riklam

وتەبێژی حكومەت:بەغدا پارەی مووچە بنێرێت دەیدەینەوە بەقەرز

کوردستان 04:59 PM - 2020-12-23
.

.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: هەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2021 رێككەوتون و بەڵێنمان لەحكومەتی عیراق وەرگرتوە تا پێش كۆتایی ئەمساڵ پارەی مووچە رەوانەی هەرێم بكات. دەشڵێت: ئەگەر بەغدا پارەكەی نارد ئەو بەشێكی زۆری دەدەینەوە بەو قەرزەی بۆ مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران كردومانەو ئەوەشی مایەوە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە دەبێت بەپێی بڕی داهاتەكە.

دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو، رایگەیاند:هەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق رێككەوتون و چاوەڕوانین تا كۆتایی ئەمساڵ بەغدا پشكی هەرێم لەیاسای كورتهێنانی دارایی رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات و بەڵێنمان لەحكومەتی عیراق وەرگرتوە تا پێش سەری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات.

وتیشی:حكومەتی هەرێم دەیەوێت وەك شاهید نەتەوە یەكگرتوەكان ببێتە لایەنی سێییەم لەدانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، چونكە حكومەتی هەرێم پابەندە بەو مەرجانەی لەدەستوردا هاتوەو ئامادەین بۆ جێبەجێكردنیان و نیەتی رێككەوتنمان لەگەڵ بەغدا هەیە.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد كە ساڵی داهاتوو داهاتەكان رێكدەخرێنەوەو حكومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2021 پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكات، راشیگەیاند: پشكی هەرێم لە بودجەی 2021ی عیراقدا 12.67%ەو چاوەڕوانین لەپەرلەمانی عیراق پەسەند بكرێت بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ بەغدا كردومانە، بەڵام ئەگەر پەرلەمان رێككەوتنەكەی پەسەندی نەكرد، ئەوكاتە قسەی خۆمان دەبێت.

لەبارەی دابەشكردنی مووچەشەوە، رایگەیاند: حكومەتی عیراق لەسەردەمی مستەفا كازمیدا 8 مووچەی رەوانەی هەرێم كردوەو داوای 6 مووچەی تریشمان كردوە، حكومەتی هەرێمیش لەمساڵدا 8 مووچەی دابەشكردوە، هەركاتێكیش بەغدا پارە بۆ مووچە بنێردرێت ئەوا هەرێم ئەو قەرزەی پێدەداتەوە كە بۆ مووچەی مانگی 10 كردویەتی و ئەوەی تریشی كە دەمێنیتەوە لەگەڵ ئەو داهاتەی هەیە مووچەی پێدەدرێت.

لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنیش، وتەبێژی حكومەت وتی: وەزارەتی پەروەردە دوو پلانی ئامادە كردوە، لیژنەی باڵای كۆرۆنا رۆژی 7ی 1ی 2021 لیژنەی باڵای كۆرۆنا كۆدەبێـەوەو بڕیار دەدات لەسەر خوێندن و وەك راسپاردەش بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەرز دەكاتەوەو دواتر بڕیاری كۆتایی لێدەدرێت. 

PUKmedia تایبەت 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket