riklam

كاری رێكلامی هونەری كاریكاتێر

ئەدەب وهونەر 11:13 AM - 2021-01-14
.

.

بەشی دووەم 

 رێكلام خۆی لە خۆیدا بۆتە شتێكی پێویست بۆ رۆژنامەگەریی، پشتگیرییەكی دارایی بۆ دابین دەكات بۆ بەردەوامبوون و پێشكەوتن، سەرەڕای بوونی تێبینیەكی زۆر لەسەر ئەو رێكلامانەی لە رۆژنامەكاندا بڵاودەكرێنەوە، بەڵام لە حاڵەتی پابەندبوونی وەشانكارەكانی رێكلامەكان بە ئیتیك و ڕەوشتی رێكلام، ئەم تێبینیانە راست نابن، بوونی رێكلام لە رۆژنامەكاندا بوونێكی شەرعیە، چونكە رۆژنامەگەریی ئامرازێكی پەیوەندی بنەڕەتییە لە نێوان مرۆڤاندا، بۆیە ئەوانەی ئەو كاڵا بازرگانیانە بەرهەمدێنن، مافی ئاگاداركردنەوەی خەڵكیشیان هەیە بەو كاڵایانەی كە بەكاریاندێنن، مافی رێكلام كردنیشیان هەیە بۆ كاڵاكانیان بۆ دۆزینەوەی رێگایەك بۆ بەكاربەران، لێرەشدا شوێنی ئەوە نیە باسی ئەو تێبینیانە بكەین كە لەسەر رێكلام لە رۆژنامەكاندا هەیە.

ئێمە لێرەدا بە شێوەیەكی سەرەكی باسی رێكلامی بازرگانیمان كرد لە نێو رێكلامەكاندا، چونكە رێكلامی بازرگانی بە بەراورد لەگەڵ هەموو جۆرەكانی تری رێكلامدا زیاتر پەیوەندیان بە رۆژنامەگەرییەوە هەیە، كە ئەگەر پشت بە رۆژنامەگەریشەوە ببەستن، ئەوا بە شێوەیەكی سادە دەبێت، زۆرجاریش هەر هەمان شێوازی بازرگانی دەبێت، بۆ نمونە رێكلامی شانۆیی لە رۆژنامەگەریدا ئەگەر بە شێوەی هەواڵ نەبێت، ئەوا جیاوازیەكی ئەوتۆی نابێت لەگەڵ رێكلامكردن بۆ كاڵایەك، ئامانج تێیدا برەودان و بازاڕگەرمییە بۆ شانۆكە، لە ڕێی بەكارهێنانی چەندین شێوازی جۆراوجۆرەوە، وەكو بەكارهێنانی پاڵەوانی  شانۆكە و ناوی نووسەرەكە و سیفەت و چاكەكانی شانۆكە (كۆمیدی، گاڵتەجاڕی، رەخنەكاری، مێژوویی ..هتد)، بەمەش رێكلامەكە مەبەستی برەودانە بە فرۆشتنی پلیتی چوونەژوورەوە بۆ شانۆكە، بۆیە رێكلامێكی بازرگانیە، هەر رێكلامێكیش سیفەتی هەواڵی رۆژنامەوانی نەبێت، ئەوا رێكلامێكی بازرگانیە، تەنیا ئەگەر رێكلامێكی پزیشكی بۆ كوتان دژی نەخۆشیەك هەڵاوێژكەین، یان رێكلامی رێنماییەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشیەكی دیاركراو، ئەمانە ناتوانرێت بە رێكلامی بازرگانی دابنرێن، چونكە بۆ برەودان و بازاڕگەرمی نیە، بەڵكو بۆ بانگهێشتكردن و ئاگاداركردنەوە و وریاكردنەوەیە، هیچ هۆیەكی بازرگانی یان وەبەرهێنانی لەدواوە نیە، هەتا ئەم جۆرە رێكلامانەش دەتوانین باسی ڕۆڵی كاریكاتێریان لە نێودا بكەین، چونكە لە ڕووی ناوەڕۆكەوە جیاوازی لەگەڵ رێكلامەكانی دیكەدا نیە، لە گەیشتن بە زۆرترین ژمارەی‌ خوێنەرانەوە، لە ڕووی خواستیشەوە بۆ بەدیهێنانی كاریگەرییەكی زۆر، بۆیە بەكارهێنانی كاریكاتێر تێیدا زۆر پێویستە لە زۆر حاڵەتدا، لەبەر هەمان ئەو هۆیانەی‌ كە پێشتر باسمان كرد لە رێكلامی بازرگانیدا، بۆیە پێمانوایە كە پێویست ناكات بە شێوەیەكی تایبەت قسە لەسەر رێكلامی پزیشكی و جۆرەكانی تری رێكلام كردندا بكەین، چونكە پێویستی بە كاریكاتێر لە هەموویاندا وەكو یەك وایە.

ئامادەكردنی/ هەندرێن خۆشناو

PUKmedia تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket