riklam

لەیادی 25ی نۆڤەمبەردا.. بكوژ یەك، پاڵنەر هەزار

ژنان‌ 11:21 AM - 2020-11-25
.

.

ساڵی 2019 لەوڵاتی فەرەنسا، رێژەی توندوتیژی دژ بەژنان ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرد، وكۆی حاڵەتەكانی كوشتنی ژنانیش لەنێو تۆمارە فەرمییەكانی ئەو وڵاتدا گەشتە 121 حاڵەت..  هەڵبەتە خودی ئەو ڕووداوە بۆ  فەرەنسییەكان، وكابینە حكومییەكەی ئیدوارد فیلیپی سەرۆك وەزیرانیش شۆكێكی چاوەروان نەكراو بوو ئەو دەمەی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی توندوتیژی دژ بەژنان، وتی ( پەراوێزخستنی دۆسیەكانی ژنان، بەردەوامبوونمان لەسەر ڕەگی پیاوسالاری بووە هۆكاری گیان لەدەستدانی ژنانی وڵاتەكەمان).. هەر لەهەمان كۆنگرەی رۆژنامەوانیشدا پلانی حكومەتەكەی بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی حاڵەتەكانی توندوتیژی خستەڕوو كەبریتی بوو لەپێكهێنانی ژووری فریاكەوتنی خێرا لەنێو دادگاكان بەمەبەستی چارەسەركردنی خێرای دۆسییەكانی توندوتیژی لەسەقفێكی زەمەنی دیارێكراو ( 15 رۆژ)، وهەروەها دروستكردنی 250 شێلتەری تایبەت بەداڵدەدانی ژنانی هەڵهاتوو لەتوندوتیژییە خێزانییەكان لەسەرتاسەری ناوچە جیاوازەكانی وڵات بەگوژمەی 5 ملیۆن یۆرۆ.. ئەمە لەفەرەنسا... ئەی لەهەرێمی كوردستان ئەبێت سەرۆك وەزیرانەكەی چێ بلێت، وچ پلانێكی هەبێت بۆ سنوورداركردنی حاڵەتەكانی ژنكوژی لەهەرێمێكی چەند هەزار كیلومەتریدا  كەرۆژانە ژن تێدا بەدەیان ناونیشانی جۆراوجۆر دەبێتە قەڵغان بۆ پاراستنی شەرفی نێرینەكانی كۆمەڵگا..  یاخوود لەسەر پاراستنی كەرامەت وناسنامەی خۆی راپێچی ژوورە تاریكەكانی گرتوخانەكان دەكرێت؟ !.

هەڵبەتە بەراورد لەنێوان دەوڵەتێكی زلهێز لەڕووی جوگرافی، شارستانی وسەرمەشق لەزۆر بواردا لەگەڵ هەرێمێكی 4 ـ 5 ملیۆن كەسی وگیرۆدە بەسەدان نەگبەتی سیاسی، كۆمەڵایەتی ، فیكری ورۆشنبیری دەشێت شیكردەوەیەكی هێندە دادپەروەرانە نەبێت بەڵام، خۆدەكرێت حكومەتە خنجیلانەكەی ئێمەش هاوشێوەی فەرەنسییەكان كار لەسەر بەرهەمهێنانی ئەقڵیەتێكی سیاسی ـ كۆمەڵایەتی مۆدێرن بكات كەبتوانێت دان بەخاڵە لاوازەكان بنێت ونوقمبوون لەدنیای پیاوسالاری وەكو خاڵی هەرە جەوهەری لەتەشەنەكردنی مەترسییەكانی دیاردەی توندوتیژی بەمانا گشتییەكەی بۆسەر ئاشتی كۆمەلایەتی وخێزانی بناسێنێت، ورێگاچارەی بۆ بدۆزێتەوە.. لەوەش گرنگتر دروشمە بریقەدارەكانی (لەووتارەوە بگۆرێت بۆ كردار)، ودواجاریش خودی ئەو كردارە بەیاسا لەناو بیروهۆشی تاك بەتاكی كۆمەڵگا بچەسپێنێت..  لەرێگای گۆرێنی ئەقڵییەتی سیاسییەوە كار لەسەر گۆرێنی تێروانینە باو وكلاسییەكانی كۆمەڵگا بكات بەرامبەر بەدۆسییەكانی ژنان..  چونكە، دواجاردا بمانەوێت یاخوود نا ئیفلیج بوونی سیستەم وئەقڵییەتی سیاسی لەهەر وڵات وسیستەمێكی حوكمرانیدا سەرەكیترین هۆكارە بۆ بۆگەنی وئیفلیج بوونی كۆی سێكتەرو دامەزراوەكانی تریش كەراستەوخو پەیوەندیان بەشێوازی ژیانی كۆمەلایەتییەوە هەیە بەپلەی یەكەم.

هەموو لایەكمان ئاگادارین كۆمەڵگای كوردی لەئێستادا بەقۆناغێكی كۆمەلایەتی سەختدا تێدەپەرێت.. ودیاردەی كوشتن بەگشتی وژنكوژیش بەتایبەتی بۆتە سیما هەر دیارەكەی،  ویەك لەهۆكارەكانی ئەم دۆخە ناهەموارەش دەكرێت بلێن خودی ئەقڵییەتی سیاسی باڵادەست خۆیەتی لەهەرێمی كوردستاندا.. بەوپێیەی هەر خودی ئەو ئەقڵییەتەیە تەحەكوم بەكۆی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمەوە دەكات، بەتایبەتیش دامەزراوە یاساییەكان..  مخابن نەیتوانیوە جدیانە كار لەسەر هاتنەكایەوەی دامەزراوەیەكی یاسایی تۆكمە بكات كەژیانی تاكەكان بەگشتی وژنایش بەتایبەتی لەسایەیدا پارێزراوبێت.. دۆسییەی ژنكوژی لەهەرێمی كوردستان مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە وساڵ بەدوای سالێش لەتەشەنەكردن دایە،  هەموو ئەو ژنانەی دەكوژێن لەڕوانگە كۆمەڵایەتێكەوە یان باری دەروونیان ناجێگیرە، یانیش بەبیانووی پاراستنی شەرفەوە قڕكراون ! كەچی هیچ كام لەو دۆسیانە بۆچركەیەكیش دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەیان نەهێنایە ئاگاو ڕاینەچەڵەكاندن بەڵكو، زیاتر ڕووەو قۆناغی مت بوونی كردنەوە واتا كردینی بەحكومەتێكی تەواو ئیفلیج لەئاست كێشەو نەهامەتییەكانی ژناندا.

سنورداركردنی دیاردەی ژنكوژی، بە هاوخەمێك لەپشتی تۆرە كۆمەلایەتییەكانەوە بنبڕنابێت ونابێتە قەرەبوویەكی مەعنەوی بۆخوێنی بەفیرۆچووی سەدان ژنی ستەملێكراوی ئەم مەملەكەتە... بەڵكو، بەكوشتنی ئەقڵییەتی پیاوسالاری ونێرگەرایەتی لەبیرو زهنییەتی تاك، سیستەمی حوكمرانی، وتەنانەت ئەو لایەنانەش كەخۆیان بەداكۆكیكەر لەمافەكانی ژنان دەزانن بنبڕ دەبێت ! .

ژیان وكەرامەتی ژنەكان كاتێك  پارێزراو دەبێت، سیستەمێكی سیاسی ودادوەری بوێری وا بەرقەرار بێت، كە بتوانێت نەفرەت لەئەقڵییەتی خێڵ بكات وتاك بكاتە سەنتەرو، ونەبێتە پەناگەی باڵا بۆ پاراستنی تاوانبارانی دۆسییەكانی ژنكوژی بەڵكو، یاسایەك بێت بۆ پاراستنی خودی شكۆی یاسا پێش هەر كەس ولایەنێكی تر... ئایا ئێمە لەكوردستاندا گەشتوینەتە ئەم قۆناغانە ؟؟.

نووسینی/ ئەڤین ئەحمەد

PUKmedia تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket