riklam

كاری رێكلامی هونەری كاریكاتێر

ئەدەب وهونەر 09:45 AM - 2021-01-04
.

.

كاریكاتێر لە رێكلامدا و بەتایبەتی لە رێكلامی بازرگانیدا بە شێوەیەكی فراوان بەكاردێت، لەوانەیە زۆربەی رێكلامەكان لە رۆژنامەكاندا كاریكاتێریان لەگەڵدا بێت، كاری رێكلامكردن و ئەركی بەكاربردن لەیەك جیاوازن، بەوەی كە كاریكاتێر بە شێوەیەكی گشتی ئەركێكی بەكاربردن جێبەجێ دەكات، بەڵام ئەو كاریكاتێرەی كە كاری رێكلامكردن دەكات، كاریكاتێرێكە تایبەت بۆ رێكلامەكە دروستكراوە، كاریكاتێریش لە رێكلامی بازرگانیدا هەروەك كاریكاتێری فێركاری وایە، ناتوانین بە كاریكاتێری دابنێین بەمانای وشە، چونكە بێبەشە لە زۆرێك لە بنەماكانی كاریكاتێرەوە، ناوەڕۆكەكەشی بە شێوەیەكی سەرەكی پەیوەستە بە ناوی ئەو كاڵا بازرگانیەی كە رێكلامەكەی بۆ دەكرێت.

هۆیەكانی بەكارهێنانی كاریكاتێر لە رێكلامدا زۆرن، یەكەمیان ئەوەیە كە رێكلام هەوڵی ناوبانگ دەركردنی ناوی كاڵایەك دەدات، بۆیە بەكارهێنانی گاڵتەجاڕی و هێنانەكایەی كەسایەتی و چیرۆكە‌ گاڵتەجاڕییەكان سەبارەت بە ناوی كاڵایەكی بازرگانی، دەبنە هۆی پاراستنی ناوی كاڵاكە لە یادەوەری خوێنەراندا، بەمەش دەبێتە هۆی ناوبانگ دەركردنی ئەو كاڵایە، لە هۆیەكانی تریش سوودی كاریكاتێرە لە فێركردنی خوێنەر لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كاڵایە، واتا كاریكاتێر لە رێكلامی بازرگانیدا هەندێك جار كاری فێركاریش دەكات، لە هۆیەكانی تریش سانایی گەیاندنی زانیارییە دەربارەی كاڵایەك بە بەكارهێنانی كاریكاتێرەوە، و ئاسانی قبوڵكردنی رێكلام لەلایەن خوێنەرانەوە بەهۆی كاریكاتێرەوە، و چەندین هۆی تریش.

خولی رێكلام لە بازاڕدا بە سێ قۆناغ دیاریدەكرێت:

 1- قۆناغی فێركردنی جەماوەر.

 2- قۆناغی كێبڕكێ.

 3- قۆناغی پاراستنی ناوبانگی.

هەر قۆناغێك لەم قۆناغانە شێوازی تایبەتی خۆی هەیە، ئەوەی كە تایبەتمەندی دەبەخشێتە كاریكاتێر، ئەوەیە كە بۆ هەر سێ قۆناغ گونجاو و شیاوە، دەتوانرێت بە كاریگەرییەوە لە هەر سێ قۆناغەكاندا بەكاربێت، لەوانەیە كاریگەریەكەشی لە قۆناغی فێركردنی جەماوەر بەرزتربێت، كە باس لە دابەزینی كاڵایەك دەكرێت لە بازاڕەكاندا، ئاماژە بە جیاكاریی و باشیەكانی ئەو كاڵایە دەكرێت، و باس لە چۆنیەتی بەكارهێنانیشی دەكرێت، لەوانەیە كاریكاتێر لێرەدا رۆڵێكی دیكەش ب‌گێڕێت، ئەویش راكێشانی سەرنجی خوێنەرانە بۆ رێكلامەكە، بێجگە لە رێنیشاندەری بۆ سیفەتەكان و رێگاكانی بەكارهێنانیشی، كاریكاتێر سروشتیانە سەرنج بۆ لای خۆی رادەكێشێت، و ئەگەر رێكلام تەنیا بە دەقی نووسراو قایل بێت، لەوانەیە خوێنەر هەر سەرنجی نەداتێ، بەڵام لە كاتی بوونی كاریكاتێر، ئەوا جیاوازی لاپەڕەكە خۆڕەسانە سەرنجی خوێنەر رادەكێشێت، و تەماشای رێكلامەكە دەكات، لە قۆناغی كێبڕكێشدا رێكلام پێویستی بە چەندین شت دەبێت، بێجگە لە كاریكاتێر، نەخشەسازەكە دەبێت رەچاوی چەندین شت بكات، بۆ قایلكردنی خوێنەر بە بەرزی ئەو كاڵایەی كە رێكلامی بۆ دەكرێت، كاریكاتێر یەكێك لەو ئامرازە سەركەوتووانەیە لەم قۆناغەدا، بەڵام بەتەنیا لەوانەیە ئامانجەكە نەپێكێت، لە قۆناغی پاراستنی ناوبانگیش، پشت بەستن بە كاریكاتێر و هێنانەكایەی كارەكتەرە كاریكاتێرییەكان، ئامرازێكی سەركەوتووە بۆ گەیشتن بە ئامانجی ویستراو، لەوانەیە بەكارهێنانی كاریكاتێر لەم قۆناغەدا، چاكترین شێوازەكانی بەكارهێنانی كاریكاتێر بێت‌ لە رێكلامدا، چونكە هێنانەكایەی كارەكتەری كاریكاتێریی كە دووبارە دێتەبەرچاوی خوێنەر، رۆژبەڕۆژ ناوی كاڵاكە دەبەستێتەوە بە كارەكتەرە كاریكاتێرییەكە، زۆرێك لە خەرجی رێكلامكردن كەم دەكاتەوە، چاكتریش وایە كە كارەكتەرە كاریكاتێرییەكە بەبێ هیچ دەقێكی نووسراو بڵاوبكرێتەوە، یان دەقێكی بچوك تەنیا كاڵاكە بەبیر خوێنەر بێنێتەوە، بەمەش رووبەرێكی فراوان ناگرێت لە لاپەڕەكانی رۆژنامەكاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی خەرجی، و هەروا بواردان بە بڵاوكردنەوەی زۆرترین ژمارەی رێكلامی‌ هاوشێوە لە رۆژنامە جیاوازەكانی تریشدا، بەمەش رێكلامەكە دەگاتە زۆرترین جەماوەر، لەلایەكی تریشەوە ئاستی كاریگەرییەكەی بەرزتر دەبێت.

PUKmedia ئا/ هەندرێن خۆشناو

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket