riklam

قوباد تاڵه‌بانی داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی دوو یاسا ده‌كات

ژنان‌ 01:05 PM - 2020-12-03
.

.

قوباد تاڵه‌بانی رایده‌گه‌یه‌نێت، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ یاسای باری كه‌سێتی و یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی هه‌موار بكرێنه‌وه‌.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی راوێژكاریی یاسایی تایبه‌ت به‌ پرسی ژنان و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی یاساكاندا پێشكه‌شی كردو رایگه‌یاند: دوای نۆ ساڵ كاركردن به‌ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی هه‌ندێك له‌ كه‌موكوڕییه‌كانی یاساكه‌ ده‌ركه‌وتووه‌و پێویسته‌ ئه‌م یاسایه‌ و هه‌روه‌ها یاسای باری كه‌سێتی هه‌موار بكرێنه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمانه‌وه‌ رێكخرابوو و ژماره‌یه‌ك له‌ دادوه‌ره‌كان و نوێنه‌رانی داواكاری گشتیش ئاماده‌بوون، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت داوای له‌ داواكاری گشتی كرد رۆڵی كاراتر ببینێت به‌ تایبه‌ت له‌ دۆسیه‌ی ژن كوشتن و رێگه‌ نه‌درێت تاوانباران به‌ سوڵحی عه‌شایه‌ری و ده‌ستێوه‌ردانی كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو خۆیان له‌ سزای یاسایی بدزنه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌یدا به‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری دادگاكان و رایگه‌یاند: ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ و پێویسته‌ دادوه‌ره‌كان له‌پێناو كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست و پاراستنی متمانه‌ و شكۆی خۆیان خۆڕاگربن له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستێوه‌ردانه‌كاندا و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ پشتگیری خۆی بۆ دادوه‌ره‌كان ده‌ربڕی.

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ره‌خنه‌ی له‌شێوازی جێبه‌جێكردنی یاساكانیش گرت و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا پێویسته‌ یاساكان وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن. باسی له‌وه‌شكرد كه‌ جاری وا هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ فه‌رمانبه‌رانی دادگاكان هه‌ڵسوكه‌وتیان باش نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ تاوانلێكراواندا و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ تاوانلێكراو پاشگه‌زبێته‌وه‌ له‌ تۆماركردنی سكاڵا. 

له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ كارنامه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌دا بكرێت كه‌ ره‌فتاری گونجاویان نییه‌ له‌گه‌ڵ تاوانلێكراوان یان راهێنانی زیاتریان پێ بكرێت له‌م بواره‌دا.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket