riklam

دامەزراندنی سوپای عیراق

ریپۆرتاژ‌ 11:05 AM - 2021-01-05
.

.

لە دوای جەنگی جیهانی یەكەم ساڵی (1914-1918) دەسەڵاتی عوسمانیەكان لە عیراق كۆتایی پێهێنراو بەریتانیەكان توانیان دەسەڵات بگرنە دەست ولەئاكامی زنجیرە ناڕەزایەتی یەكان وڕاپەڕینەكانی خەڵكی عێراق لە دژی داگیركاری بەریتانیا و دەسەڵاتی ئینتیدابی بەسەر عێراقەوە، بەتایبەتی ڕاپەڕینی ساڵی1920 كەبووە هۆی كۆتایی هاتنی ئینتیدابی بەریتانی ودامەزراندنی یەكەمین حكومەتی عێراق لەكۆتاییەكانی هەمان ساڵدا، حكومەتی تازە دامەزراوی عێراق یەكەمین یەكەی سەربازی سوپای عێراقی لە1921/1/6 پێكهێنا لەبەغدا.

بەڵێیەكەمین حكومەتی عیراق بەسەرۆكایەتی (عبدالرحمن النقیب) پێكهێنراو كۆچكردوو (جعفر العسكری) وەك یەكەم وەزیری بەرگری دەست بەكاربوو.

لە6ی كانونی دووەمی ساڵی 1921، كۆمەڵێك ئەفسەری كورد و عەرەب، لەماڵی كۆچكردو (عبدالقادر ) كە دەكەوتە سەر روباری دیجلە لەشاری بەغدا، بەسەرۆكایەتی جەنڕاڵ جەعفەر پاشا عەسكەری كە ئەفسەرێكی كورد بوو خەڵكی شاری كەركوك بوو، كۆبوونەوەو بە هەوڵ و توانا و تێكۆشانیان بیرۆكەی پێكهێنانی سوپای عیراقیان گەڵاڵە كرد ،كە لە سەرۆكایەتی 14 ئەفسەر خۆی دەبینیەوە، لەو ژمارەیە 8 ئەفسەریان كورد بوون بە ناوەكانی (جەنڕال جەعفەر مستەفا عەسكەری سەرۆكی  دەستەی دامەزرێنەر، عەقید حەمید ئەحمەد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر ، رائد سەعید محەمەد نوێنەری فەرماندە،  رائد بەكر سدقی عەسكەری نوێنەری سەرۆك، رائد تۆفیق وەهبی بەگ ئامر كۆلێژی سەربازی، رائد عەبدول رەزاق حلمی، نەقیب حەسەن حسێن عەسكەری، نەقیب محەمەد ئەمین زەكی بەگ).

یەكەی سوپای عێراق لەسەردەمی ئینتیدابی بریتانی بەناوی موسا كازم لەبەغداد پَێكهێنرا، دواتر لەساڵی 1931 هێزی ئاسمانیی عێراق پێكهێنرا لەساڵی 1937 دا هێزە دەریاییەكان پێكهێنرا، دواتر وەزارەتی بەرگری عیراق بەسەرۆكایەتی فەریق جەعفەر عەسكەری پێكهات، سوپا لەو كاتەدا پشتی بە خەڵكانی خۆبەخش دەبەست، فیرقەی یەكی پیادە لە دیوانیە‌و فیرقەی دوو لە كەركوك پێكهێنرا.

ساڵی 1931 عیراق سەربەخۆیی لەبریتانیا وەرگرتەوە‌و هەر لەو ساڵەدا هێزە ئاسمانی پێكهێنرا‌و دوای چەند ساڵێكیش هێزە دەریاییەكان بەژمارەیەك بەلەمەوە دروستكرا.

ساڵی ،1936 سوپای عیراق بەشداری لەیەكەمین كودەتای سەربازیدا كرد بەسەرۆكایەتی فەرماندەی فیرقەی دوو فەریق بەكر سدقی، حكومەتێكی نوێ بەسەرۆكایەتی حیكمەت سلێمان پێكهێنرا، مانگی ئایاری ساڵی 1941 سوپای عیراق چوە جەنگێكەوە لەگەڵ سوپای بریتانیا، بەر لەو جەنگی بریتانیا سوپای عیراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات هەر فیرقەیەكیش سێ لیوای لەخۆدەگرت، فیرقەی یەكەم‌و سێیەم لەبەغداد جێگیربون، فیرقەی دوو لەشاری كەركوك‌و فیرقەی چواریش لەدیوانیە بوو.

لەساڵی 1958دا، سوپای عیراق لەچوار فیرقەی پیادە پێكدەهات فیرقەی پیادەی یەك لە دیوانیە‌و فیرقەی دوو لە كەركوك‌و فیرقەی سێ لەدیالە‌و فرقەی چوار لەموسڵ بون.

لەهەمان ساڵدا، سوپای عێراق جارێكی دیكە بەشداری كودەتایەكی سەربازی كرد بەسەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم (شۆڕشی 14 ی یۆلیۆی 1958)، ساڵی 1961 دوای سەربەخۆیی كوەیت عبدولكەریم قاسم هەڕەشەی كرد ئەو وڵاتە بخاتەسەر عیراق بەوهۆیەوە سوپای عیراق لەناوچە سنوریەكان لەگەڵ كوەیت كۆكرایەوە.

ساڵی 1963 سوپای عیراق جارێكی دیكە بەشداری كوتادەی سەربازی كرد‌و ئەمجارەشیان كۆتایی بەدەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم هێنا، ساڵی 1968 سوپای جارێكی دیكە كودەتای كرد‌و بەعسیەكان بەهۆی ئەو كودەتایەوە گەیشتنە لوتكەی دەسەڵات لەعیراقدا. ئەحمەد حەسەن بەكردەسەڵاتی وەرگرت 

دواتر لە١٩٧٩سەدام حسێن كە بو بە سەرۆكی وڵات هەوڵەكانی دەستپێكرد بۆ بنیادنانی سوپایەكی گەورە‌و بەهێز، لەماوەی ساڵانی جەنگی نێوان عیراق‌و ئێران ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق بەشێوەیەكی گەورە زیادیكرد، ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق لەو ساڵانەدا‌و بەدیاریكراویش ساڵی 1981 گەیشتە 200 هەزار سەرباز كە دابەشبوبون بەسەر 12 فیرقە‌و سێ لیوای سەربەخۆدا، دواتر لەساڵی 1985 دا ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق گەیشتە 500 هەزار سەرباز‌و 23 فیرقە‌و نۆ لیوا.

لەكاتی جەنگی دوەمی كەنداودا لەساڵی 1991 سوپای عیراق گەورەبونێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی‌و لەو ساڵانەدا ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق گەیشتە یەك ملیۆن سەرباز كە دابەشكرابون بەسەر 42 فیرقە‌و 20 لیوای تایبەتەوە سەرباری شەش فیرقەی گاردی كۆماریی.

بەگشتی بەشێكی زۆری خەڵكی عێراق بێزاربوون لەدەست سوپای عێراق ئەوەش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دانیشتوانی عیراق بە گشتی بێزاربوون لە زوڵم و زۆرداریەكانی سوپای عێراق و رژێمەیەك لەدوایەكەكانی بەتایبەت سوپاكەی رژێمی بەعس ، چونكە ئەو رژێمە بێ جیاوازیكردن هەر كەس بەرەو رووی ببوایەتەوە لەناوی دەبرد، لەماوەی حوكمڕانی ئەو رژێمە وسوپاكەیدا كورد بەتایبەتی روبەڕوی نەهامەتی زۆر گەورە بوویەوە وەك ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كە زامێكن هەرگیزاو هەرگیز لە یادناكرێن.

لە ساڵی 2003دا لەگەڵ هیرشكردنی هێزەكانی سوپای ئەمریكاو بەریتانیا، بەسەر عیراق و بۆ كۆتایی هێنان بە زوڵم و زۆردارییەكانی رژێمی بەعس، سوپای عیراق شكستی هێنا بەو پێیەی بەهیچ جۆرێك روبەڕوی هێرشەكانی سوپای ئەمریكاو بەریتانیا نەبوونەوە.

لەدوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003، سوپای عیراق جارێكی تر پێكهێنرایەوەو پڕچەك كرایەوە، بەڵام لەگەڵ هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر شاری موسڵی سەر بە پارێزگای نەینەوا، هەندێك لەشاروشارۆچكەكانی ترسوپای عیراق جارێكی تر شكستی هێنا لەروبەڕووبونەوەی تیرۆرستان و روبەڕوی رەخنەیەكی توند بویەوە لەلایەن وڵاتانەوە.

 

پلە سەربازیەكان لەناو سوپای عیراقدا:

سەرباز: هیچ نیشانیەك هەڵناگرێت

سەربازی پلەیەك: خەتێك لە قۆڵی دەبەستێت

نائیب عەریف: دوو خەت لەقۆڵی دەبەستێت

عەریف: سێ خەت دەبەستێت

رەیس عورەفا: چوار خەت دەبەستێت

نائیب زابت: داڵێك لە بەرۆكی دەدات

 

پلەی ئەفسەران:

ملازم: ئەستێرەیەك لەسەر شانیەتی

ملازمی پلەیەك: دوو ئەستێرە دادەنێت

نەقیب: سێ ئەستێرە هەڵدەگرێت

رائید: داڵێك لەسەر شانی دادەنێت

موقەدەم: داڵێك‌و ئەستێرەیەك هەڵدەگرێت

عەقید: داڵێك‌و دوو ئەستێرە

عەمید: داڵێك‌و سێ ئەستێرە

لیوا: داڵێك‌و دوو شمشێری یەكتربڕ لەسەر شانیەتی

فەریق: داڵێك‌و دوو شمشێر‌و ئەستێرەیەك

فەریق ئەوەل: داڵێك‌و دوو شمشێر‌و دوو ئەستێرە

PUKmedia  ئا/كاوان ئەحمەدحەمە صاڵح هەڵەبجەی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket