riklam

دەربارەی بەھەشتەکەی نیشتیمان

بیروڕا 07:48 PM - 2020-12-19
.

.

 

( جفتی چاو دیری وەك پیاڵەی چینی

 لە قەسرەو خەیدەی خانەقین دوینی)

 

ئەمە كۆپلەیەكە لە گۆرانییەکی فۆلكلۆری كوردی رەسەن لە شەستەكانی سەدەی رابردوو لە رادیۆی كرماشان پەخش دەكرا، لە خانەقین زۆر باو بوو، لە سەر زاری زۆربەی خەڵكی بوو ،جەعفەر حەسەنی گۆرانی بێژی ناسراوی عیراقی كۆپلەیەكی تری بۆ زیادكردوە (لە قسرەوە خەیدەی كوردستان دوینی) منیش دوای نزیكەی پەنجا ساڵ دەڵێم لە (سلێمانیەوە خەیدەی خانەقین دوینی )

خانەقین شارێكی رەسەنی كوردستانە، گۆرەپانی ململانی سەربازی سەردەمی ساسانیەكان بووە لە (تأریخ الطبری ) بەشی (٤)  لاپەڕەی (١١٥ـ١١٦)باسی سەركەوتنی  (القعقاع بن عمرو) و شكستی (یزدجرد) دەكات لە سەردەمی ئیمامی عومەر كە هەزاران كەس لەو شەرە لە خانەقین كووژراوە

گێرتروود بێڵ لە بەهاری ساڵی (١٩١١) سەردانی خانەقین دەكات و لە ماڵی مستەفا پاشای باجەلان  میوان دەبێت  لە رۆژی (٢٨/ ٣/ ١٩١١ ) لەوكات لەنامەیەكیدا بە جوانی و بەووردیەوە وەسفی باخ و تەلار و ئاو  و هەوای خانەقین و دەوروبەری دەكات و باسی میوانداری مستەفا پاشا وخوانی رازاوە و  هەمەجۆری خواردنی و میواندۆستیەكەی دەكات، ئەمە ئەو راستیە دەردەخات كەخانەقین هەمیشە بە باخ و ئاوی ئەڵوەندو میواندۆستی بەناوبانگ بووە.

رەنگە هەر بەم خۆشی و دڵگیریەشەوە بێت مەلیك فەیسەڵی یەكەم لە كۆتایی بیستەكانی سەدی رابردوو كۆشكێكی قەشەنگ لە سەر گردێک لە نزیك عالیاوە کە دەیروانی بە سەر ئەڵوەندا لە خانەقین بۆ خۆی دروست دەكات.

هەر بەهۆی بایەخی ستراتیژی و سەبازی شاری خانەقین، حكومەتی عیراق لە كۆتایی چلەكانی سەدەی رابردوو كۆمەڵێك (سپێر) سەنگەری كۆنكریتی تایبەتی لە چوار دەوری شارەكە درووستكردوە.

بۆ من خانەقین لانەی رۆحە، گەر بەجەستەش لەوێ نەبم بەردەوام رۆحم لە ئاسمانی ئەو شارەدا سەما دەكا و لەگەڵ باراندا شۆر دەبێتەوە ناو ئەڵون و تێكەڵ بە بۆنی خاك و باخ و دارخورماكانی دەبێت! هەر لەوەسفی خانەقیندا زێوەری شاعیر دەڵیت:

"جەنەتە بێ شوبهە شاری خانەقین

ئاوی ئەڵوەندیشی وەك ماءی معین

بانگ ئەكەن بۆ ئەهلی سەر عەردی مەلەك

ئەو بەهەشتە (فادخلوها خالدین)"

 كەواتە هەر من نیم شەیدای خانەقین و ئەوڵوەندم كە ئاوەكەی لە شاخی داڵاھۆی ناوچەی كرماشان سەرچاوە دەگرێت.   

ئەڵوەن شاری خانەقین دەكاتە دوو بەشی نایەكسانەوە، دەستی راستی شارەكە بەشە گەورەكەیە و شانی داوەتە پاڵ كوردستان و سنووری نێو دەوڵەتی ئێران- عیراقەوە، دەستی چەپیش لەگەڵ سنووری عەرەبستانی عیراق بەسراوەتەوە، بەهۆی هەلًَكەوتەی جوگرافی خانەقین  هەردەم لە ململانی و دۆخی ناسەقامگیریدا بووە بەئێستاشیەوە، وەك دەبینین حاڵی حازریش داعش لەو سنوورە ئەزیەتی خەڵكی بێتاوانی خانەقین دەدا و هێرشی غافلگیرانەیان دەكاتە سەر و شەهیدیان دەكات.

خانەقین شارێکی سەوزە ،چواردەوری باخە، لە باخە بەناو بانگەكانی،باخی( سین کوپی)،باخی (حەدیقە)،باخی (حەسەن ئەفەندی)،باخی (قەسرەكە)

(كۆپری گەورە) پردێكی بەردی كەوانەییە لە (١١)تاق پێكهاتووە بە خشتی چوار گۆشەی (سوڵتانی )تایبەت  و بەهەزاران كرێكاری ئێرانی و ناوخۆی لە لایەن خوشكی شاه (مەحەمەد عەلی میرزا) حاکمی کرمانشاە دروست كراوە، مەبەست لە بونیاتنانی ئەم پردە، كارئاسانی بووە بۆ  پەڕینەوەی هەزاران سەردانكەری شیعەی ئێرانی بۆ نەجەف و كەربەلا و كازمییە،

ئیتر ئەم پردە هەر  دوو بەری شارەكە بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

ناوەندی شاری خانەقین تەنها پێنج كیلۆمەتر لە سنووری ئیران دوورە.                           

 بۆیە هەموو ساڵێك لە بەهاران رەشماڵی سنجاوی ئەو دیوی سنوور  دەهاتن لە دەوروبەری خانەقین  بەكاتی رەشماڵیان هەڵدەداو بە شێوەیەکی کاتی لەوێ نشتەجیێ دەبوون وخەریكی فرۆشتنی بەروو بوومەكانیان و كرینی خوورمای خانەقین بوون.

 خانەقین خاكەكەی پڕ پیت وبەرەكەتە و ئاو و هەوایەكی گونجاوی هەیە بۆ باخداری و كشتوكاڵ بەگشتی بەهەموو جۆرەكانیەوە، خانەقین بە بەروبوومی خورما و پرتەقاڵ و هەنار و گەنم و جۆ و برنجی عەنبەری بنكورە بەناوبانگە، سەرەڕای ئەمەش خانەقین لە شارە هەرە گرنگەكانی كوردستانە لە بواری نەوت و كانزاكانی ترەوە  دوای كەركوك دێت

لە بەر هەڵكەوتەی جوگرافی و بایەخی ئابوورییەوە لە سەردەمی عوسمانیدا هێڵی شەمەندەفەر و لە سەردەمی مەلیکیدا پاڵاوگەی نەوت و كارگەی دروستكردنی بەرمیل و تەنەكە و پێداویستیەكانی بواری نەوت  تێدا درووستكراوە

لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو لە خانەقین (٥)سینەما و (٤) كتێبخانە و (٦) مزگەوت و (٢) حوسەینییە و (١) كەنیسە و (٦) حەمامی گشتی و (٣) قەیسەری و (٥) خان و (٨) سەرتاشخانە و (١٤) چایخانە و (٣)چێشتخانە و (٦) كەبابخانە (٧) خەیاتی چاكەت و پەنتۆڵ و (٥)شوێنی وێنەگرتن و (٣)شوێنی فرۆشتنی مەشروبات (٣) یانەی شەوانە و (٤)ئوتیل و خواردنەوە و لقێكی باتە و دجلە بۆ فرۆشتنی پێڵاوی تێدابوو.

یەكەم قوتابخانە لە خانەقین لە ساڵی (١٨٨٧) لەسەردەمی عوسمانیدا لە عالیاوە دامەزراوە لە لە دواییدا (٢) قوتابخانەی ئامادەیی كوڕان و كچان و (٣) قوتابخانەی ناوەندی و (٦)قوتابخانەی سەرەتایی كوڕان و كچان و (١) نەخۆشخانەی گشتی و (٢) بنكەی تەندروستی (١)بنكەی بەیتەرە و (١) دەرمانخانەی تێدا بووە.

بەهۆی ئەو پاشخانە دەوڵەمەندەی خانەقین، بەتایبەت لەبواری كلتوری و كۆمەڵایەتی وبەهۆی ئەوەش كە شارێکی پیشەسازیش بووە، هەمیشە خەڵكەكەی خاوەن ئاستێكی بەرزی هوشیاری بوون، بۆ نموونە؛ لە خانەقین سوڵحی عەشائیری نەبووە، بەردەوام خەڵكەكە  پابەندی یاسا بوونەو بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان پشتیان بە یاسا بەستووە نەك عەشیرەت و عەشیرەتگەری. ئەمە دەرخەری ئاستی مەدەنیەت و

شارستانیەتی شاری خانەقینە كە چەند گەشەكردو و پێشكەوتوو بووە، ئەگەر لە گەڵ شارەكانی دیكەی بەراوردی بكەین.

 بۆ گرنگیدان بە كشتوكاڵ و خاكەكەی، لە سەردەمی حوكمی عەبدولكریم قاسمدا لەرێگەی جۆگەی (باڵە جوو)ئاو لە رووباری سیروانەوە بۆ خانەقین هێنراوە ، ئەمەش بۆتە هۆی  بووژانەوەی كشتوكاڵ لە دێهاتەكانی ئەو ناوچەیە و بۆتە سەرچاوەیەكی  دابینكردنی ئاوی خواردنەوەش بۆ شارەكە، لە رۆژ هەڵاتی شار  جۆگەی باڵە جوو لەگەڵ ئەڵوەن یەك دەگرنەوە و بەشێكیشی دەرژێتەوە ناو (كۆردەرە )و ئەمیش لە خوارەوەی خانەقین خۆی ئەخزێنێتە ناو ئەڵوەنەوە، 

وەزیری كشتوكاڵی عیراقی لە سەردەمی عەبدولكەریم قاسم خەڵكی خانەقین بووە كە ناوی (عادل جەلال ) بوو، ئەفسەری پلەبەرزی سوپای عیراق بووە، لەگەڵ (ضباط الاحرار) لە شۆرشی (١٩٥٨) بەشدار بووە لەنێوان (١٩٦١-١٩٦٣) وەزیری كشتوكاڵ بووە.

مام جەلال دەیگێرایەوە كاتی خۆی خەڵكی خانەقین بەهۆی زۆرداری حاجی جەلالی باوكی عادل لە بەرامبەر وەزارەتی بەرگری عیراق لە بەغدا خۆپیشاندانیان كردووە بە دروشمی (عەبدولكەریم قارەمان،حاجی جەلال خواردەمان )

خانەقین و نەجەف دوو گەورەترین قەزای عیراق بوون، دواتر نەجەف كرا بە پارێزگا و خانەقینیش وەكو خۆی مایەوە بە بیانووی نزیكی لە سنوری ئێران، رژێمی بەعس هیچ بایەخی  بەم شارە نەئەداو هەر خەریكی بچووكردنەوەی بوو لە رووی ئیدارییەوە،هەوڵی ئەدا  بیكات بە ناحیە و بیخاتە سەر (جەلەولا )و لەجیاتی خانەقین بكات بە قەزا

 بە بەهانەی ناكۆكی و ململانێی نێوان ئێران و عیراق شارە سنووریەكانی وەكو مەندەلی و خانەقین و هەڵەبجە و پێنجوێن ....هتد لە لایەن رژێمەوە پشتگوێ دەخران،  بە پێچەوانەی ووڵاتانی رۆژئاوا كە چەند بایەخ بە شارە سنووریەكانیان  دەدەن  تەنانەت دەیكەن بە پایتەختیش وەكو كۆبنهاگن و برۆكسل و جنێف و چەندانی تر.

 سەرەڕای نەهامەتیەكان پەیوەندی كۆمەڵایەتی لەم شارەدا بەهێز بووە، كورد هەمیشە لە خانەقین  زۆرینە بووە ،توركمان و عەرەبی( معدان)گامیشەوان و ژمارەی كەم لە فەرمانبەرانی عەرەبی  گوێزراوە بۆ یەكە ئیداریەكانی خانەقین هەبوون

لە شارەكەدا، سونە و شیعە و كاكەیی و ئەرمەن و سابیئە و مەسیحی یەهودیش هەبووە،  هەموان بە بێ جیاوازی دەژیان لە غەم و خۆشی پێكەوەبوون، مەراسیمی عاشورا و زكری دەروێشەكان و شەوچرای كاكەیەكان و سەری ساڵی مەسیحیەكان بەبێ جیاوازی و ترس هەمویان لە خانەقین ئەنجامدەدران. 

بەهۆی خەسڵەتە هەمەجۆرەكانیەوە خانەقین هەرچەندە لەرووی ئیداریەوە قەزا بووە، بەڵام خەسڵەتی شاری هەبووە، لەرووی پێكهاتەوە هەمەچەشن، باشخانێكی دەوڵەمەندی رۆشنبیری، پیشەسازی، ئەمە وایكردوە كە سیما شارستانیەكانی لە هی بەشێك لە پارێزگاكان دەوڵەمەند تر بن.

تەنانەت تیپی تۆپی پێی خانەقین هەموو پێكهاتەكانی لەخۆ گرتبو،  یەكێك لە تیپە بەهێزەكانی پارێزگای دیالە بوو، كچانی خانەقین بەشداری چالاكی وەرزشی قوتابخانەكانیان دەكرد لە سەر ئاستی عیراقدا، ئەمەش بۆ ئەو سەردەمە دەگمەن بوو،

 لە چلەكانی سەدەی رابردوو، مونەوەرەكانی ئەم شارە بەشداری بزوتنەوەی كوردایەتیان كردووە،  لەریزەكانی حزبی  رزگاری و شۆرش و هیوا خەباتیان كردووە، لەوانە رەشید باجەلان و مەلا سەی حەكیم و عزیز پشتوان و شێخ موراد و چەندانی تر

پێشتریش لە شۆرشی بیست و شۆرشی شێخ مەحمود و دواتر لەشۆرشی ئەیلول و شۆرشی نوێشدا خانەقینیەكان نەك درێغییان نەكردووە بەڵكو بەشداری كاریگەری و بەرچاویان هەبووە.

 لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول لە شارەكەدا پارتی بە هەردوو باڵەكەیەوە، (مەلایی)و (جەلالی)، حزبی شیوعی بە لیژنەی مەركەزی و قیادەی مەركەزی هەبوون، لە دوایشدا حیزبی بەعس لە ناو عەرەبە هاوردەكان بە موتوربەی ژمارەیەكی كەمی خەڵكی خانەقین پەیدابوو، ئەو كاتە هیچ حیزبێكی ئیسلامی نە شیعە و نەسونە لە شاری خانەقین بوونیان نەبوو.

لە رووی رۆشنبیریشەوە  ئەم شارە خاوەن چەندین كەسایەتی ناسراوە، لەوانە عەبدولمەجید لوتفی و شێخ موراد و  مەلا عەبدوڵلای بێداری  و مەلا مەحەمەدی جوانرۆیی و مامۆستا موحیەدین و مەجید غاندی و ئەحلام مەنسورە،

لە بواری هونەریشدا خاوەنی  خەڵكانی وەكو ئیسماعیل خەیات و سەباح موحیەدین و نەجم مەحەمەد ئەمین وخەلیل زەهاوی و خوداداد عەلی و خەلیل وەندی و فایق حەسەنە.

هەر بۆ نموونە رشتەی بەشێك لە ناودارانی خانەقین لەو سەردەمەدا ئەمانە بوون : عەلی خان، فەتحوڵلا بەگ، تاهیر عوزێر، شێخ وەهاب، كوێخا سالم، حسین بەگ، موفتی مودەرس، سەید مەحەمەد شوبەر، میرزا رەحیم زەنگەنە ،ئەكرەم ئەفەندی،راغب بێگ، حەسەن ئەفەندی، وسمان بەگی شەرەفبەیانی ،كامل خەماسە، ئەوانەی من بەخەیاڵمدا هات ئەمانە بوون، بە راستی داوای لێبوردن دەكەم كە نەمتوانی لەم نووسینە كورتەدا هەموو لایەنەكان باس بكەم و ناویان بێنم، 

لە كۆتایدا ئەو دێرە بەناوبانگەی مامە (جەمال ئاغا)  قەرز دەكەم  و لەسەر مەزهەبی ئەو زاتە کە دەڵیت :بەهەشت لە سەر شێوەی سولەیمانی دارێژراوە!

 منیش دەڵێم:خانەقین لە سەر شێوەی بەهەشت دامەزراوە!

نوسینی /  عیماد ئەحمەد

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket