دوێنێ ئێوارە بەرواری ١٤ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١، سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بەشێك لە وەزیرەكانی (وەزیری : تەندروستی ئۆلیڤیە ڤێران، پەروەردە ژان میشێل بلانكێ، خوێندنی باڵا فرێدریك ڤیدال، دارایی برونۆ لو مێر، كار و هەلی كار ئێلیزابێت بۆرن، كولتور ڕۆزلین باشلوو) ڕێوشوێنی تریان گرتەبەر لە بارەی ڕێنمایی یە خۆپارێزیە نوێیەكانەوە.
قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە ٨ی ئێوارە گۆڕدرا بۆ ٦ی ئێوارە تا ٦ی بەیانی لەسەر هەموو خاكی فەرەنسا، ئەم بڕیارە لە ڕۆژی شەممە ١٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١ ەوە جێ بەجێ دەكرێت بە لایەنی كەمەوە بۆ ماوەی پازدە ڕۆژ.
هەموو هاتوچۆكردنێك بێ نوسراوی پشتگیری قەدەغەیە لە ٦ی ئێوارەوە بۆ ٦ی بەیانی، بە پێچەوانەوە غەڕامەی سەرپێچی لە ١٣٥ ئیرۆ بۆ ٣٦٥٠ ئیرۆ دەكرێت بۆ هەر سەرپێچیكردنێك لەم بارەیەوە.
بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی جۆرایەتییەكانی كۆڤید ١٩ هاتووچۆی سنوری كەم دەكرێتەوە، لە ١٨ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١ ەوە گەشتیارانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا تێستی (پێ.سێ.ئێخ) بكەن و نەگەتیڤ بێت ئەوكات دەتوانن بێنە نێو خاكی فەرەنسا وە. بۆ ئەو وڵاتانەی ئەم جۆرە تێستەیان نیە میكانیزمێكی تایبەت بە پشكننین دادەڕێژرێت لە لایەن كۆمەڵێك شوێنی باوەڕپێكراوی حكومەتی فەرەنسی یەوە بۆ پشكنین.
بۆ ئەو دام و دەزگایانەی ڕێگەیان پێدراوە دەوامی خۆیان بكەن لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆدا ناتوانن دەرگایان واڵا بكەن و پێشوازی لە هاوڵاتیان بكەن.
قوتابخانەكان؛ بە كراوەیی دەمێننەوە بەڵام ڕێوشوێنی خۆپارێزی تەندروستی تونگتر دەگیرێتە بەر، نم\ حانوتی قوتابخانەكان دادەخرێن و منداڵان دەبێت خواردنی خۆیان بێنن و بە گروپ و جیا جیا بیخۆن، هۆڵی وەرزش لە شوێنی داخراو دەوەستێت هەتا بڕیاری داهاتوو.
خوێندنی باڵا : ئەو خوێندكارانەی ساڵی یەكەمی سەرپەرشتییان بێت یان ساڵی یەكەمی دەستپێكیان بێت دەتوانن بە گروپی بچوك دەوام بكەن لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی تەندروستی دا لە دوایی ٢٥ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١ ەوە.
خانەی بەساڵاچوان: سەردانی خانەی بەساڵاچوان ڕێگەپێدراو دەبێت لە چوارچێوەی رێنماییە تەندروستییەكان.
كار : پێشنیار دەكرێت هەتا بتوانرێت كار لە ڕێگەی شاشەو ئۆنلاین ەوە بێت.
بازاڕ: هەرچی نوسینگەی خانووبەرە و ئۆتۆمبێل و سەنتەرەكانی فێربوونی شۆفێری و كاری خزمەتگوزاری ناوماڵ ڕێگە پێدراوە لە ٦ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە، واتە لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ ڕێگە پێدراو نین.
گونجاوترە یەك شەممان كە ڕۆژی پشووە بازاڕی پێداویستی یە سەرەتاییەكان بكرێتەوە هەتا قەرەباڵغی لەسەر ڕۆژەكانی تر كەم بكاتەوە.
ڕێستۆرانت و باڕ و چێشتخانە و كافێ خانەكان بە داخراوی دەمێننەوە هەتا بڕیاری داهاتوو.
كولتور: هەموو ئەو شوێنانەی تا ئێستا داخراون بە داخراوی دەمێننەوە وەك؛ سینەما، شانۆ، ئۆپێرا، هۆڵی نمایش و سێرك، وەرزش.. بەڵام چالاكی تر وەك دەرهێنانی فیلم و شوێنی وێنەگرتن دەتوانرێت مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت پشت بە ڕێنماییە تەندروستیەكان. لە ٢٠ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١ ەوە دەكرێت بە پێی بەرەوپێشچوونی بارودۆخەكە پێداچونەوە بەسەر ئەم بڕیارادانە دا بكرێت.
شوێنی گەشتیاری زستانە: بارودۆخی تەندروستی ڕێگە نادات بكرێنەوە هەتاوەكو مانگی شوباتی ٢٠٢١.
شوێنی ئاینی : كراوە دەبێت بەو مەرجەی رێوشوێنە تەندروستییەكان لە بەرچاوبگیرێت وەك ماوەی نێوان هەر سەردانكەرێك لە كاتی دانیشتن دا.
بە پێیی ووتەكانی وەزیری تەندروستی ئۆلیڤیە ڤێران لە ئێستا دا دوو جۆری تر لە جۆرایەتییەكانی كۆڤید ١٩ لەسەر خاكی فەرەنسا هەیە، یەكێكیان بە جۆرایەتی كۆڤیدی بەریتانی ناو دەبرێت و ئەوی تریان بە جۆرایەتی كۆڤیدی باشوری ئەفریقا كە ماوەی تەشەنە كردنیان خێراترە لە كۆڤید ١٩ە باوەكە و زیاتر توشی منداڵ و لاوان دەبێت بەڵام هەتاوەكو ئێستا وا تێبینی دەكرێت كە كەمتر سامناكە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و گونجاو تر وەڵامی ڤاكسینەكە دەداتەوە كە ئەمە هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ هاوڵاتیانی فەرەنسا.
بڕیاردرا ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتوو بارودۆخ بەرەو باشتر نەچوو ئەوا ناچار قۆناغی ماڵنشینكردن ڕابگەیەننەوە بۆ وەستاندنی زیاتر بڵاوبوونەوە ئەم پەتایە و جۆرایەتیەكانی.
PUKmedia فەرەنسا - وەرگیراوە