌ناوی لاپه‌ڕه‌ 9 بۆ كاروچالاكییه‌كانی داهاتوویان، هاوكات پشتیوانی خۆی دووپاتكرده‌وه‌  بۆ به‌رده‌وامبوونی ئه‌و چاڵاكیانه‌ و گرنگیدان به‌ نوسه‌ر  رۆشنبیرانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر و به‌رهه‌مه‌كانیان.

دواتر موحسین ئاواره‌ به‌ر له‌ دابه‌شكردنی كتێبه‌كه‌ی كورته‌ باسێكی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی به‌رهه‌مه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بوان كرد و تیشكی خسته‌سه‌ر رووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌ چۆن تێكه‌ڵی شیعر و هۆنراوه‌كانی كردووه‌ و سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانیشی گوزارشتن له‌ ژیانی تایبه‌تی و كۆمه‌ڵگای كورده‌واری له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا.

هه‌رله‌میانه‌ی وته‌كیدا نوسه‌ر باسی له‌ چه‌ندین دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و  رووداوه‌ سیاسی و ئابورییه‌كانی ساڵانی پێشووی هه‌ولێر و كوردستان كرد و به‌شێوه‌ی ته‌نزئامێز له‌ نێو كتێبه‌كه‌ی بڵاوی كردۆته‌وه‌.

 هه‌رله‌ مه‌كته‌بی راگه‌یاندن نوسینگه‌ی هه‌ولێر و له‌ په‌راوێزی ده‌ستپێكی چاڵاكیه‌كانی ساڵۆنی لاپه‌ڕه‌ 9، ستران عه‌بدوڵڵا لێپرسراوی مه‌كته‌بی  ناوه‌ندی راگه‌یاند به‌وه‌كاله‌ت له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ نوسه‌ران و رۆشنبیرانی هه‌ولێر تیشكی خسته‌سه‌ر رووداوه‌ سیاسی و ئابورریه‌كانی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها باسی له‌ ره‌وشی میدیا به‌تایبه‌تی میدیای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كرد،  بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی  ناوه‌ندی راگه‌یاند چه‌ندین رێنمایی خسته‌روو له‌ پێناو به‌ره‌و پێشبردنی مه‌كته‌بی راگه‌یاند نوسینگه‌ی هه‌ولێر و گرنگیدان به‌ نوسه‌ران و رۆشنبیران هه‌ولێر.

بڕیاریشه‌ له‌رۆژانی داهاتوو كاروچالاكیه‌كانی ساڵۆنی لاپه‌ڕه‌9 ی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن نوسینگه‌ی هه‌ولێر به‌رده‌وامیان هه‌بێت و سه‌رجه‌م ئه‌و نوسه‌ر و شاعیرانه‌ به‌سه‌ر بكاته‌وه‌.

PUKmedia ته‌ها عه‌بدوڵڵا/ هه‌ولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket