riklam

سەرۆكی پەرلەمان:لاوازنین، چ خولێك متمانەی لەسەرۆكی حكومەت یان وەزیرێك وەرگرتوەتەوە

کوردستان 03:45 PM - 2021-01-06
.

.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:دانانی وەزیری سامانە سروشتییەكان داواكاری هێزە سیاسیەكان بووە بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری كێشەكان پەیوەندی بەدۆسیەی نەوتەوە لەناوخۆی هەرێم و لەگەڵ حكومەتی عیراقیش، ئەگەر بشمانزانیانە بەقسەكردن لەناو پەرلەمان حكومەت هەموو 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشدەكات هەموو هەفتەیەك كۆدەبووینەوە. دەشڵێت:ئەوانەی دەڵێن ئەم خولەی پەرلەمان لاوازە، ئایا ئەوانەی پێشتر چەند سەرۆك حكومەت و وەزیریان هێنایە پەرلەمان و متمانەیان لێوەرگرتنەوە.

د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دوای كۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی پەرلەمان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ بۆ تەواوكردنی كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێم بوو بەدانانی وەزیری سامانە سروشتییەكان، چونكە هەموو هێزە سیاسیەكانی بەشدار لەحكومەت داوایان كردوە ناكرێت وەزارەتێكی گرنگی وەك سامانە سروشتییەكان  وەزیری خۆی نەبێت، لەكاتێكدا بەشێكی زۆری كێشەكانی هەرێم پەیوەندی بەدۆسیەی نەوتەوە هەیە لەناوخۆی هەرێم و لەگەڵ حكومەتی عیراقیش.

وتیشی: ئەوەی لەناو پەرلەمان رویداوە مایەی نیگەرانیە، وەك سەرۆكی پەرلەمانیش داوای لێبوردن لەوانە دەكەم كە لەو كردەیەدا زیانیان بەركەوتوە، دەشمەوێت راستەیەك بەخەڵكی كوردستان بڵێم كە هەموو جارێك وەك سەرۆكی پەرلەمان بەرگەی ئەو زوڵمە دەگرم كە لێم دەكرێت، لەكاتێكدا دەڵێن سەرۆكی پەرلەمان نایەڵێت قسە بكەین، چونكە وێنەكە گەورەكەی ناو هۆڵی پەرلەمان دەبینم و  دەزانم ئەگەر دەرفەت بدەم ئەوا هەموو كۆبوونەوەیەك ئەو جۆرە شەڕە روودەدات،بۆیە هەموو جارێك خۆمكردوەتە قوربانی لەپێناو ئەوەی ئەو بەركەوتنە لەنێوان ئەندامانی پەرلەمان روونەدات.

وتیشی: هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان  كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی میكانزیمێك دابنیێن بۆ كەمكردنەوەی ئەو گرژییانەی لەناو پەرلەمان رودەدات، هەموو پەرلەمانتاران نیگەرانن لەم دۆخەی هەیەو هەموان نوێنەری خەڵكن و لەژێر فشاری داواكاری هاووڵاتیاندانین، چونكە هاووڵاتیان لەسەر حەقن.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی رایگەیاند:ئەگەر بمانزانیانە بەقسەكردن لەناو پەرلەمان حكومەت هەموو 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشدەكات، ئەوا ئاسان بوو هەموو هەفتەیەك كۆببینەوە. 

لەبارەی ئەو قسانەی دەكرێن گوایە ئەدای ئەم خولەی پەرلەمان بەراورد بەوانەی پێشتر لاوازە، د.رێواز فایەق رایگەیاند: با بەراوردی ئەم خولەی پەرلەمان بكەن بەوانەی تر، ئایا ئەوانەی پێشتر چەند سەرۆك حكومەتیان هێنایە پەرلەمان و متمانەیان لێوەرگرتوە، خولەكانی تر چەند وەزیریان بانگهێشت كردو متمانەیان لێوەرگرتوەتەوە، ئەوان چ شتێكی جیاوازیان كردوەو لەم خولەی پەرلەماندا نەكراوە، تەنها هۆكارەكە ئەوەی ژنێك سەرۆكی پەرلەمان بۆیە ئەو قسانە دەكەن.

PUKmedia تایبەت 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket