riklam

عیراق جەخت لەچارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی ھەرێم دەكاتەوە

عیراق 08:45 PM - 2021-01-12
.

.

سەرۆكایەتییەكانی عیراق جەختدەكەنەوە لەپێویستی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی هاووڵاتیان لە لێكەوتە ئابوورییەكان و چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان.

كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكانی عیراق، جەختدەكاتەوە لە گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی دۆسێی داراییە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەتی پاراستنی مافی سەرجەم مووچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەكان.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە 12-1-2021 لە كۆشكی بەغداد د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و موستەفا كازمی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كۆبوونەوە و لەبارەی دواین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری وڵاتدا و دۆسیەیی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو گفتوگۆیانكرد.

ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە جەختیانكردەوە لە پێویستی چەسپاندنی سەقامگیری وڵات و پارێزگاریكردن لە ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و پاراستنی مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەكان و جێبەجێكردنی یاسا لە پێناو هێنانەدی ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

هەر لەو كۆبوونەوەكەدا دووپاتكرایەوە لە خستنەگەری هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ پشتیوانی و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی خاوەن توانا و سەروەری و پاراستنی ماف و ئاسایشی هاووڵاتیان و رێگریكردن لەو كارانەی لە دەرەوەی یاسان و رێكخستنەوەی چەك لە دەرەوەی یاسا.

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كرا، وەك ئەركێكی دیموكراسی و دەستووری لە وڵات، بەتایبەتی تریش وەك داواكارییەكی جەماوەری و نیشتمانی رەوا، بە ئاڕاستەی هەنگاونان بەرەوە چاكسازی و گۆڕانكاری بنەڕەتی، هەروەها وەك وەڵامدانەوەی راستەقینەی دواكارییەكانی گەل، بۆ ھێنانەكایەوەی پەیمانێكی سیاسی نوێ و خزمەتكردنی خەڵك و ھێنادی ئاشتییانەی چاكسازی ریشەیی، بە بەشداری بەرفراوانی ھەمووان.

لەو روانگەیەوە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە جەختیانكردەوە لە پێویستی كاركردنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی وڵات و هێزە سیاسی و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان بۆ پشتیوانیكردنی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لە رێگەی رێگریكردن لە ساختەكاری و فرتوفێڵ، بەجۆرێك ھەڵبژاردنەكان بە ببێتە جێی خواستی گەلی عێراق لە ھەڵبژاردنی نوێنەرای راستەقینەییان دوور لە گوشارێكی چەك.

هاوكات ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە ئاماژەیانكرد بەپێویستی رەچاوكردنی پاك و بێگەرد و شەفافی هەڵبژاردنەكان لە تەواوی قۆناغەكانی بەڕێوەچوونی دا، بە ھەماھەنگی و چاودێریكردنی بە شێوەیەكی ورد لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەكان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تەرخانكرابوو سەبارەت بە  تێپەراندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەجۆرێك مافی ھەموو هاووڵاتیانی عێراق بپارێزێت بێ جیاوازی، ھەروەھا رێگری بكات لە لێكەوتەكانی دۆخی دارایی لەسەر بارودۆخی ئابووری وڵات كە ھاتووەتە ئاراوە، بە تایبەتی پاراستنی چین و توێژە كەمدەرامەتەكان كە سەرچاوەی داهاتیان سنوردارە، جەختیشكرایەوە لە گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی دۆسیی داراییە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەتی پاراستنی مافی سەرجەم مووچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەكان.

PUKmedia نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆكایەتی كۆمار

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket