riklam

تاڵەبانی كوڕ لە بەغداد چی كرد ؟

بیروڕا 04:14 PM - 2020-12-23
.

.

ئەوەی لە رابردوودا تاڵەبانی باوك لە بەغداد كردی پاش تێپەڕ بونی ساڵانێكی زۆر و كەڵەكەبونی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغداد و دروستبونی سەدان كۆسپ و بەربەست لە بەردەم پەیوەندییەكانی ھەردوو لایاندا كە خۆی لە بنەڕەتدا پێویستە پەیوەندییەكی ئاسایی و یاسایی بێت، ئێستا تاڵەبانی كوڕ ھەمان رێچكەی تاڵەبانی باوكی گرتووە و بە پشوودرێژی دەیەوێت پەیوەندییەكان بخاتەوە سەر شا رێ و سكەی خۆی و ئەوەندەی پێی دەكرێت ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە تاڵەبانی باوك لە بەغداد دروستی كردووە ، 

لە ماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا و لەو كاتەوەی ھەرێم و  بەغداد  چونەتە نێو گفتووگۆ و دانوستانێكی چڕ و یەكلای كەرەوە دەربارەی پشكی كورد لە بودجەی عێراق، ئەوەی بەدی دەكرێت قوباد تاڵەبانی دەیەوێت بەھەمان تێڕوانین و جیھان بینی و پشوودرێژی تاڵەبانی باوك گفتووگۆكان لە بەرژەوەندی گەلەكەی یەكلای بكاتەوە و  سیاسەتی نەرم و ئارام لە دانوستان لەگەڵ بەغداد پەیڕەو بكات بۆ جێكردنەوەو جێبەجێكردنی داواكاری و مافە رەواكانی گەلەكەی ، 

ئێستا و دوای چەندین ساڵ لە دروستبونی ئەو بۆشاییەی كە مام جەلال لە  بەغداد بەجێی ھێشتووە قوباد تاڵەبانی بەوریاییەوە و بە دنیا بینییەكی نوێ بە شوێن پێكانی باوكیدا ھەنگاو دەنێت و لای روونە ئەوە رێگە راستەكەیەو لانی كەم لەم قۆناغەدا لە بەرژەوەندی كوردایە لەگەڵ بەغداد رێكبكەوێت، لەسەر ئەم بنەمایە دەیەوێت بە قایلكردنی حكومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسیەكانی عێراق  ئەو ھەڵانەی لە چەند ساڵی رابردوو روویانداوە راستی بكاتەوەو متمانەو لاپەڕەیەكی نوێ  لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی ھەڵبدرێتەوە، بەمەش جۆرێك لە گەرەنتی بەدی دێت بۆ زامنكردنی مافە دەستوری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان و ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم كەئەمە كاریگەری گەورەی لەسەر باشكردنی گوزەرانی خەڵك بەتایبەت چینی موچەخۆران و بازاڕ و كارو كاسپی خەڵك دەبێت.

ھەرچەندە رەخنەو سەرنجەكان لەسەر بڕیارو سیاسەتی ساڵانی رابردووی حكومەتی ھەرێم كەم نین، بەڵام بە ووردبوونەوە لە لێدوان و ووتە راشكاوەكانی قوباد تاڵەبانی لە بەغداد و دەست خستنەسەر برین و كەموكورتییەكان ئەو راستیە رووندەبێتەوە سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری و  چەندین بڕیاری تاكلایەنەی ھەرێم و بێ منەتی و پشتكردنە بەغداد لە رابردوودا كێشە و برینەكانی قوڵتر كردووە و دواجار كورد  باجی ئەم بێ منەتیەشی داو بەھۆی بڕینی پشكی كورد خەڵكی كورستان چەند ساڵێكی سەختی بەڕێ كرد ،

روونە كورد لە چوارچێوەی عێراقدا خاوەنی چیرۆك و پرسێكی رەوایە، بەڵام لەم كاتەدا كە ھەرێم لە دۆخێكی سەختی دارایدایە رێگە دروستەكە ئەوەیە ناكرێت لە نێوان سیاسەتی دەربازكردنی خەڵك لە نەھامەتی و برسێتی، سیاسەتی درێژەدان بە برسی كردن و سزادانی خەڵك و قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان لەگەڵ بەغداد ھەڵبژێردرێت .

ئەوەی ئێستا قوباد تالەبانی و وەفدی دانوستانكاری ھەرێم لە بەغداد دەیكات ئەگەر رێكەوتنێكی گشتگیر و ھاوسەنگ بكرێت، دەكرێت وەك بنیاتنانی قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی ھەرێم و حكومەتی فیدراڵی لێی بڕواندرێت كە دەرەنجامەكەی كۆتایی ھێنانە بەسیاسەتی دوورە پەرێزی لەگەڵ بەغداد و  گرتنەبەری ئەو رێگایەی كە ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرەو دۆخێكی باشتر لەرابردوو دەبات. 

مەریوان عەبدوڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket