riklam

رۆڵی كورد لە دامەزراندنی سوپای عیراق

ریپۆرتاژ‌ 10:24 AM - 2021-01-06
.

.

نۆ ئەفسەری پلە باڵای كورد بەشداربوون لە دامەزراندنی سوپای عیراقدا

سوپای عیراق كە هێزێكی رێكخراوی كۆماری عیراقە، لەهێزی وشكایی‌و دەریایی‌و ئاسمانی پێكدێت، مێژووی دامەرزاندنی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 6-1-1921  واتە 100ساڵ بەر لە ئێستا، ‌ كە باس لە دامەزراندنی سوپای عیراق-یش دەكرێت، ناكرێت مێژووی سەربازی و رۆڵی ئەو ئەفسەرە‌ ‌كوردانە لە یاد بكرێت كەوا بەردی بناغەی ئەم سوپایەیان داناوه،‌ چونكە نۆ ئەفسەری پلە باڵا لەو‌ 14 ئەفسەرەی كە رۆژی 6ی كانونی دووەمی  یان دیاری كرد وەك رۆژی سوپا كوردبوون.

 

رۆڵی كورد لە پێكهێنانی سوپای عیراق

وەك ئاشكرایە كە سوپای عیراق یەكەم سوپای دامەزرێنراوی عەرەبی بوو كە بووە بە نموونەیەك بۆ هەموو دەوڵەتانی عەرەبی بەتایبەتی لە ناو و پلە بەندی سەربازیدا، رۆڵی كوردیش لە پێكهێنانی سوپای عیراق دەگەڕێتەوە بۆ دوای كۆتایهاتنی جەنگی یەكەمی جیهانی، (1914-1918)و كۆتایهاتنی دەسەڵاتی عوسمانی لەعیراق ‌و كۆنترۆڵكردنی عیراق لەلایەن بەریتانیاوە، یەكەم حكومەتی عیراق لەمانگی ئابی 1920 بەسەرۆكایەتی عەبدولڕەحمان نەقیب پێكهێنرا، لەو حكومەتەدا یەكەم ئەفسەری كورد كە پۆستی وەزیری بەرگری حكومەتەكەی نەقیبی وەرگرت جەعفەر عەسكەری بوو.

 

نۆ ئەفسەر لە دامەزرێنەرانی سوپا كورد بوون

1-فەریق جەعفەر مستەفا عەسكەری، سەرۆكی دەستەی دامەزرێنەی سوپا ئەوكات پلەی فەریق روكن  بووه، ‌وە ‌یەكەم وەزیری بەرگری‌ بوو لەیەكەم حكومەتی عیراقی (عبد الرحمان نقیب)دا، جەعفەر عەسكەری چەندین پۆستی باڵاو گرنگی وەرگرتووە،‌ هەروەها ‌خەڵكی ناوچەی عەسكەری سەربە ناحیەی ئاغجەلەری نزیك شارۆچكەی چەمچماڵه.

 

2-عەقید عەبدولحەمید شاڵچی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر.

 

3- رائد سەعید مەحەمەد .

 

4-بەكر سدقی عەسكەری ئەندام دەستەی دامەزرێنەرە كە چەندین پۆستی ئەمنی گرنگی بینیوەو ‌پاشان دەبێت  بە سوپاسالار (رئیس ئەركانی الجیش) لەساڵی 1936دا، كەخەڵكی  ناوچەی عەسكەری سەربەناحیەی (ئاغجەلەر)ی نزیك شارۆچكەی چەمچماڵن لەگەڵ جەعفەر عەسكەریدا خەڵكی یەك گوندن ئەمەش وایكردوە كە نازناوی  عەسكەری هەڵبگرن.

 

5-تۆفیق وەهبی بەگ، وەكیل قائد دەێت لە دەستەی دامەزرێنەر لەو دەمەدا پلەی رائیدی دەبێت، هەروەها یەكێك بووە لەو ئەفسەرە بەتوانایانەی ناو سوپای عوسمانی كەبەشداری شەڕی (دردەنیل) و‌ شەڕی (شعیبە)ی كردووە، لە كاتێكدا كە ئەفسەر بووە لە ریزی سوپای عوسمانی و بە روخانی دەوڵەتی عوسمانی پەیوەندی دەكات بە شۆڕشەكەی شێخی نەمرەوە، پاش هەوڵی‌ دامركاندنەوەی شۆڕشەكەی شێخ لە لایەن بەڕیتانیەوە  دەستگیر دەكرێت،‌ دوای ئازادكردنی لەڕێگە هاوەڵانییەوە پەیوەندی دەكاتەوە بەسوپای عیراقی نوێ-وە‌.

 

 6- رائد عەبدولرەزاق حلمی.

 

  7- نەقیب حەسەن حسێن عەسكەری، بەهەمان شێوە خەڵكی گوندی عەسكەرەو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر بووە.

 

8- نەقیب محەمەد ئەمین زەكی بەگ، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و دەرچووی كۆلێژی سەربازی و كۆڵێژی ئەركان بووە لە سوپای عوسمانی، بەهۆی لێهاتووییەوە لە ریزەكانی سوپای عوسمانیداو ئەو وتارو  لێكۆڵینەوانەی كە لە ئەستەمبوڵ بڵاویان دەكاتەوە سەبارەت بە جەنگی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و ‌جەنگی ناپلیۆن زۆر بابەتی تر كاریگەری تەواوی خۆی دادەنێت لە سەر (مستەفا كەمال ئەتاتورك) و‌ گرنگی زۆرپێدەدات.

 

9-. (نوری سەعید پاشا) جێگری سەرۆكی دەستەی دامەزرێنەر دەبێت كە ئەو كات پلەكەی فەریق ركن بووە یەكەم سوپاسالاری(رەئیس ئەركانی جەیش)ی عیراقی بووە، ‌پاشان دەكرێت بە وەزیری دەرەوەی عیراق چەند جارێكیش دەكرێت بە سەرۆك وەزیرانی عیراق و لادەبرێت، بەهۆی ئاڵۆزی بارودۆخی سیاسی عیراق وه لە سەردەمی دەسەڵاتی مەلیك و ئینتیدابی بەریتانیدا، بەڵام بە لێهاتوترین سەرۆك وەزیران دادەنرێت لە مێژوی عیراقدا، خەڵكی گوندی زەردكی – دەشتی ساڵەیی كە 30 كم دوورە لە  باكور رۆژهەڵاتی كەركوكەوه،‌‌ هەروەها هاوسەری نوری سەعید خوشكی جەعفەر عەسكری بووه.

 

ئەفسەرانی كورد لە شۆڕشەكانی عیراقیشدا رۆڵی بەرچاویان هەبووە

جگە لەدامەزراندنی سوپای عیراق، ئەفسەرانی كورد لەشۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی 1958دا رۆڵی بەرچاویان هەبووە، لەساڵی 2003 ئەفسەرانی كوردو هێزەكانی پێشمەرگە رۆڵی گەورەیان بینیوە لەڕووخانی رژێمی بەعس‌و پەیوەندیكردنەوە بەسوپا، تەنانەت پێكهێنانەوەی سوپای عیراق جارێكی تر لەسەر دەستی ئەفسەرانی كوردو عەرەب بووە.

 

بەشداریكردنی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە لە دامەزراندنەوەی سوپای عیراق بۆ جاری دووەم

لەكاتی  رزگاركردنی عیراق لە ساڵی 2003دا پاش دەركردنی بڕیاری  هەڵوەشاندنەوەی سوپای عیراقی  لەلایەن حاكمی سەربازی ئەو كاتەی عیراق، ئەمریكا بڕیاریدا سوپای عیراق دابمەزرینێتەوە بە پێكهاتەو شێوەیەكی جیاواز لەوەی‌ پێشتر، یەكەكانی پێشمەرگە كارەكتەری سەرەكی ناو پڕۆسەكەبوون، لە سەرەتادا  تەنانەت  ئاسایش و ئەمنیەتی پارێزگای بەغدا لە %80ی بە دەست كوردەوە بوو و زۆرێك لە فەرماندەی فرقەكان و پۆستە گرنگەكان بەدەست كوردەوەبوون وەك سوپا سالاری عیراق، فەرماندەی دەزگای هەواڵگری و فەرماندەی هێزی ئاسمانی عیراق كورد بوون، بەڵام بە هۆی  هەڵەی سیاسی و نەبوونی هیچ ئنتیمایەكی رۆحی وەك تاكی كورد  بۆ ئەم سوپایە، ‌هەروەها ئەو ‌ سوپایه ‌زیاتر  ئاڕاستەی خۆی رووە و مەزهەبی تایەفەگەری گۆڕی و‌ وایكرد تا پێش روداوەكانی پێكهێنانی عەمەلیاتی دیجلە  رێژەی كورد بوو بە لە %3 لە ناو  وەزارەتی بەرگری هەروەها  هێزی پێشمەرگە سەلماندی كه تەنها ماڵی ئارام بۆ ئەفسەرانی كورد ئەو هێزەیە كە بتوانێت پارێزگاری كەر بێت لە هەموو پیرۆزیەكانی گەلەكەمان وە بشی سەلمێنێت كە ئەوەی بە سوپای عیراق ناكرێت هێزی پێشمەرگە زۆر بەجەسورانە دەتوانێت شەڕی گەورەترین و دڕندەترین هێزی وەحشیگەری جیهان بكات.

PUKmedia تایبەت

سه‌رچاوه‌كان:

 

•  د. فاضل البراك (دورالجيش العراق في الحكومة الدفاع الوطني) دراسة تحليلية نقدية مقارنة1987 
• 
حازم مفتي (عیراق بین العهدین  طارق هاشمي و بكر صدقي) 1990
• 
ستيفن همسيلي لونكريك، وه‌رگێڕانی . سلیم گه‌ تكریتی  ( العراق الحدیث ) جزء الثاني
• 
دليل العراق سنة 1936
• 
عبد الرزاق الحسني  (تاريخ العراق الحديث) طبع السابعة 2008
• 
عبد الرزاق الحسني (تاريخ الوزارات العراق) مجلد الثاني  طبعة الخامسة الموسعة و المزيدة، سنة 1978و مطبعة دار الكوتب بيروت .
• 
وزارة الدفاع والمقر العام  (تارخ القوات العراقية المسلحة الجزء الثاني) الطبعة الاولي 1991 .
• 
مذكرات بغداد: مراجعة في تاريخ الصراع الطائفي والعنصري 672 م-2007 م
• 
تاریخ القوات المسلح العراقیه،‌ جزء ثالث طبعة الثانية 1996
•  
سه‌ردار جه‌باری (بكر سدقی عةسكه‌ری و بیری ده‌وڵه‌تی كوردی) تویژینه‌وه‌ی مێژویی و سیاسی.

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket