riklam

ستراتیژی بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزانی

ژنان‌ 07:53 PM - 2020-12-04
.

.

توندوتیژی خێزانی بەگشتی و توندوتیژی بەرانبەر ژنان بەتایبەتی یەکێکن لەو بابەتانەی پێویستیان بەکاری هاوبەش وهاوکاری وکاری پێکەوەیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت کەمبکرێنەوە ودواجاریش بنەبڕبکرێن.

لە هەرێمی کوردستان توندوتیژی دژی ژنان وبەقوربانیبوونی ژنان لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە، سەرەڕای داڕشتنی یاسای تایبەت ودامەزراندنی دەزگای پۆلیس و دامەزراوەی تایبەت بەو بابەتە، بەڵام دیاردەکە بەشێوەی زەقتر وتوندوتیژانەتر خۆی دەنوێنێت ولێرە ولەوێ بەشێوەی مەترسیدار دووبارە دەبێتەوە، ئەوەیشی زیاتر وایکردوە دیاردەکە بنەبڕ نەبێت وبگرە مەترسیداتر پەرەبسێنێت ئەوەیە کاردانەوەکانی کۆمەڵگە وڕێکخراوەکان لەبەرامبەریدا تەنها شتێکی کاتین ودوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسە هەر تاوانێکی ژن کوشتن وتوندوتیژیدا ئیتر لەبیردەچێتەوە وهەوڵەکانیش سارد دەبنەوە، هەتا ئەوکاتەی دیسان تاوانێکی تر ڕوودەدات ویژدانی هەمووان دەهەژێنێتەوە!

لێرەدا پێویستە سەرنج بخەینە سەر ئەوەی کە دەزگاکان وڕێکخراوەکان وچالاکوان ولایەنە پەیوەندیدارەکان بە ڕوانگەیەکی ستراتیژی تەماشای بابەتی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ناکەن، واتا بەرنامەیەکی گشتگیری کارکردن بوونی نیە کە بەدرێژایی ساڵ وبەپێی قۆناغ کاری لەسەر بکرێت، بەڵکو هەوڵەکان تەنها کاردانەوەی پڕ کەفوکوڵن ودوای ماوەیەک لەبیردەچنەوە یان لەبیر دەکرێن.

بێگومان ئەم کەمتەرخەمی ونەبوونی ستراتیژە سەرەڕای ئەوەی بابەتەکە لای کۆمەڵگە ئاسایی دەکاتەوە و وایلێدێت وەك تاوان تەماشای نەکات، لەهەمان کاتدا بووە بەهۆی ئەوەی ڕەوتی یاسایی سزادانی تاوانکارەکانی توندوتیژیش وەک پێویست بەرەوپێشەوە نەچن و زۆر جار کەیسەکان دیزەبەدەرخۆنە دەکرێن ولە ژێر بیانوی جۆراوجۆردا دۆسیەکان دادەخرێن وقوربانیەکان ناگەن بەمافی خۆیان وتاوانکارانیش سزای خۆیان وەرناگرن وقوتار دەبن!

لێرەوە و لەبەرەنجامی ئەو ڕاستیانەی سەرەوەدا دەتوانین بڵێین پێویستە ڕوبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرانبەر ژنان بکرێتە ئامانجێکی ستراتیژی و کاری بەردەوامی لەسەر بکرێت، بۆنە و یادەکان بکرێنە ڕۆژی خستنە ڕووی ئاماری چالاکی و کارەکان نەک تەنها لەو بۆنانەدا کار وچالاکیەکان بکرێن، گرنگیشە ئەو بۆنە جیهانیانە بکرێنە وێستگەی کارکردنی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان وداڕشتنی بەرنامەی گشتگیری هاوبەش لەپێناو یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ لەبێخەوە هەڵکێشانی هۆکارەکانی توندوتیژی وکەمکردنەوەی توندوتیژی بەشێوەی قۆناغ بەقۆناغ هەتا دەگەینە بنەبڕکردنی دیاردەکە بەتەواوەتی، چونکە ئەوە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان وبەقوربانیکردنیان بووە بە هەڕەشەیەکی ترسناک بۆ سەر  ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان.

دڵسۆز ڕەسوڵ.

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket