riklam

لێنەگەڕێن خۆپیشاندان ببێتە خۆنیشاندان........!

بیروڕا 12:42 PM - 2020-12-19
.

.

 خۆپیشاندان بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و تەواوی بنەما كارپێكراوەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان و دەستور و یاسا و ریساكانی زۆربەی وڵاتان بە عێراقیشەوە مافێكی سەلمێنراو  و پێدراوە بە هەموو كەس و لایەن و گروپەكان، بەڵام لەچوارچێوەی كۆمەڵێك رێنمایی و رێو شوێن، لە هەرێمی كوردستانیش یاسایەك بۆ ئەو مەبەستە بەركارە، لە ژێر رۆشنایی ئەو راستیانەدا،

دەبێت ئازادی تەواو بڕەخسێت بۆ خۆپیشاندان ، هیچ كەس و لایەنێك نابێت رێگر بێت، لە هەمان كاتیشدا دەبێت هێزەكانی پۆلیس و چالاكیە مەدەنیەكان پارێزگاری لێبكەن و لێنەگەڕێن لێیان بشوێنرێتـ و بەلاڕێدا ببرێت، لە راستیدا رێپێوان و خۆپیشاندانی هێمنانە و دوور لە توند و تیژی هەم بۆ دەسەڵات هەمیش بۆ كۆمەڵانی خەڵك سود و لێكەوتەی باشی لێدەكەوێتەوە، لە پێشدا بۆ دەسەڵات، بەشێوەیەك لەكاتی بەڕێوەچونی بەپێی برەنسیپ و مەبادیئەكان بە هێمنانە وێنایەكی باش بە ناوەندە نێو دەوڵەتیەكان نیشان دەدات كە ئەوە لایەنی بەرپرسە رێ خۆشدەكات بۆ ئەوەی خەڵك رای خۆی دەربڕێت و رێگری ناكات لەو بنەما دیموكراسیە گرنگە بگرە دەشیان پارێزێت، دواجار بۆ خودی ئەوانەش باشە كە پێی هەڵدەستن، ئەوە دەردەخات كە ئەو خەڵكە لە ئاستێكی بەرزی رۆشنبیرین و  ممارەسەی ئەو مافە  بە شێوەیەكی زۆر مەدەنیانە دەكەن، ئەوەی مایەی نیگەرانیە ،

زۆر جاران خۆپیشاندانەكان توند و تیژی لێدەكەوێتەوە و دەگۆڕێت بۆ خۆنیشاندان و كەسانێك هەلەكە دەقۆزنەوە و سواری شەپۆلی ناڕازاییەكان دەبن و بۆ مەبەستە تایبەتیەكانیان ئاراستەی دەكەن، بەپێی چاودێری كردنمان بۆ ئەو خۆپیشاندانانەی لەو چەند رۆژە ئەنجامدرا، سەرەتا كێشەیەكی ئەوتۆی تێدانەبوو، مەعلومیشە لەبەر ئەم بارودۆخە ناهەموارە بوو كە مامۆستایان و فەرمانبەران بەتایبەتی و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی و بە بێ جیاوازی تێی كەوتون، زۆر ئاساییە كاتێك 60 رۆژ موچە نەدرێت و خزمەتگوزاریەكان وەكو پێویست نەبێت، لەدوا تونێلیش روناكیەك بە دینەكرێت، شەو و رۆژیش بە خەڵكەكە بوترێت موچە هەموو شتێك نیە، گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا بەردەوام بەرزی و نزمی تێدا بێت و خاوەخاوەی  پێدا بكرێت،

ئەی ئەو خەڵكە چی بكات؟ هەر دەبێت خۆپیشاندان  بكات و ناڕەزایی دەرببڕێت بۆ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار تێبگات و دەست و برد بكات لە چارەسەركردن، چونكە مۆنتیسكو دەڵێت ( دەسەڵات هەمیشە رو لە گەندەڵیە، هەر دەسەڵاتیشە رێ لە دەسەڵات دەگرێت)، واتە ئەگەر كۆمەڵانی خەڵك لەسەر مافەكانی خۆیان هەڵنەدەنێ ئیتر دەسەڵاتدارەكان بوغرا دەبن و باكیان بەكەس نابێت، بۆیە دەبێت بەشێوەیەكی شارستانیانە و مەدەنیانە رێ لەو بوغرایی و بێباكیەیان بگیرێت، بەڵام دەبێت وشیار بن و لێنەگەڕێن خۆپیشاندان ببێتە خۆنیشاندان، ئەو مافە ئاسایی و پێدراوەیان ببێتە سەكۆ بۆ خۆ بە پاڵەوان كردنی كەسانێك كە خودی خۆیان بەشێك بوونە لەو دەسەڵاتە و لەماوەی رابردوودا سەروەت و سامانی ئەم خەڵكەیان دادۆشیوە، لەوەدا جێی خۆیەتی بەقەد ئەوەی خۆپیشاندەران مەبەستیانە داواو داخوازیە رەواكانیان بگەیێنن و دەسەڵات لەو بێباكیە هایدار بكەنەوە، بەو كەسانەش بڵێن وازبێنن، دەم و چاوی دەمامك دراوی ئێوەمان ناوێ چیتر یاری پەت پەتێن مەكەن، كوردستان بانێك و دوو هەوا نیە لەلایەك فریشتەی بێ وەی بن، لەلایەكیتر پاڵەوانی تێكدان و پێكدادان .  

ن: عەبدولواحید محەمەد 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket