riklam

هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستپێدەكات

ژنان‌ 11:01 AM - 2020-11-25
.

.

25ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، لەوچوارچێوەیەشدا ساڵانە لەكوردستان رێكخراوەكانی ژنان چەندین كار و چالاكی رێكدەخەن بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەدژی ئەو توندو تیژیانەی لە كوردستان رووبەرووی ژنان دەبێتەوە.

ئەمساڵیش لە كوردستان هەڵمەتێكی 16 رۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان راگەیەنرا، لەشاری سلێمانی-یش، زیاتر لە 35 رێكخراوی كوردستان و عیراق و جیهان لەژێر دروشمی (هەوڵەكانمان یەكدەخەین بۆ رێگریكردن لە كوشتن لەژێر ناوی شەرەف) چەند چالاكییەكیان ئەنجامدا.

مێژووی ناولێنانی 25ی نۆڤەمبەر بەڕۆژی توندوتیژی دژی ژنان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، لە دۆمینیكان لەساڵی 1937 نزیكەی 15 تا 25 هەزار كەس بەبیانووی ئەوەی پێستیان رەشە لەژێر دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی جەنەراڵ رافائیل تروجیللۆدا دەكوژرێن، لە هەمان كاتدا دەرگا بە رووی سپی پێستەكانی جولەكە راكردووەكاندا دەكرێتەوە و لەو سەرو بەندەشدا و لە25ی نۆڤەمبەردا بەشێوەیەكی نامرۆڤانە و دوور لەهەموو بەهایەكی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی، سێ خوشك بە ناوەكانی (مینیرفا ،پاتریا ،ماریا )دەڕفێنرێن و دواتر دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەریان و دەكوژرێن.

هۆكاری ئەشكەنجەدان و كوژرانی ئەو سێ خوشكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هەر لە زووەوە هەستیان بە توندوتیژییەكانی كۆمەڵگە كردووە دژ بەژنان و دوایی ئەوەی یەكێك لەخوشكەكان بە هەڵگری بیرۆكەی چەپەكان دەناسرێت لە خوێندنگەكەیاندا، ئیتر لەو كاتەوە هەرسێ خوشكەكە چەندین جار دەستگیر دەكرێن و ئازاد دەكرێنەوە، تا لەساڵی 1959 دا لەگەڵ هاوسەرەكانیان و ژمارەیەك لە هاوەڵەكانیان دژ بە رژێمی رافائیل بزووتنەوەی چواردەی شەش رادەگەیەنن، دواتر لەلایەن رژێمی ئەوكاتەی دۆمینیكانەوە هاوسەرەكانیان دەستگیردەكرێن و پاش ئەوەی بەمەبەستی بینینیەوەیان هەرسێ خوشك سەردانی زیندانییەكان دەكەن، لە كاتی گەڕانەوەیاندا بە شێوەیەكی نهێنی دەستگیر دەكرێن و ئازارو ئەشكەنجە دەدرێن و لەگەڵ شوفێرەكەیاندا دەكوژرێن، دواتر ئوتومبیلەكەشیان لە شاخێكی بەرزی ناوچەكە فڕێ دەدەنە خوارەوە كە گوایە بە كارەساتی ئوتومبیل گیانیان لەدەستداوە، بەڵام خەڵكی دۆمینیكان بەم پیلانە دەزانن و بێزاری خۆیان لە دەسەڵات دەردەبڕن، پاش شەش مانگ دواتر دیكتاتۆر ڕافائیل لەبۆسەیەكدا دەكوژرێت.

دواتر لە ساڵی 1980 گروپێك لە فیمینیستەكانی ئەمریكای لاتین لە كۆلۆمبیا كۆدەبنەوە رایدەگەیەنن كە 25 نۆڤەمبەر دەكەن بە رۆژی بەگژدا چوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان.

دوای ئەم كارەساتە هەموو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەوكەس و لایەنانەی كە بڕوایان بە ئازادی ژن و مافەكانی مرڤ هەبوو كەوتنە خۆ بۆ وشیاركردنەوەی ژنان و ناساندنی مافەكانیان، رەخنەگرتن لەهەموو ئەو كارە نەشیاوانەی كە بە ژنان دەكرا لە جیهاندا .

له 17 دیسەمبەری ساڵی 1999 كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەی هەشتاو سێیەمیدا، بڕیاریدا بە لەخۆگرتنی پرۆژەی (25 نۆڤەمبەر وەك رۆژی جیهانی بنەبڕكردنی توندوتیژی دژی ژنان) ئەمڕۆژەش بۆ زیندوو راگرتنی یادی خوشكانی (میرابال) كە رۆژی تیرۆركردنی ئەو خوشكانە بوو زۆر دڵڕەقانە لە كۆماری دۆمنیكان و لە سەردەمی دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی (رافائیل تروخیۆ).

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket