riklam

كاتی بە بەرەوە ماوە.....!

بیروڕا 03:40 PM - 2021-01-08
.

.

ئاشكرایە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن كانگای دروستكردنی نەوەی تەندروست  و بەرپرسە هەروەها سەرچاوەی هەموو وەرگۆڕانە باش و كاریگەرانە، لەژێر رۆشنایی ئەو راستیە ئەو جومگە بنەڕەتیە هەمیشە لە ناو كۆمەڵگەكاندا بەشێوازی جۆراوجۆر پیادەكراوە، بێگومان لەگەڵ بەرەپێشوەچونی ژیان پرۆسەكە بایەخی زیاتری پێدراوە و ئیمكانیاتی ماددی و مەعنەوی بۆ رەخسێنراوە، هاوكات هەموو هەوڵێكیشی بۆ دراوە، تاوەكو ئامانجە بونیادییەكان وەكو ئەوەی پێویستە بەركار بێت و بەرئەنجامی باشی لێبكەوێتەوە، هەر ئەوەیە وایكردووە زۆربەی وڵاتان پرۆسەی پەروەردە لە ئەولەویەتی كاروبەرنامەكانیان رەنگرێژ بكەن.

بۆ ئەو مەبەستە چەندین سەنتەری توێژینەوە و دراسەتكردن و لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە، بۆ ئەوەی بەردەوام گەشەی پێبدەن و ئەكتیڤتری بكەن، چونكە ئەوەیان لەلا بەرجەستە بووە  هەرچی چالاكی ئابوری و سیاسی و بازرگانی و پیشەسازی هەیە بەو پڕۆسەیە دەتوانرێ باشتر و سودبەخشتر ببێت،لە دەرەوەی ئەو پرۆسەیە هیچ ناوەند و هێزگەلیتر ئەوەی پێویستە لەم سەردەمە لێی ناكەوێتەوە، دیارە ئەو پرۆسەیە تاوەكو ئەوەی دەویسترێ لێیەوە بەرجەستە بێت.

 دەبێت هۆكارەكانی بۆ فەراهەم بكرێت،وەك بودجەی پێویست، كاتی تەواو بۆ ساڵی خوێندن، ژیانێكی شایستە بۆ مامۆستایان، ئەمە و كۆمەڵێك هۆكاریتر. ئەوەی مایەی سەرنجە لە هەرێمی كوردستان  هێشتا پرۆسەی پەروەردە نەبۆتە ئەولەویەت لە لایەن حكومەتەوە، ئەم بۆچونەم لەوەوە سەرچاوەی گرتوە، هەرگیز بودجەی پێویستی بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخانەكردووە،لە2014ەوەش ئەو دوو وەزارەتە بەبێ بودجە بەڕێوەچونە.

دەرەنجام بەردەوام ساڵەكانی خوێندنیان بە كەموكوڕیەوە بەڕێكردووە، لە روی كاتی پێویستەوە بۆ تەواوكردنی پرۆگرامەكان كە بە پێی ستاندەرە نێو دەوڵەتیەكان دەبێت (200) رۆژی دەوامی كردارەكی واتە (900) سەعاتی خوێندن هەبێت، كەچی لەلای ئێمە لە باشترین ساڵی خوێندندا كە دەكاتە(2012-2013) بە شێوەیەك هیچ تەنگژەیەكی دارایی و سیاسی لە ئارادا نەبوو، تەنها (133) رۆژ دەوام كراوە.

 لەدوای ئەو ساڵە و ساڵەكانیتر بەدواوە هیچ ساڵێكی خوێندن نیوەی ئەوەی پێدراوی ساڵی خوێندنە بۆی هەڵنەڕەخسێنراوە، هەموشمان ئەو راستیە دەزانین ساڵی خوێندنی (2019-2020) بە هۆی شەپۆلی كۆڤید 19 و تەشنەكردنی، تەنها یەك وەرز دەوام كرا واتە نیوەی ساڵی خوێندن، كەچی ساڵەكە هەژمار كرا.

لەوەدا دڵنیام ئەو ساڵە هەر ئەوەندە بەساڵ هەژماركراوە بە پێچەوانە بە پێی پێوەرە زانستیەكان لە نزیمترین ئاستیدا بوو، بە داخەوە ئەو حاڵەتە سەریكێشا بۆ ئەمساڵی خوێندنیش، جارێكیتربەهۆی ئەو ڤایرۆسە نەگریسە هەمان رێكاری پارساڵ گیرایە بەر، هەرچەندە بە بڕوای خۆم رێگە چارە هەبوو بۆ كەمكردنەوەی هەژمونی ئەو نەخۆشیە و درێژەدان بە پرۆسەی پەروەردە، بەڵام بەڕاستی رێكارەكان وەكو پێویست نەگیرایە بەر و بڕیاری زانستیانەی لەبارەیەوە نەدرا،بە شێوەیەك شەی ڤایرۆسەكەیان تەنها لەسەر پرۆسەی خوێندن شكاند، چونكە هەموو ناوەندە بازرگانی و چالاكیە كۆمەڵایەتی و گەشت و گوزار و تەنانەت بازاڕ و شوێنە گشتیەكان هەمیشە و بەردەوام تەژی بوون لە خەڵك بێ پەیڕەوكردنی رێكاری تەندروستی،وەك ئەوەی نەبا بێت نە نەباران، سەرباری ئەو زەمەنەی لە دەست دەرچو هێشتا  كاتی بە بەرەوە ماوە، لێرەوە تا كۆتایی ساڵ ئەگەر هەموو پشوەكان لابدرێن جگە لە جەژنەكانی نەورۆز و  رەمەزان ((100))  رۆژێك  لەبەردەستە.

دەكرێت لایەنە پەیوەندیدارەكان بڕیاری دەست پێكردنەوەی لە 10/1/2021 بدەن و چیتر نەهێڵن كات بە فیڕۆ بڕوات، وەكو پارساڵ ئەمساڵیش خوێندن  لە لێواری فەوتان دەربهێنرێت و ئەو منداڵە چاوگەش و لاوە چاو لە هیوا و دوا رۆژ بخرێنەوە ناو ناوەندەكانی خوێندن، لەو هەموو حاڵەتە پڕ لە تەنگژە و ناسۆریە رزگار بكرێن كە چەندین مانگە تێی كەوتون.

پێشموایە یەك بڕیاریش بۆ ئەم قۆناغە دروستە، دەكرێ ئەو دایك و باوكانەی ترسیان هەیە و نایانەوێ منداڵەكانیان بچنەوە ناو ناوەندەكانی خوێندن، با ئازاد بن بەڵام  گەرەنتی ئەوە بدەن  لە رێگەی فێركردنی ئەلیكترۆنیەوە منداڵەكانیان بخوێنن دواجاریش بەشداری تاقیكردنەوەكان بكەن.

   عەبدولواحید محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket