riklam

هونه‌رمه‌ندێكی دیاری كورد كۆچی دوایی كرد

ئەدەب وهونەر 06:23 PM - 2020-12-24
.

.

محه‌مه‌د عه‌لی شاكر، میوزیكزان و ئاوازدانه‌ری به‌ناوبانگی كورد، به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 24ی كانوونی یه‌كه‌م له‌ته‌مه‌نی 76 ساڵیدا له‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی شاری قامیشلۆ له‌رۆژئاوای كوردستان به‌نه‌خۆشی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد.

محه‌مه‌د عه‌لی شاكر له‌ساڵی 1946 له‌ شاری ده‌رباسییه‌ له‌دایك بووه‌ و زۆربه‌ی ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیشی له‌شاری سه‌رێكانێ به‌سه‌ربردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ئێستادا شاره‌كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی توركیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌و وڵاته‌دایه‌.

شاعیر و هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ماوه‌ی 50 ساڵه‌ له‌بواری هونه‌ردا كاریكردووه‌ و خاوه‌نی زیاتر له‌ 250 پارچه‌ هۆنراوه‌یه‌، وێرای ئه‌وه‌ش ئاوازدانه‌رێكی به‌توانا بوو، ماوه‌ی نیو سه‌ده‌ له‌بواری ئاوازداناندا كاری كردووه‌ و زۆربه‌ی هۆنراوه‌كانی كرابوون به‌گۆرانی و هه‌ر خۆشی ئاوازی بۆ  گۆرانییه‌كان دانابوو.

به‌یه‌كێك له‌كانیاوه‌كانی سه‌رێكانێ دانرابوو، و ئاوازی بۆ زیاتر له‌ 270 گۆرانی داناوه‌، جگه‌له‌وه‌ ئاوازی بۆ 30 گۆڕانی دیكه‌ دانابوو كه‌ هۆنراوه‌ی شاعیرانی تر بوون،و  170 له‌هۆنراوه‌كانی له‌لایه‌ن برایه‌كییه‌وه‌ به‌ناوی مه‌حمود عه‌لی شاكر و چه‌ند سترانبێژێكی تره‌وه‌ كراون به‌گۆرانی و خۆشی خاوه‌نی 30 گۆڕانییه‌و به‌ده‌نگه‌ پڕ له‌ سۆزه‌كه‌ی خۆی چڕیوونی.

هونه‌رمه‌ندی كۆچكردووی دیاری كورد خاوه‌نی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵاته‌، و له‌پای ئه‌و خزمه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا كردوونی، له‌لایه‌ن چه‌ندین لایه‌نه‌وه‌ رێزلێنانی پێشكه‌ش كراوه‌.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket